Accessibility links

ئایا نەوتەکەی لیبیا بازاڕەکانی جیهان دەبوژێنێتەوە یان ناکۆکی زیاتری لێدەکوێتەوە؟


پاسەوانانی دامەودەزگاکانی نەوت لە نێو پایتەختی لیبیا

حکومەتی لیبیا ڕۆژی پێنج شەممە سەرۆکی کۆمپانیای سەرەکی نەوتی نیشتمانی گۆڕی لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە وایکرد ئەمەریکا هۆشداری بدات لە هەر جۆرە "ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری" لەسەر ئەو کەرتە.
یەدەگی نەوتی بەرفراوانی ئەو وڵاتەی باکووری ئافریکا زۆرجار بووەتە ناوەڕۆکی ناکۆکییە سیاسییەکان، بەڵام NOC تاڕادەیەکی زۆر بێلایەن ماوەتەوە؛ سەرەڕای چەندین ساڵ دابەشبوون لە دوای ڕووخاندنی موعەمەر قەزافی دیکتاتۆر لە ساڵی 2011 دا بەهۆی یاخیبوونێکەوە کە لەلایەن هاوپەیمانی ناتۆوە پشتیوانی لێدەکرا.
بەڵام لە فەرمانێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ئاشکرا کرا، حکومەتی یەکگرتووی عەبدولحەمید دەبیبە سەرۆکی بانکی ناوەندی پێشوو فەرحات بینقدارەی بۆ سەرۆکی کۆمپانیای سەرەکی نەوتی نیشتمانی NOCدەستنیشانکرد بۆ جێگرتنەوەی تەکنۆکراتی دێرین مستەفا سەنعڵا.
بەیانی رۆژی پێنجشەممە، بینقدارە لە بارەگای NOC لە تەڕابلوس دەستبەکاربوو، لەوێش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی پێشکەش کرد.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند "لە هەلومەرجی ئێستادا گرنگیەکی ژیانبەخشانەیە کە لیبیا بە خێرایی توانای هەناردەکردنی نەوت و گاز بەدەست بهێنێتەوە."
هەروەها وتیشی "کەرتی نەوت بووە بە نێچیری ململانێ سیاسییەکان، بەڵام کاردەکەین بۆ رێگریکردن لە دەستێوەردانی سیاسی لەو کەرتەدا".
عەبدولحەمید دەبیبە پێش هەڵبژاردنەکان رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری دەسەڵات بێت و باشاغا تا ئێستا نەیتوانیوە لە تەڕابلوس دەستبەکاربێت، ئەمەش ترسی دووبارەبوونەوەی ململانێی دروستکردووە تەنها دوو ساڵ دوای ئەو ئاگربەستە مێژووییە کە کۆتایی بە هەوڵێکی وێرانکەری حەفتەر هێنا بۆ دەستبەسەرداگرتن بەسەر پایتەختی وڵاتەکەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە رایگەیاند "بە نیگەرانییەکی قووڵەوە" بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن و جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیای سەرەکی نەوتی نیشتمانی لیبیا NOC بۆ "سەقامگیری و خۆشگوزەرانی" لیبیا زۆر گرنگە.
لە مانگی 4 ەوە گروپە لایەنگرەکانی حەفتەر دامەزراوە سەرەکییەکانی نەوتی ڕۆژهەڵاتیان گەمارۆداوە بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر دەبیبە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵگریی داتاکانی لیبیا لە ئەنجامدا هەناردەی نەوتی خاو و پێکهاتەکانی لە لیبیا لە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگی 3 دا دابەزی بۆ کەمێک زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل تا ئێستا کە مانگی 7 ە.
هەروەها گەمارۆکە بەشداربووە لە پەکخستنی کارەبا و کەمبوونەوەی کە لە سەرەتای ئەم مانگە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.
هەروەها ئەم گەمارۆیە لە کاتێکدایە کە کێشەی دابینکردنی گاز و نەوت بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهانی لەئارادایە، کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە وروژاوە، لە بەرامبەردا وایکردووە وڵاتانی بەکاربەر فشار بخەنە سەر بەرهەمهێنەرانی دیکە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان.
بڕیارە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کاتێک سەردانی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە بکات و فشار لەسەر ئەو بابەتە بکات.
لەلایەکی دیکەوە لیبیا لەسەر گەورەترین یەدەگی نەوتی خاوی ئافریکا دانیشتووە، کە بە ئاسانی ئەو نەوتە ڕادەگات بە بازاڕەکانی ئەوروپا.
ڕیچارد نۆرلاند، باڵیۆزی ئەمەریکا کە کار لەسەر میکانیزمێک دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ئەو داهاتانەی کە لە فرۆشتنی نەوتی خاوی لیبیا زۆر ناکۆکی لەسەرە، وتی جێگرەوەی سەنعڵا "ڕەنگە لە دادگادا کێبڕکێی لەسەر بکرێت بەڵام نابێت ببێتە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری".
سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG