Accessibility links

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم: لە هەفتەیەکدا ئێران 40% بەردانەوەی ئاوی بۆ زێی بچووک کەمکردووەتەوە


بەنداوی دەربەندیخان
بەنداوی دەربەندیخان

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێران لەماوەی هەفتەیەکدا 40% ی بەردانەوەی ئاوی بۆ زێی بچووک کەمکردووەتەوە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە ڕۆژانە 12ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکانی دەربەندیخان و سیروانەوە بۆ ناوچەکانی عێراق بەردەدەنەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداوە ئاوییەکانی هەرێم، دەڵێت"ئەو شوێنانەی دەکەونە خوارووی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان، یاخود ئەو شوێنانەی بەنداوی بچوکیان تێدایە، ئەمساڵ گرفتی کەم ئاوییان نابێت، بە تایبەت ئاوی خواردنەوە و ئاو بۆ پێویستییە سەرەکییەکان."

جەختیکردەوە"کەمئاوی رووبەری زەوی کشتوکاڵی کەمدەکاتەوە، تا بتوانرێت پێویستییەکانی ئاوی خواردنەوە و باخەکان دابین بکرێت."

سەبارەت بە هۆکاری دروستنەکردنی بەنداو و ئەو دەنگۆیانەی هەن گوایە عێراق ڕازی نەبووە، ڕەحمان خانی وتی"هیچ بەنداوێکی گەورە لە ژێر جێبەجێکردن نییە، بەنداوی بچوکمان هەیە بۆ ئاوی خواردنەوەی گوندەکان، هیچ شتێکیشمان بێ ڕەزامەندی عێراق نەکردووە، ئەوەی پلانمان بۆ داڕشتووە، بەشێکە لەو پلانەی حکومەتی عێراق کە لەساڵی 2015 ەوە بۆ 2035 پلانی بۆ داناوە، ئێمە لەو چوارچێوەیەدا ئیش دەکەین."

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، ئێران بەتەواوەتی بەردانەوەی ئاوی بۆ ڕووباری سیروان کەمکردووەتەوە، وتی"لەزێی بچووکیش، لەم مانگە و مانگی داهاتووەوە ئێران ئاو دەگرێتەوە، بەشێوەیەک لە ماوەی هەفتەیەکدا 40% بەردانەوەی ئاوی بۆ زێی بچووک کەمکردووەتەوە."

کەم بارانی و وشکەساڵی و گۆڕانی کەش و هەوا، عێراق و هەرێمی کوردستانی توشی گرفتی گەورە کردووە، بۆیە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئیدارەدانی ئاوە بە شێوەیەک کە قەیرانی بێ ئاوی دروست نەبێت.

XS
SM
MD
LG