Accessibility links

لە هەولێر ڕۆژنامەنووسێک دەستبەسەر دەکرێت


ڕۆژی دووشەممە ڕۆژنامەنووس ئەیوب وەرتی پەیامنێری کەناڵی knn لە هەولێر دەست بەسەرکرا ئەمەش دوای ئـەوە هات کە سکاڵایەک لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە تۆمارکراوە

پارێزەر بەشدار حەسەن ڕایگەیاند بەپێی مادەی 434 لە یاسای سزاکانی عێراقی لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی پەیامنێرێکی کەناڵی knn لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری ڕاگیراوە و دەستبەسەرە.

سەبارەت بە زانیاری زیاتر لەسەر کەیسەکە، هوزان قادر سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەمڕۆ لەگەڵ کەیسی ئەیوب وەرتی بووین کەیسەکە لەسەر ئەوەبووە ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو دکتۆرانە کردبوو کە دەستدرێژی سێکسیان کردبووە سەر ئافرەتان هەڵبەتە نە ناوی کەسی هێناوە و نە ناوی هیچ سەنتەرێکی جوانکاریشی هێناوە تەنها ئـەوەندەیە کە ڕۆژنامەنووس ئەیوب هەندێک ئینسێرتی لە یوتیوب وەرگرتبوو کە بە گوتەی خۆیی هەستی کردووە ئـەو ئینسێرتانە هی خوارووی عێراق و وڵاتانی عەرەب و کەنداون بەڵام بەداخەوە دکتۆرێک سکاڵای لەسەر ئەیوب وەرتی تۆمارکردووە و گوتوویەتی کە تەشهیری پێکردووە و ناوبانگی زڕاندووە، تا ئێرە شتێکی ئاساییە و لەسەر ڕێرەوی خۆیی دەڕوات".

پێش دەست بەسەرکردنی، ڕۆژنامەنووس ئەیوب وەرتی دەڵێت " ماوەیەکە سکاڵایەکمان لەسەر تۆمار کراوە، لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی کە ماوەیەک پێش ئێستا کردوومە. ئەگەرچی ئێمە سەرنجمان لەسەر تۆمەتەکە و شێوازی سکاڵایەکەش هەیە، وەک چەند هەفتەیەکیش پێش ئێستا ئاماژەم پێدا سکاڵاکارەکە ناناسم و هەرگیز پێشلێکاری بەرامبەر کەس ئەنجام نادەم هەربۆیەش لەخۆم و کارەکانم دڵنیام کە ناحەقیم بەرامبەر کەس نەکردووە و ناشیکەم.

لەماوەی ئەو 12 ساڵەیشی کە لە میدیا کاردەکەم هەم لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و هەتا ئەم پێنج ساڵەی تیڤیش هەمیشە بە بەرپرسیارانە مامەڵەم کردووە، هەربۆیەش چەند ڕاپۆرتێکم بونەتە هۆی یەکلاکردنەوەی کەیسەکان لە دادگاکاندا کە ئەمە زۆر جێگای شانازیمە".

سەبارەت بە مامەڵەی دادوەر و دادگا و پۆلیس لە کەیسی ڕۆژنامەنووس ئەیوب وەرتیدا، سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران گوتی" لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری ئیفادە لە ئەیوب وەرگیرا و کەلەمچەکرا بۆ بەردەم دادگا کە چوونە ژورەوە بۆ بەردەم دادوەر بەداخەوە دادوەرەکە کەیسەکەی بۆ بەیانی دواخست و ئێستا ئەیوب وەرتی لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە هەولێر گیراوە، داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ دادگاکان کار بەیاسای ژمارەی 35ی ساڵی 2007 بکەن کە یاسای ڕۆژنامەگەری کوردیە بۆ ئەوەی دادگا ڕوڵێکی باش ببینێت".

ئـەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژێک پێش چوونی بۆ بنکەی پۆلیس ئاشکراشیکرد کە دەچێتە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە هەولێر ئیفادە دەدات، ئومێد دەکات کە پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی لە ڕێڕەوی یاسایی لانەدات و قسەی هەندێک کەس ڕەوتی دادگاییکردنەکە نەگۆڕێت".

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ئەو کەسە وەربگرێت کە سکاڵای لە دژی ڕۆژنامەنووس ئەیوب وەرتی تۆمارکردووە تا لە زاری خۆیانەوە باسی هۆکار و کەیسەکە بکات بەڵام بەردەست نەبوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:00 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG