Accessibility links

بۆچی خەڵک لە سەرانسەری جیهان وەک جاران ئاسوودە نین و فشاری دەروونیان زیاترە


بەپێی ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی کۆمپانیای گاڵەپ، جیهان لە ساڵی 2021 دا خەمبارتر و فشاری زیاتری لەسەر بووە، کە لە دوایین ڕاپرسیدا دەرکەوتووە لە هەر 10 کەسی گەنج و کامڵ چوار کەس لە جیهاندا ڕایانگەیاندووە کە تووشی نیگەرانی یان فشاری زۆر بوون.

شارەزایان دەڵێن دیارترین هۆکاری سەرەکی ئەو خەمۆکییە پەتای کۆرۆنا بووە کە ئەو گۆشەگیری و نادڵنیاییەی لەگەڵیدا هات فاکتەرێک بوو بۆ ئەم دۆخە دەروونیە، بەڵام ئەوە تەنها هۆکار نییە.

کارۆل گراهام زانای باڵای کۆمپانیای گاڵەپ و هاوکات ئەندامی باڵایە لە دامەزراوەی بروکینگز و مامۆستای سیاسەتی گشتیە لە زانکۆی میریلاند؛ دەڵێت هۆکاری کێشەی تەندروستی دەروونی ئەو نادڵنیاییە لایەنی ئابوورییەش دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە "لە کۆتاییدا هەندێک گۆڕانکاری نەرێنی پێکهاتەیی هەن کە کاردەکاتە سەر هەندێک کەس بە تایبەتی کە زیاتر لاوازن، لە کۆتاییدا ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر تەندروستی دەروونی."

کۆمپانیای گاڵەپ بۆ نوێترین ڕاپۆرتی جیهانی سەبارەت بە هەستی مرۆڤەکان قسەی لەگەڵ گەنجان و کەسانی کامڵی 122 وڵات و ناوچەدا کردووە. بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەفغانستان ناخۆشترین وڵاتە، ئەفغانییەکان پێشەنگی جیهانن کاتێک باس لە ئەزموونە نەرێنییەکان دەکەن.

بەگشتی ئەنجامی ڕاپرسییەکە بۆ دەروونناس جۆش بریلی کە ئەندامە لە پەیمانگای ئەمەریکی بۆ فشاری دەروونییەکان جێگەی سەرسوڕمان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە "شتەکان خێراتر دەجووڵێن. زۆر زانیاری هەیە کە بەردەوام بەسەرماندا دەبارێت." دەشڵێت "بێگومان میدیا لەسەر شتە خراپەکان زیاتر گەشە دەکات.

کەواتە، ئێمە بەردەوام قەیران لە دوای قەیران لە هەواڵەکان، لە سۆشیال میدیا، لە ڕادیۆ و پڕۆگرامە دەنگییەکانەوە هەواڵەکان بەسەرماندا دەبارێن. هەموو ئەوانە دەبنە هۆی خنکاندن و خەفەکردنی ئەو شتە تازانەی کە ڕوودەدەن."

دەروونناس ماری کاراپێتیان ئەلڤۆرد دەڵێت زیاتر پەیوەندیکردن بە ئۆنلاینەوە بەو مانایەیە کە خەڵکی وڵاتێک دەتوانن هەست بە کاریگەری قووڵ بکەن بەهۆی ئەو شتانەی کە لە وڵاتێکی دیکەدا ڕوودەدەن، کە لە ڕابردوودا هەمیشە وا نەبووە. بۆ ئەمەریکییەکان نادڵنیایی گەورەترین هۆکاری فشارە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ڕۆژانە نادڵنیایی لە ژیان و چۆنێتی کاریگەری لەسەریان؛ وەک بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەرزبوونەوەی نرخی گاز و بەنزین. پاشان ئەو پرسانەی کە پەیوەندیان بە زنجیرەی دابینکردنەوە هەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا کاریگەری لەسەر خەڵک دروستدەکەن."

ئەلڤۆرد دەشڵێت "بەڵام پێموایە پرسە گەورەکە ئەوەیە کە نادڵنیایی و ئەو گرفتە زۆرانە. بێگومان ڕووداوەکانی تەقەکردنی بە کۆمەڵ کاریگەریان لەسەر خەڵک دروستکردووە، زۆر کەس بەڕاستی لە دڵە ڕاوکێدایە و نازانن کوێ سەلامەتە."

تا ئێستا لە ساڵی 2022 زیاتر لە 300 جار لە ئەمەریکا تەقەکردنی بە کۆمەڵ ڕوویداوە کە چەندین قوربانی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی گاڵەپ بەختەوەری لە سەرانسەری جیهاندا ماوەی دە ساڵە بەرەو دابەزین دەڕوات. هەر سێ دەروونناسەکە کە لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا قسەیان کردووە، ئاماژە بە سۆشیال میدیا و لافاوی زانیارییە فلتەرنەکراوەکان دەکەن کە بەشدارن لە گرفتی تەندروستی دەروونی و ئاستی بەختەوەریدا.

گراهام دەڵێت "ئێمە ئەم سەرهەڵدانە گەورەیەمان لە سەرانسەری جیهاندا بینیوە و پێموایە ئەوە جۆرێکی گەورەیە لە گۆڕانکاری تەکنۆهەستەوەری شاراوە لە چۆنیەتی کارلێککردنی مرۆڤەکان و ئەزموونکردنی هەست و سۆز و هەموو جۆرە شتێک. وە دەبینین کە هەندێک لایەنی خراپی ڕاستەقینەی هەیە."

لە لایەنی ئەرێنیشەوە لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ڕایانگەیاندووە پێکەنیون یان زۆر زەردەخەنەیان کردووە لە ساڵی 2021 دا دوو خاڵ بەرزبۆتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەڵێن شتێکی سەرنجڕاکێش فێربووین خاڵێک زیادیکردووە. ئەلڤۆرد دەڵێت ڕوانینی پشت شتە نەرێنییەکان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی.

ئەو دەڵێت "گرنگە بۆ خەڵک ئەو ساتەوەختانە بدۆزنەوە، ئەگەر خۆشیش نەبێت، لانیکەم لە ژیاندا ڕازیان بکات" "پێموایە هەندێک جار دەگەینە بەختەوەری و هەندێک جاریش ناگەین بە بەختەورەی لەبەرئەوە پێویستە پێشبینییەکانمان بڕێک واقعی بن."

لەوانەیە کەمینەکان لە ئەمەریکا لە ئێستاوە ئەو کارە بکەن. لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە خەڵکی گروپە پەراوێزخراوەکان لە خۆڕاگرترین کەسەکانن.

گراهام دەڵێت "ڕەنگە دڵەڕاوکێیان زیادی کردبێت بەڵام گەشبینییان بەتایبەتی بۆ ئەمەریکییە ئافریکاییە کەم داهاتەکان زۆر بەرزە." ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم دەرئەنجامە دۆزینەوەیەک بوو ساڵانێکی زۆرە هەستم پێکردووە و بینیومە، بەڵام سەرم سوڕما کە تەنانەت لە کاتی کۆڤیدیشدا بەهەمان شێوە ئەو گەشبینییە هەر لەئارادا بوو. پێموایە ئەوە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانی دیکە کە کۆمەڵگەی کەمینەکان دروستیان کردووە، هاوکات تۆڕی دڵنیایی نافەرمی کە زۆر جار لە مێژوودا زۆر پارێزەریان هەبووە."

XS
SM
MD
LG