Accessibility links

تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لە کابینەی نۆیەم و مەترسیە گەورەکەی سەر داهاتووی هەرێمی کوردستان


دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەیاننامەی جیاوازیان بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکەن کابینەی نۆیەم دەستکەوتی گەورەی بەدەست هێناوە لە بواری سیاسی، ئابووری و باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیان، لە بەرامبەریشدا کاردانەوەی چاودێرانی لێکەوتەوە.

لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی چاودێرێکی سیاسی دەڵێت" لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم زیاتر لە پەنجا بەڵێنیان بە خەڵکدا بەڵام تەنیا بەڵێنێکیان جێبەجێ نەکرد و باس لەوەش دەکات تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز و زیادکردنی ئەندامێک بۆ ئەنجومەنەکە لە کابینەی نۆیەمدا یەکێکە لە مەترسیەکان لەسەر داهاتووی هەرێمی کورددستان کە بەسەر پەرلەماندا تێپەڕی."

شێرکۆ حەمە ئەمین چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی قسەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری کە ئاماژەیان بەوە کردبوو یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکان کابینەی نۆیەم بریتیە لە زیادبوونی داهات و باشکردنی موچەی موچەخۆران دکتۆر شێرکۆ دەڵێت" زیادبوونی داهات لەسەر گیرفانی هاوڵاتیان کراوە بە زیادکردنی باج لەسەر شانی هاوڵاتی."

" لەم ڕۆژانە هەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هەم جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پەیامێکیان بڵاوکردەوە دوای سێ ساڵ دەستبەکاربونیان گوایە دەستکەوتی زۆر گەورەیان بەدەست هێناوە، وە ئەوان کۆمەڵێک قسەیان کرد لە پەیامەکانی خۆیاندا کە مرۆڤ دەتوانێت تەواو پێچەوانەکەی لە واقعدا ببینێتەوە، بۆ نمونە ئەم کابینەیە سەروو پەنجا بەڵێنی لە کاتی دەستبەکاربوونی لە پەرلەمان لە لەساڵی 2019 دا، کە دابەش دەکرێت بەسەر چەند سێکتەرێکی جیاوازدا، با بڵێین لە دیارترینیاندا کە زۆر شانازی پێوە دەکەن مەسەلەی زیادکردنی داهاتە، کە ئەمە لەسەر گیرفانی خەڵکی فەقیر و هەژار داهاتیان زیاد کردووە، باجیان لەسەر گیرفانی فەقیر و هەژار زیاد کردووە.

واتە هەموو ئەو کۆمپانیا گەورانەی کەرتی حزبیە لە بنەڕەتدا موڵکی خۆیانە هی پارتی و یەکێتیە ئەمانە باج نادەن، هەروەها ئەو مەسەلەی هەمواری یاسای نەوت و گاز وە زیادکردنی ئەندامێکی پارتی ، ئەمە مەترسیەکی زۆر گەورەبوو، کە بەسەر پەرلەمانی کوردستان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی هەرێمدا تێپەڕی، کە دەبوو پرسیاری گەورەی لەسەر دابنرێ، چونکە ئێستا بە فعلی پەرلەمان پارتیان کرد بە بڕیاڕدەری یەکەم و کۆتایی لە دۆسیەی نەوتدا."

سەبارەت بە پاراستنی ماف و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان دکتۆر شیرکۆ پێیوایە دۆخی ئازادی بە گشتی بەرتەسک بۆتەوە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، چی ئازادی ڕۆژنامەگەری بێت یاخود ئازادی کاری سیاسی.

"دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی، کاری میدیایی و کاری سیاسی ئەوەندەی تر بەرتەسک کراوەتەوە، زیندانیانی بادینان باشترین نمونەیە کە هەفتەیەک پێش ئەوەی مەحکەمە دادگاییان بکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا و دادگا هەمان حوکمی جێبەجێ کرد، ئەمە بە دیوێکدا دەریدەخات کە دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری و سیاسی چەند بەرتەسک کراوەتەوە، ناوەندە نێودەوڵەتیەکان وە پلاسخارت هەموو ئەمانە هۆشداریانداوە سەبارەت بە ئازادی، جگە لەوەش ئەو بەڵێنەی خۆیانی بەتاڵ کردەوە کە گوتیان ئێمە کار بۆ سەروەری یاسا دەکەین، من خۆم لە دانیشتنی بەشێک لە دادگایەکانی زیندانیانی بادینان ئامادەبووم، ئاسایش لە یەک کاتدا سکاڵاکار بوو، لە هەمانکاتیشدا شایەت بوو، ئەمە لەکوێی دنیادا هەیە."

بە پێی لێدوانەکەی سەرۆکی حکومەت، کابینەی نۆیەم بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی داوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەت بڕی 31 ملیار دۆلار قەرزدارە، دکتۆر شێرکۆ دەڵێت بەو پێیە بێت، حکومەت 90 ساڵی تری پێویستە تا قەرزەکانی بداتەوە.

"مەسەلەی قەرزەکان لەم کابینەیە قەرز زیادی کردووە، دەڵێت ئێمە ملیارێک دینارمان قەرز داوەتەوە، لە کابینەی پێشوو 28 ملیار بوو بەڵام ئێستا 31 ملیارە، گریمان لەم سێ ساڵە قسەکەی ئەوان تەواوە، یەک ملیار دۆلار قەرزیان داوەتەوە، ئێ ئەگەر وابێت ئەم قەرزانە تا 90 ساڵی تر تەواو نابێت، ئێ ئەم وڵاتە ئەبێت تا 90 ساڵی تر خەریکی دانەوەی قەرز بێت ئێ ئەمە کام حکومەت کام دەست کەوت کام سەرکەوتن، واتە لە ڕاستیدا حکومەتی هەرێم ئیفلاسی کردووە بەس ئیعلانی نەکردووە."

لە پرسیاری سیاسەتی کابینەی نۆیەم بەرامبەر پرسی کێڵگە نەوتیەکان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، دکتۆر شێرکۆ دەڵێت" یەکەم بەرهەمهێنانی نەوت کەمی کردووە لە چاو جاراندا، چونکە تەتویر ناکەن، زیاتر نەوت دەردەهێنن، دووەم دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغداد کراوە بە کێشەی شەخسی و ململانێی خێزانی و بە هیچ جۆرێک لە خزمەتی بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمدا بەکار نەهاتووە، هەر لە یەکەم سەعاتەوە بە بڕوای من چ نەوت چ غاز بەکاریان نەهێناوە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک، نە بۆ دیموکراسی نە بۆ بەهێز کردنی ژێرخانی ئابوری کوردستان و بەهێزکردنی کەرتەکانی تری ئابوری وەکو کشتوکاڵ و بازرگانی، ئێستا ئەوەتا کە خۆیان بەشێکن لە مەحکەمەی ئیتیحادی و خۆیان دوو ئەندامیان هەیە ئەوە دۆخەکەیە کە یاساکەی هەڵوەشاندۆتەوە، هەم لە ڕێی ئەوەی گوایە گاز دەفرۆشرێت بە ئەوروپا هەم هەولێر هەم کۆرمۆر موشەک باران دەکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و بەم بۆنەیەشەوە هەر یەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پەیامی جیاوازیان بڵاو کردەوە و بە پێی قسەکانیان بێت کابینەی نۆیەم یەکێک بووە لە کابینە سەرکەوتووەکان و کۆمەڵێک ددەستکەوتی باشیان بەدەست هێناوە و بەسەر کۆمەڵێک لەو کێشانەشدا زاڵ بوون کە لە کابینەی پێشوودا هەرێم توشی هاتبوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:35 0:00

XS
SM
MD
LG