Accessibility links

زیاد جەبار: لە بارەی یاسای هەڵبژاردنەوە هەموو لایەنەکان سازاوین تەنها پارتی نەبێت لەگەڵمان ناسازێت


زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ‌

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت" پرۆژه‌یه‌کمان پێشکه‌ش کردووه‌ بۆ هه‌موواری یاسای هەڵبژاردنەکان، واته‌ یه‌کێتی و ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ سازاون له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که‌ هه‌موواره‌که‌ی بکرێت،هه‌تا ئێستا پارتی له‌گه‌ڵمان نه‌سازاوه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک له‌ولاشه‌وه‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان ده‌ڵێت ده‌بێت بسازێین و سازان بکه‌ین له‌سه‌ر پرۆژه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و یاسای کۆمیسیۆن که‌ ئه‌وان داواده‌که‌ن سازان بکه‌ین له‌سه‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌کان دابنیشن و بسازێن له‌گه‌ڵیاندا، دەشڵێت" ماوه‌ی چوارساڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌موواری یاسای هه‌ڵبژاردن بکرێت فه‌رموون با یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موواربکرێته‌وه‌ و ڕێگری بکه‌ین له‌م گزی کردنه‌ی له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت ئێستا حیزبه‌که‌ی منیش تۆمه‌تبار ده‌کرێت و خه‌ڵک ئۆباڵی ئه‌مه‌ی خستۆته‌سه‌ر حیزبه‌که‌ی منیش، ئه‌گه‌ر حیزبه‌که‌ی من له‌ ڕابردوودا تۆمه‌تبارکرابێت به‌وه‌ی که‌ ته‌زویر ده‌کات، ئێستا هەر ئێمه‌ین ده‌مانه‌وێت پێشه‌نگ بین ڕێگری له‌م ته‌زویره‌ بکه‌ین و جارێکی تر حیزبه‌که‌ی منیش ڕووسوور بێت له‌به‌رده‌می خه‌ڵکی کوردستاندا خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی ده‌نگ بدات به‌و نوێنه‌ره‌ی ده‌یه‌وێت بچێته‌په‌رله‌مانی کوردستان. "

دوێنێ خه‌سره‌و گۆران به‌برسی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگه‌یاند "‌ یه‌کێتی هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی کوردستانه‌ له‌ 1ی ئۆکتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا به‌هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان له‌ یەکێتی ئاماده‌ نییه‌ هیچ دانیشتنێک به‌ڕێوه‌ببات بۆ کاراکردنه‌وه‌ی کۆمیسیۆن. "
وه‌کو سه‌رۆکی فراکسیۆن بۆچی یه‌کێتی هۆکاره‌ له‌دواخستنی هه‌ڵبژاردن وه‌کو کاک خه‌سره‌و ده‌ڵێت؟

" پێویستی به‌ سازانی نیشتیمانی هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌کان نه‌ک ته‌نها ئه‌و هێزانه‌ی که‌ له‌حکومه‌تن "

لە وەڵامدا زیاد جەبار وتی"یاسای هه‌ڵبژاردن و کۆمیسیۆن دوو یاسان پێشتر ئێمه‌ چه‌ندین جار ڕامانگه‌یاندووه،‌ که‌ ئه‌م یاسایانه‌ ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌ پێویست ده‌کات سازانی نیشتیمانی له‌سه‌ر بکرێت، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و دوو ڕێککه‌وتنه‌ی که‌ له‌ نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کراوه‌،هەروەها له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتیدا کراوه‌ سه‌باره‌ت به‌پێکهێنانی کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2019 له‌و ڕێککه‌وتنه‌دا ڕێککه‌وتنمان کردووه‌، له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م یاسایانه‌ ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌ و پێویستی به‌ سازانی نیشتیمانی هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌کان نه‌ک ته‌نها ئه‌و هێزانه‌ی که‌ له‌حکومه‌تن، وه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مووار بکرێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ 30 ساڵه‌ ده‌رچووه‌ و که‌موکوڕیه‌کی زۆری تێدایه‌ هه‌موو لایه‌کمان بڕوامان، به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت له‌به‌ر کۆمه‌ڵێک بابه‌ت له‌یاساکه‌دا هه‌یه‌ ئه‌م یاسایه‌ هه‌مووار بکرێته‌وه‌، ئێمه‌ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌مان له‌3-11-2021 سه‌رۆکی هه‌موو فراکسیۆنه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجامداوه‌ له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئێمه‌ باسی ئه‌وه‌مانکردووه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌م یاسایه‌ هه‌مووار بکرێته‌وه‌ 31-11-2021 هه‌تا 6-11-2022 واته‌ واده‌ی ته‌واوبوونی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانه‌ واته‌ ساڵێک و سێ ڕۆژ پێش ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌م پێشنیارەمان کردووه،‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وکاته‌ هێزه‌سیاسیه‌کان بمانتوانایه‌ بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن و یاساکه‌مان هه‌موواربکردایه‌ته‌وه‌ به ‌سازان زۆر به‌ئاسانی هه‌تا کۆتایی ساڵی 2021 ده‌مانتوانی هه‌م یاساکه‌ هه‌مووار بکه‌ینه‌وه‌ هه‌م کۆمیسیۆنیش کارابکه‌ینه‌وه‌، له ‌کاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. "

"یەکەم واژۆ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کردی، هه‌موومان ڕامانگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌م یاسایانه‌ نابێت به‌زۆرینه‌ و که‌مینه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان تێپه‌ڕێت"
سەرۆکی فراکسیۆنی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم زیاتر وتی" دواتر ئێمه‌ وه‌کو سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کان خۆمان کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان ئه‌نجامداوه‌ له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا یاداشتێکمان داوه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان، یه‌که‌م واژۆش سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی واژۆکه‌ی کردووه‌ که‌ داوامانکردووه‌ ئه‌م یاسایانه‌ ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وانه‌ی له‌په‌رله‌مانن سازان بکه‌ن به‌یه‌که‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌ک پێشکه‌ش بکه‌ین بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ئینجا بچێته‌ هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه،‌ کۆبوونه‌وه‌ی دوای ئه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان هاتن له‌گه‌ڵمان دانیشتن وتیان ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین ئێوه‌ بگه‌نه‌ سازانێک له‌سه‌ر یاساکه‌ هه‌موومان ڕامانگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌م یاسایانه‌ نابێت به‌زۆرینه‌ و که‌مینه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان تێپه‌ڕێت."

"هه‌تا ئێستا پارتی له‌گه‌ڵمان نه‌سازاوه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک له‌ولاشه‌وه‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان ده‌ڵێت ده‌بێت بسازێین"

زیاد جەبار لەسەر تۆمەتبار کردنی حیزبەکەی بە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم وت" سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان یان هێزێکی سیاسی بیه‌وێت هه‌ڵبژاردن دوابخات، ئێمه‌ هه‌موومان باسی سازان ده‌که‌ین و هه‌موومان بڕوامان وایه‌ ده‌بێت بسازێین یه‌کێتی له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌کانی تر بێجگه ‌له‌ پارتی پرۆژه‌یه‌کمان پێشکه‌ش کردووه‌ بۆ هه‌موواری ئه‌م یاسایه‌ واته‌ یه‌کێتی و ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ سازاون له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که‌ هه‌موواره‌که‌ی بکرێت ته‌نها پارتی نه‌سازاوه‌ له‌گه‌ڵمان هه‌تائێستاش ئه‌م کێشه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌، کاتێک من به‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و به‌ڕای گشتی بڵێم پێویستە بسازێن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و کۆمیسیۆن ئایا ئه‌وه‌ منم نامه‌وێت هه‌ڵبژاردن بکرێت یان ئۆباڵی بخه‌مه‌ سه‌ر خه‌ڵکی تر؟! هه‌تا ئێستا پارتی له‌گه‌ڵمان نه‌سازاوه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک له‌ولاشه‌وه‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان ده‌ڵێت ده‌بێت بسازێین و سازان بکه‌ین له‌سه‌ر پرۆژه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و یاسای کۆمیسیۆن که‌ ئه‌وان داواده‌که‌ن سازان بکه‌ین له‌سه‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌کان دابنیشن و بسازێن له‌گه‌ڵیاندا. "

" بۆچی نه‌خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی کار "
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی له‌ماوه‌یه‌دا که‌ کاتی که‌م ماوه‌ ئێوه‌ داوای هه‌موواری ئه‌م یاسایه‌تان کردووه‌ له‌کاتێکدا به‌م یاسایه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2018 و هه‌ڵبژاردنی تر به‌ڕێوه‌ چووه‌؟
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند" ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2019 پێش پێکهێنانی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پارتی ڕێککه‌وتمان کردووه‌ له‌سه‌ر هه‌مووار کردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌م هی پێش هه‌ڵبژاردن نییه‌، دووه‌م له‌ 3-11-2021 به‌فه‌رمی له‌کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی، ئێمه‌ پێشنیاری ئه‌مه‌مان کردووه‌ که‌ پرۆژه‌ ئاماده‌ بکه‌ین بۆ هه‌مووارکردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ وه‌کو وتم ساڵێک و سێ ڕۆژ پێش ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌یه‌، هەروه‌ها له ‌سه‌ره‌تای 2021 دا پرۆژه‌یه‌ک بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ پێشکه‌شکراوه‌، بۆچی نه‌خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی کار ئه‌مانه‌ هه‌مووی بابه‌تێکن؟ من جه‌خت ده‌که‌مه‌وه‌ نه‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و نه‌هیچ هێزێکی سیاسی من له‌کۆبوونه‌وه‌کانی یه‌کێتی وپارتیدا هه‌بووه‌ ئه‌ندام بووم له‌و لیژنانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک نه‌ به‌ئاماژه‌یه‌ک نه‌ به‌قسه‌کردنێک باس له‌دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان نه‌کراوه‌ . "

به‌ڵام له‌ڕووی واقیعیه‌وه‌ کۆمیسیۆن ده‌ڵێت شه‌ش مانگ پێویسته‌؟

لە وەڵامدا زیاد جەبار وتی" له‌ڕووی کردارییه‌وه‌ هه‌موومان ده‌ڵێین ئه‌مانه‌ ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌ پێویسته‌ سازانی له‌سه‌ر بکرێت ئه‌م سازانه‌ له‌نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ، نه‌وه‌ی نوێ، کۆمه‌ڵی دادگه‌ری، یه‌کگرتوو ئه‌م سازانه‌ کراوه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک و پێشکه‌شی په‌رله‌مانی کوردستانمان کردووه‌ و هه‌موویان ئیمزایان کردووه‌ ته‌نها پارتی نه‌بێت ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ خه‌ڵک بیخوێنێته‌وه‌ که‌ پارتی نایه‌ت سازان بکات ئه‌وه‌ نایه‌وێت هه‌ڵبژاردن بکرێت. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا‌ هه‌موولایه‌نه‌کان سازاون جگه ‌له‌ پارتی؟
لە وەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێم دەڵێت" به‌ڵێ، پرۆژه‌که‌ بۆ ڕاگه‌یاندن و بۆ ڕای گشتی بڵاوبوویه‌وه‌ که‌ پرۆژه‌یه‌که‌ و پێشکه‌شکراوه‌ بۆ هه‌مووارکردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ با هه‌موواری ئه‌و یاسایه‌مان بکردایه‌ته‌وه‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی که‌ داوایانکردووه‌ ئه‌م یاسایه‌ 30 ساڵ له‌مه‌وپێش ده‌رچووه‌ ئه‌و هه‌موو گۆڕانکارییه‌ له‌ ڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌تا ته‌کنه‌لۆجی له‌جیهان و له‌هه‌رێمی کوردستانیشدا ڕوویداوه‌ ناکرێت هه‌ر به‌م یاسایه‌ بێت که‌ به‌ساده‌ترین شێوه‌ هه‌ڵبژاردن کراوه‌، گله‌یی و گازنده‌یه‌کی زۆر هه‌بووه‌ که‌ نه‌مانتوانیووه‌ له‌هه‌رێمی کوردستاندا هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد بکه‌ین خه‌ڵک تانه‌ی لێدا و گله‌یی لێکردووه،‌ ئێمه‌ به‌ڕوونی وتوومانه‌ پێویسته‌ له‌هه‌رێمی کوردستاندا هه‌ڵبژاردنێک بکرێت که‌ خه‌ڵک ده‌نگ ده‌خاته ‌ناو سندوقه‌وه‌ دڵنیا بێت له‌وه‌ی ده‌نگه‌که‌ی پارێزراوه‌. "


" پرۆژه‌که‌ له‌ زۆر شوێندا به‌رگری ده‌کات له‌ گزی و فزی له‌ هه‌ڵبژاردندا "

دەربارەی ئەوەی واتە ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ هه‌موواربکرێته‌وه‌ خه‌ڵک ئه‌و گله‌ییانه‌ی نامێنێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌ هه‌یبووه‌؟
لە وەڵامدا زیاد جەبار دەڵێت" هیچ هه‌ڵبژاردنێک نییه‌ له‌دنیادا 100% ته‌واوه،‌ به‌ڵام پرۆژه‌که‌ له‌ زۆر شوێندا بڕوامان وایه‌ به‌رگری ده‌کات له‌ گزی و فزی له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌رگری ده‌کات له‌ کۆمه‌ڵێک شت که‌ به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕێت ئێمه‌ له‌ڕابردوودا ئێستا به‌ ئه‌زموون بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌ ناهاوسه‌نگیه‌ک له ‌نوێنه‌رایه‌تی کردنی شار و شارۆچکه‌کان و سنوری پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ پێویسته‌ ئه‌م هاوسه‌نگی بگێڕینه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ عێراقدا هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک یاسایه‌کی نوێ په‌یڕه‌و ده‌کرێت و کاری پێده‌کرێت له‌عێراقدا یه‌ک بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن کراوه‌ له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاکان کراوه‌ 18 بازنه‌ له‌م دوایانه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان 12 بازنه‌ بووه‌ هه‌موو عێراق 80 بازنه‌ بووه‌، ئێمه‌ به‌ ئه‌زموون له‌ساڵی ڕابردوودا بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌ ناهه‌وسه‌نگیه‌ک له‌نێوان نوێنه‌رایه‌تیکردنی شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندایه‌ و نه‌توانراوه‌ ئه‌م هاوسه‌نگیه‌ بپارێزرێت ئێستا 111 ئه‌ندام په‌رله‌مانی کوردستان هه‌یه‌ ئایا هه‌ر چوارپارێزگاکه‌ به‌پێی نفوس و ژماره‌ی دانیشتوانی خۆیان نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانی کوردستان نه‌خێر ئه‌مه‌ ناهاوسه‌نگیه‌ ده‌بێت ئه‌م هاوسه‌نگیه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵک. "

" حزبه‌که‌ی منیش ڕووسوور بێت "

سەبارەت بەوەی ئێستا کێ هۆکاری دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌؟

لە وەڵامدا زیاد جەبار وتی" ئه‌و ڕێکنه‌که‌وتنه‌ی نێوان هێزه‌سیاسیه‌کانه‌ به‌کرده‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌کان ده‌ریده‌خات که‌ کێ هۆکاره‌ و ڕێگره‌ له‌به‌رده‌می هه‌ڵبژاردن، ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ماوه‌ی چوارساڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌موواری یاسای هه‌ڵبژاردن بکرێت فه‌رموون با یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موواربکرێته‌وه‌ و ڕێگری بکه‌ین له‌م گزی کردنه‌ی له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت ئێستا حیزبه‌که‌ی منیش تۆمه‌تبار ده‌کرێت و خه‌ڵک ئۆباڵی ئه‌مه‌ی خستۆته‌سه‌ر حیزبه‌که‌ی منیش، ئه‌گه‌ر حیزبه‌که‌ی من له‌ ڕابردوودا تۆمه‌تبارکرابێت به‌وه‌ی که‌ ته‌زویر ده‌کات ئێستا ئێمه‌ین ده‌مانه‌وێت پێشه‌نگ بین ڕێگری له‌م ته‌زویره‌ بکه‌ین و جارێکی تر حیزبه‌که‌ی منیش ڕووسوور بێت له‌به‌رده‌می خه‌ڵکی کوردستاندا خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی ده‌نگ بدات به‌و نوێنه‌ره‌ی ده‌یه‌وێت بچێته‌په‌رله‌مانی کوردستان. "

"که‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت؟ "

لە وەڵامی ئەو پڕسیارەی ئایا کەی هەڵبژاردن دەکرێت؟

زیاد جەبار وتی " بێگومان کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان کێشه‌ی هه‌یه‌ ئێستا به‌پێی ئه‌وه‌ی کۆمیسیۆن ده‌یڵێت ڕه‌نگه‌ له‌کاتی خۆیدا نه‌توانرێت هه‌ڵبژاردن بکرێت، به‌ڵام هه‌تا ئێستا قسه‌مان له‌سه‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ پێویست ده‌کات هه‌م یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مووار بکرێته‌وه‌ کۆمیسیۆنه‌که‌ش به‌وشێوه‌یه‌ی که‌ هێزه‌سیاسیه‌کان ڕێککه‌وتنیان له‌سه‌ر ده‌که‌ن ئێمه‌ وتومانه‌ ئاوا وه‌کو خۆی کارابکرێته‌وه‌ یان بیانه‌وێت کۆمیسیۆنێکی تر دابنێن، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئامانج هه‌ڵبژاردنه‌، کۆمیسیۆنێک هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ یان هه‌ر متمانه‌ به‌م کۆمیسیۆنه‌ ببه‌خشرێته‌وه‌ کۆمیسیۆن بۆچیه‌ ئامانج لێی هه‌ڵبژاردنه‌ که‌ یاسایه‌کی باشی هه‌ڵبژاردن نه‌بێت کۆمیسیۆنم بۆچیه‌! با یاسایه‌کی باشی هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ بکه‌ین من دڵنیایان ده‌که‌م هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ماوه‌ی مانگێکدا هه‌مووشتێک کۆتایی پێبێت ئه‌گه‌ر ئیراده‌که‌ هه‌بێت. "
سەرۆکی فراکسیۆنی یەەتی نیشتمانی کوردستان دەشڵێت " من ناتوانم ئه‌و پێشبینیه‌ بکه‌م بڵێم هەڵبژاردن چەندە دوادەکەوێت؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ کۆمیسیۆن ده‌یڵێت " دوای کاراکردنه‌وه‌ی کۆمیسیۆن و هه‌مووارکردنه‌وه‌ی یاساکه‌ ئه‌وان وتویانه‌ ئێمه‌ شه‌ش مانگمان پێویسته‌ بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌کاری بکه‌ین. "

" ئێستا تۆپه‌که‌ له‌گۆڕه‌پانی هێزه‌سیاسیه‌کاندایه‌ "
"هه‌ڵبه‌ت هه‌رده‌بێت بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن"

دەربارەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم؟ زیاد جەبار وتی" به‌رده‌وام له‌هه‌وڵداین، له‌م کۆتاییانه‌دا دواجار ئه‌مه‌ وتراوه‌ ئێستا تۆپه‌که‌ له‌گۆڕه‌پانی هێزه‌سیاسیه‌کاندایه‌ له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ هێزه‌سیاسیه‌کان له‌ڕووه‌ سیاسیه‌که‌وه‌ ڕێکبکه‌ون، ئێمه‌ش له‌په‌رله‌مانی کوردستان له‌ڕووه‌ یاساییه‌که‌وه‌ ئه‌رکی خۆمان جێبه‌جێ ده‌که‌ین و تێده‌په‌ڕێنین. "

"سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێم جەختیکردەوە" هه‌ڵبه‌ت هه‌رده‌بێت بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن و هه‌مووشمان بڕوامان وایه‌ بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن، خۆ ئه‌م وڵاته‌ هه‌رئاوا نابێت ده‌بێت بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتنیش و سازانیش بکه‌ین له‌سه‌ری . "

" ئایا تا ئێستا یەکێتی سورە؟ "
لە دوا پرسیاری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، لەبارەی ئەوەی هه‌تا ئێستاش سوورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان هیچ دانیشتنێک به‌ڕێوه‌ نه‌بات پێش سازان؟
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی هەرێم وتی " دانیشتنی په‌رله‌مان ئه‌نجامدراوه‌ و ڕێکخراوه‌ کێشه‌ له‌دانیشتنی په‌رله‌ماندا نه‌بووه‌ هه‌تا 1-7 که‌ پشووی فه‌رمی په‌رله‌مانه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ بێت دانیشتن نه‌کرێت به‌ئێستاشه‌وه‌ من سه‌رۆکی لیژنه‌ی داراییم خه‌ریکی ئاماده‌کردنی ڕاپۆرتین ئه‌گه‌ر ئیشێک هه‌بێت ڕه‌نگه‌ دانیشتنی نائاساییش بکرێت، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کۆمیسیۆن و یاسای هه‌ڵبژاردن،هه‌موو سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کان به‌منیشه‌وه،‌ خۆمان داوامان له‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کردووه‌، ئیتر ئه‌و تۆمه‌تبارکردنه‌ ئۆباڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردن بخاته‌ سه‌ر لایه‌نێکی تر هێزێکی سیاسی بترسێت له‌وه‌ ئه‌مه‌ نالۆژیکیه،‌ ئێمه‌ له‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان پێمانوایه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد به ‌یاسایه‌کی باش بکرێت ئینجا پێی ده‌وترێت هه‌ڵبژاردنێکی باش و نوێنه‌رایه‌تیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:05 0:00

XS
SM
MD
LG