Accessibility links

بەهۆی ڕووماڵی ئۆکرانیاوە بەریتانیا تاوتوێی سزادانی تەلەفزیۆنی ڕووسیا تودەی دەکات


دەزگای ئۆفکۆمی (Ofcom) ڕێکخەری پەخشی کەناڵەکان لە بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کەناڵی ڕووسیا تودەی RT لە دەستپێکی شەڕی ئۆکرانیاوە 29 جار یاساکانی بێلایەنی پێشێل کردووە.

کۆمپانیای ئۆفکۆم لە 27ی مانگی 2 هەروەها لە 1 و 2ی مانگی سێ، 29 لێکۆڵینەوەی لە 15بولێتنی هەواڵی RT کردووە دوای ئەوەی بینەران سکاڵایان دژی کەناڵەکە تۆمارکردبوو.

هەروەها لێکۆڵینەوەی لە فیلمێکی دیکۆمێنتاری کەناڵەکە کردووە بە ناوی "دۆنباس دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی" کە لە 1 و 2ی سێدا دووجار پەخشکرا.

دەزگاکە دەڵێت، "لە هەر حاڵەتێکدا بۆمان دەرکەوت کە ڕووماڵەکانی RT نەیانتوانیووە بێلایەنی سەبارەت ململانێی ناوچەی دۆنباسی ئۆکرانیا بپارێزێت."

دەزگاکە دەڵێت "ئۆفکۆم پێی وایە کە ئەم پێشێلکاریانە جددی بوون و دووبارە بوونەتەوە، ئێمەش دەمانەوێت بۆ سەپاندنی سزایەکی یاسایی لەبەرچاویان بگرین."

کەناڵی RT لە بەریتانیا چیتر پەخش ناکات، دوای ئەوەی کۆمپانیای ئۆفکۆم لە 18ی سێدا مۆڵەتەکەی هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند "گونجاو و دروست نییە" بۆ کارکردن لەو وڵاتەدا.

حکومەتی بەریتانیا لە 31ی سێدا سزای بەسەر کەناڵی تیڤی-نۆڤۆستی ڕاگەیاند کە خاوەنی کەناڵی ئاڕ تییە و "پڕوپاگەندەکاران"ی دیکەی ڕووسی بە بڵاوکردنەوەی "درۆ و فێڵ" سەبارەت بە لەشکرکێشییەکە تۆمەتبار کرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG