Accessibility links

گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان دەستیپێکردووە


هەڵەبجە

مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە جارێکی دیکە لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست و ئاماژەیان بەوەکرد هێشتا سیمای دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت، لە یەک وەزارەتدا دووزۆن هەیە یەکێکیان مووچەیان وەرگرتووە و ئەوی دیکەیان کە ئێمەین چارەنووسی مووچەکانمان دیارنیە، کە بڕیار بوو پێش جەژن مووچەکانمان پێ بدەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی نوێی مووچەی ڕاگەیاندوە لەکاتێکدا ئێمە مووچەکانمان وەرنەگرتووە.

جارێکی دیکە مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ پێدانی مووچەکانیان گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست و وەک خۆیان دەڵێن ماوەی 50 ڕۆژە مووچەمان وەرنەگرتووە وئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لیستی نوێی مووچەی ڕاگەیاندووە، لە پارێزگای هەولێرو دهۆک هاووپیشەکانمان مووچەیان وەرگرتووە و ئێمەش نازانین چارەنووسی مووچەکانمان چین.

کاروان فەتاح نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ماوەی 50 ڕۆژە مووچەمان وەرنەگرتووە و لە ڕابردووشدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان بۆیە شکاند کە مووچەکانمان لە کاتی خۆیدا پێبدرێت، بەڵام ئێستا لە سنوری هەولێر و دهۆک هاوپیشەکانمان مووچەیان وەرگرتووە بەلام لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە هێشتا چارەنووسی مووچەکانمان دیار نیە".

هۆشمەند عەتا مامۆستایەکی دیکەی زانکۆی هەلەبجە و دەڵێت" بڕیاربوو پێش جەژن مووچە وەرگرین، بەلام هێشتا دیارنیە کەی مووچە وەردەگرین،نازانین بۆ ئەم زۆنانە و ئەم جیاوازیانە لەم هەرێمەدا هەیە، هیچ حسابێک بۆ ژیانمان بۆ ناکرێت".

سۆزان ئەحمەد فەرمانبەری زانکۆی هەلەبجەیە ودەلێت " دادەخران زانکۆکانی ئەم سنورە، بۆدەبێت ئەم وەزارەتی خوێندنی باڵایە لە نێوان دوو زۆندا نەتوانرێت مافی فەرمانبەرا ن و مامۆستایان بدات ، ئەم جۆرە مامەڵەیە لەکوێدا هەیە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لیستی نوێی مووچەی ڕاگەیاندووە بەلام لە ئێستادا چەند وەزارەتێک ماون کە مووچەی مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە ڕایانگەیاند بەردەوام دەبن لەسەر گردبوونەوەکانیان، هاوکات داوای بەرزکردنەوەی پلەکانیان دەکەن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:15 0:00
XS
SM
MD
LG