Accessibility links

شیعەکان پەلەیانە و پارتی و یەکێتی ڕێکناکەون لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار


پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

لەکاتێکدا هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی حکومەتن، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون و تا دێت فشاری زیاتریان لەلایەن هێزە شیعەکانەوە دەخرێتە سەر.

پارتی و یەکێتی تا ئێستا دوو کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، لایەنە شیعەکان داوای ڕێککەوتنیان لەسەر کاندیدێک لێدەکەن، بەو پێیەی سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەوان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت، بەڵام پێناچێت لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون، پارتی داوای گۆڕینی بەرهەم ساڵەح دەکات و یەکێتیش ڕەتیدەکاتەوە.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"وەکو یەکێتی لەسەرەتاوە ڕامانگەیاندووە، پێمانباشە بە بەربژێرێک بەشداری بکەین، چونکە خواستی ئێمە لەسەرۆک کۆمار و پۆستەکان گەورەترە، دەبێت بەدوای مادەی 140 و ئامادەگی پێشمەرگە، دەبێت بەدوای مافە دەستورییەکانمان و چارەسەری کێشەی نەوت و گازەوە بین."

وتیشی"گەر لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوین، ناچارین بەدوو بەربژێرەوە بچنە نێو پەرلەمان، ئەنجامەکەشی بە ڕۆحی وەرزشییەوە وەربگرین."

گەر پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەون، دەبێت بە دوو کاندیدی جیاوە بچنە نێو پەرلەمانی عێراق و دەنگی پەرلەمانتاران ململانێی نێوانیان یەکلایی بکاتەوە، بەڵام پارتی ڕەتیدەکاتەوە بێ ڕێککەوتنی پێشوەخت بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکات.

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لەگەڵ یەکێتی بەدوو کاندیدەوە ناچینە نێو پەرلەمان، گەر ڕێکنەکەوین، کۆمەڵێک بژاردەمان لەسەردەستە."

سەبارەت بە بژاردەکان، بەرپرسەکەی پارتی وتی"بژاردە زۆر تاوتوێ کراوە بەڵام هێشتا بڕیاری لێنەدراوە، لەوانە بەشداری نەکردن لە حکومەت، بەشداری نەکردن لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدانی حکومەت، یاخود مامەڵە نەکردن لەگەڵ سەرۆک کۆمار و چەندین بژاردەی تریش."

هاوکات شێرکۆ میروەیس ڕوونیکردەوە، باشترە یەکێتی و پارتی پێکبێن نەک تەنها لەسەر سەرۆک کۆمار، بەڵکو لەسەر کارنامەی ئەو حکومەتەی بڕیارە پێکبێت ڕێکبکەوین.

پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەنگدان بە کاندیدی حکومەت دەکات، بەڵام پرۆسەی سیاسی عێراق لەدوای کشانەوەی سەدر دەربازی نەبووە لە چەقبەستوویی، بەو پێیەی ناکۆکی لەنێوان هێزە شیعەکان و هێزە کوردییەکانیش بەردەوامە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:06 0:00

XS
SM
MD
LG