Accessibility links

شێرکۆ میروەیس: ئەگەر عێراق توشی شەڕی ناوخۆیی ببێت پەل بۆ وڵاتانی دەوروبەریش دەهاوێژێت


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، جۆرەها ئەجێندای شاراوە لە عێراق کاردەکات و لایەنەکان متمانەیان بە یەکتری نەماوە، بۆیە لە کاتێکدا هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدرێت، کەچی هەوڵ بۆ دروستکردنی ئاژاوە دەدرێت و ئاگری دووربەرەکی خۆش دەکرێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، دەڵێت"لایەنە عێراقیەکان بەرامبەر یەک پاشەکشە ناکەن، هەرلایەنێک چاوی لە پاراستنی قورسایی خۆیەتی لە دوای پێکهێنانی حکومەت، چونکە هێزەکان بڕوایان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نیە و نەفەسی تەسفیەکردنی یەکتریان هەیە."

ڕوونیشیکردەوە، مۆدێلی ئیدارەدانی عێراق بەسەرچووە، بۆیە ئەم فەوزایەی بەرهەمهێناوە، باشترین ڕێگەچارەش بیرکردنەوەیە لە گۆڕینی سستمی حوکمڕانی، چونکە دەستور نەیتوانی خواستی هیچکام لە پێکهاتەکان بەدیبهێنێت، لە کاتێکدا هێزە شیعەکان دڕدۆنگن بەرامبەر یەکتری، کورد چۆن دەتوانێت ئایندەی خۆی تەسلیمی ئەم هێزانە بکات، یاخود سونە چۆن متمانەی هەبێت، بۆیە باشترین ڕێگە گەڕانە بەدوای مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی.

شێرکۆ میروەیس پێیوایە مەترسی زۆر جدی لەسەر عێراق هەیە، فیتنەیەکی زۆر گەورە بوونی هەیە و ئەجێندای شاراوەی جۆراوجۆر دۆخی عێراقی تێکداوە، گوتی"دوای نۆ مانگ لە هەڵبژاردن، هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدرێت، کەچی لە ژێرەوە ئاگرەکە خۆش دەکرێت، هێزە سیاسییەکان لە هەرکات زیاتر دڕدۆنگن بەرامبەر یەکتر و بە گومانن لە یەک، هیچ لایەک زەمانی ئەوە ناکات گەر حکومەت پێکبێت ساڵێک تەمەنی بێت."

جەختیشیکردەوە"دەبێت وڵاتانی دەوروبەر و ئەمەریکا و ئەوروپا بیر لە دەرهێنانی عێراق لەم قەیرانە بکەنەوە، گەر عێراق توشی شەڕی ئەهلی ببێت، پەل بۆ وڵاتانی دەوروبەریش دەهاوێژێت."

بە بڕوای سەرکردەکەی یەکێتی، عێراق وڵاتێکی میحوەرییە لە ڕووی جیۆسیاسییەوە، گەر سەقامگیر بێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت، گەر نائارامیش بێت، نائارامییەکە پەل بۆ وڵاتانی دەوروبەریش دەکێشێت، گوتی"ئەرمینیا و ئازەربایجان شەڕ دەکەن، عێراق دەکەوێتە دڵەڕاوکێوە، ڕووسیا و ئۆکرانیا شەڕ دەکەن جیهان دەکەوێتە قەیرانەوە، چونکە دونیا گرێدراوی یەکترییە."

شێرکۆ میروەیس پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و سەرکردەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، سەدر نەکشاوەتەوە، سەدر لەناو پەرلەمان بێت یان لەدەرەوە، سەدر هەر سەدرە، هەرکات بیەوێت بە نوێژێکی بە کۆمەڵ یان خۆپیشاندان گرفت دروست دەکات، بۆیە حساب نەکردن و بیرکردنەوە لە ئیدارەدانی عێراق بێ سەدر هەڵەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:46 0:00
XS
SM
MD
LG