Accessibility links

تورکیا دەیەوێت لە نزیک قوبرس دەستبکاتەوە بە گەڕان بەدوای غازدا 


Cyprus Drilling Gas
Cyprus Drilling Gas

بەرپرسێکی باڵای قوبرس رۆژی چوارشەممە رایگەیاند مانگی داهاتوو تورکیا دەستدەکاتەوە بە گەڕان بەدوای غازی سروشتیدا لە نزیک دوورگەی دابەشکراوی قوبرس، ئەمەش چاوەڕێدەکرێت ببێتەهۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی نوێی دیپلۆماسی لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپادا.

یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2020 زۆری نەمابوو سزای ئەنقەرە بدات بەهۆی چوونی بۆ ناو ئاوە مشتومڕلەسەرەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ گەڕان بەدوای یەدەگی گازی سروشتی نوێدا.

تورکیا لە نزیک ئەو ئاوانە خەریکی کونکردنی خاک (دریڵینگ) بوو. ئەو ناوچەیە لەلایەن یۆنان، کە رکابەری مێژووی تورکیایە، و کۆماری تورکی باکوری قوبرس (TRNC)، کە تورکیا خۆی رایگەیاندووە، بە بەشێک لە خاکی خۆیانی دادەنێن. تەنیا ئەنقەرە دان بە باکوری قوبرسدا دەنێت.

قەیرانی ساڵی 2020 ئەو کاتە کاڵبووەوە کە تورکیا کەشتییەکی لێکۆڵینەوەی لەو ناوچەیە کشاندەوە کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان و کونکردنی لە نزیک دوورگەکە ڕاگرت.

بەڵام فواد ئۆکتای، جێگری سەرۆک کۆمار، لە میانی سەردانێکیدا بۆ TRNC کە هاوکات بوو لەگەڵ پشووی نیشتمانیی دەوڵەتە جیابوەکە، وتی تورکیا مانگی داهاتوو دەست دەکاتەوە بە کونکردن لە دوورگەکە.

کەناڵی ئێن تی ڤی لە زاری ئۆکتایەوە بڵاویکردەوە، "سەرچاوە هایدرۆکاربۆنیەکانی دەریای ناوەڕاست بوکەڵەی یاریکردنی دەست قوبرسییە یۆنانییەکان نییە".

گوتی، "کەشتی کونکردنی عەبدولحەمید هانمان بەنیازە مانگی داهاتوو دەست بە کارەکانی بکات لە دەریای ناوەڕاستدا."

ئەم لێدوانەی ئۆکتای لە کاتێکدایە کە لە ئێستاوە گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە بەرزبوونەوەدایە.

یۆنان تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکات سەدان هێرشی سەربازی نایاسایی لەسەر زنجیرە دوورگەکانی نزیک دەریای ئیجە ئەنجامداوە.

تورکیا یۆنان تۆمەتبار دەکات بە دانانی بنکەی سەربازی نهێنی لە دوورگەکان و ئەمەش پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.

XS
SM
MD
LG