Accessibility links

ڕوانینی کوردەکانی سوریا لەسەر کۆبونەوەی سێ قۆڵی تاران


دەسەڵاتدارانی کوردی سوریا هیچ هەڵوێستێکیان نیشان نەدا سەبارەت بە کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەی نێوان سەرکردەکانی وڵاتانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا کە ڕۆژی سێشەممە 19ی مانگ لە تاران کۆتاییهات.

بەپێی چاودێران، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە تاران بەبێ ئەنجام کۆتایی هات و تورکیا نەیتوانی پشتیوانی تەواو بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی لە باکووری سوریا بەدەستبهێنێت.

دڵبیرین خەلۆ چاودێری سیاسی دەڵێت، هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەدەستهێنانی چرای سەوز بۆ ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا شکستیهێنا. ناوبراو گوتی " لە لوتکەی تاراندا ئێران و ڕووسیا ڕێگەیان نەدا بە ئەردۆغان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەیدا کەڵک لە ئاسمانی سووریا وەربگرێت و ئەمەش تا ئەندازەیەک رێگری لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەکات."

لەلایەکی دیکەوە، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە، پوتین لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران کۆبۆوە، عەلی خامنەئی، بە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیای راگەیاند، ئێران دژی هەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیایە لە سوریا.

هاوکاتی لوتکەی سێ قۆڵی لە تاران، شاندێکی لەشکری ڕووسیایی بە سەرۆکایەتی سەرکردەیەکی هێزی ڕووسیا لە سوریا ئالیکساندەر چایکۆ سەردانی قامشلۆی کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گفتوگۆیان کرد.

بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی نۆرت پرێس کەسێکی کە زانیاری نزیکی لەسەر سەردانەکە هەیە گوتویەتی ڕووسیاییەکان جەختیان کردووەتەوە لە لە ڕەتکردنەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیا لە ناو خاکی سوریا.

ئەو چاودێرە ڕایشیگەیاندووە کە بڕیاری مۆسکۆ لەوبارەیەوە ڕوونە و شاندەکەی ڕووسیا داوای لە نوێنەرانی هەسەدەیان کردووە ڕێککەوتنی نێوان ئەوان و حکومەتی سوریا بەهێز بکەن.

لەلایەکی دیکەوە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی کورد لە سوریا داوا لە دەسەڵاتدارانی نێودەوڵەتی دەکەن کە ئاسمانی سوریا لەبەردەم فڕۆکەکانی تورکیادا دابخەن، هاوکات جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامادەن بەرگری لە خاکەکانیان بکەن ئەگەر تورکیا هێرشبکات.

XS
SM
MD
LG