Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا 11 منداڵی چەکدارانی داعشی ڕووسی ڕادەستی شاندێکی ڕووسی دەکات


ڕۆژی هەینی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 11 منداڵی چەكدارانی داعشیان ڕادەستی شاندێكی ڕووسیا كردووە.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکە، شاندێکی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری سەرۆکی کۆمیساری مافەکانی منداڵانی ڕووسیا ئیلێنا ئەلێکساندرۆڤا سەردانی بینای دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کردووە.

شاندی ڕووسیا کە بە ئامانجی پێشوازیکردن لە منداڵانی وڵاتەکانیان سەردانی قەمشلۆیان کردبوو، لەلایەن هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئێبیر ئەلیا و ئەندامانی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازییان لێکرا.

بە گوێرەی دەستەی پەیوەندییەکان، جێگری سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هێبێش ئێبیر ئیلیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و هەموو ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتی و منداڵیان هەیە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.

هه‌روه‌ها لای خۆیه‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ ڕووسییه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ وەرگرتنەوەی سه‌رجه‌م منداڵانی ڕووسی لە سوریا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بەڵگەنامەیەکی فەرمی ڕادەستکردنی منداڵەکانیان واژۆ کرد.

شایانی باسە تاوەكو رۆژی 21ی ئەم مانگە 13 جار منداڵانی ڕووسی ڕادەستی شاندەكانی ئەو وڵاتە كراون.

بەپێی دوایین ئامار کە لە دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەستی کەوتووە، لە کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتەدا، 265 منداڵ کە جەخت لەسەر ناسنامەی ڕووسییان کراوە، ڕادەستی ڕووسیا کراون.

شایانی بیرهێنانەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە دەستپێکردنی هەڕەشەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن تورکیاوە هۆشداری دایە ڕای گشتی نێودەوڵەتی.

بەڕێوەبەری خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری نەرێنی دەستبەجێی دەبێت لەسەر دۆخی ئەو کامپ و ناوەندانەی کە دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشیان تێدایە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چەندین جار داوای لە وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە هاوڵاتیانیان بگەڕێننەوە و کێشەی داعش چارەسەر بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەم کێشەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چارەسەر نەکراوە و ئەمەش مایەی نیگەرانی دەسەڵاتدارانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:26 0:00
XS
SM
MD
LG