Accessibility links

بانگدانی مزگەوتەکانی تورکیا: تێکەڵبوونی سیاسەت و هونەر


بەدەستەکانی گوێی داپۆشیووە، بەم شێوەیە یەکێک لە بەشداربووانی پێشبڕکێیەکی ساڵانەی بانگدەرە دەنگخۆشەکانی تورکیا لە مایکرۆفۆنەکە نزیک دەبێتەوە تا بە ئاوازەوە بە خوداپەرستان بڵێت کاتی نوێژکردنیان هاتووە.

"الله اکبر! الله اکبر." بانگدەرەکە بەدەنگێکی بەرز ئەم وشانە دەڵێت و پاشان تۆنی دەنگی نزم دەبێتەوە. بانگدانەکەی لە نێو مزگەوتە دێرین و مەزنەکەی ئەدێرنەدا کە بەردی رەنگ ئاڵتونی نەخشێنراوە دەنگدەداتەوە.

مزگەوتەکە، کە ساڵی 1414 دروستکراوە، بە خۆشنووسی عەرەبی سەرنجڕاکێش رازێنراوەتەوە. کاتێک دروستکرا کە ئەم شارەی باکوری رۆژئاوای تورکیا پایتەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو.

ئەمڕۆ، مزگەوتەکە میوانداری دوایین خولی پێشبڕکێیەکی دەنگخۆشی دەکات، کە تێیدا پێنج بانگدەر (موئەزین) کێبڕکێ دەکەن بۆ وەدەستهێنانی پێگەیەک لە دواین رۆژی رکابەرییەکە کە 17 ی هەشت بەڕێوەدەچێت.

ڕووبەڕووی پێشبڕکێکاران، پانێڵێکی پێنج دادوەری بە وردی تێبینی دەنووسن.

عەبدوڵا عومەر ئەردۆغان، کە براوەبوو، گوتی "لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستمپێکردووە، لە کاتی خوێندنی هاوینە لە مزگەوتەکەدا".

عەبدوڵڵا، کە ئێستا تەمەنی 25 ساڵە و ریشێکی پێرفێکتی داناوە، بۆ پاراستنی دەنگی رێوشوێنی نائاسایی دەگرێتەبەر: خۆی لە سەرما دەپارێزێت، تەنها ئاوی شلەتێن دەخواتەوە، تەنانەت لە هەندێک شێوازی خەوتن خۆی بەدوور دەگرێت نەوەک زیان کۆردەکانی دەنگی بگەیەنێت.

هەوڵەکانی دەکرێت ببنەهۆی وەدەستهێنانی ناوبانگی نیشتیمانی بۆی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە خۆی بە خوداپەرستێکی پابەند دادەنێت و ساڵی داهاتوو رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت دەبێتەوە، رۆژی دواتر پەیامێکی پیرۆزبایی ڤیدیۆیی بۆ براوەکان نارد.

ئەردۆغان، کە نزیکەی بیست ساڵە لە دەسەڵاتە، نزیکەی 15 هەزار مزگەوتی دروستکردووە. بە پێشبڕکێکارانی گوت، "خوای گەورە لەگەڵتان بێت."

یەکێک لەو مزگەوتانە لە بەرامبەر پەیکەرێکی دامەزرێنەری دەوڵەتی عەلمانی تورکیا مستەفا کەمال ئەتاتورکە لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ.

دروستکردنی مزگەوتی تەقسیم نەیارانی لیبراڵی ئەردۆغانی زۆر توڕەکرد.

ئەو گۆڕەپانە فراوانە کە لە مێژە هێمای ململانێی نێوان هێزە عەلمانییەکان و ئایینییەکانی تورکیا بووە، لە ساڵی 2013 دا بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندان . بەڵام یەکسەر پۆلیس توندوتژی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکە بەکارهێنا و ئەو کارەش وای لە رەخنەگران کرد ئەردۆغان وەکو کەسێکی تاکڕەو سەیربکەن.

بوونی بە سه‌رۆک وه‌زیران له‌ ساڵی 2003 بەشێکی پەیوەندی بە به‌رگریکردنی توندییەوە هەبوو له‌ تورکە موسڵمانە پابەندەکان، ئەوانەی که‌ مافه‌کانیان له‌ ده‌وڵه‌تی عەلمای تورکیادا سنوردارکرابوو.

لە ساڵی 2020، ئەردۆغان کڵێسای پێشووی ئایاسۆفیای لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت گۆڕی و ئەمەش لە جیهاندا نارەزایی لێکەوتەوە.

ساڵی ٢٠١٦ کاتێک ئەردۆغان لە رێگەی فەیستایمەوە و لەکەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆوە داوای پاڵپشتی لەخەڵک کرد، پیاوانی ئاینی لە 90 هەزار مزگەوتەوە وەڵامی بانگەوازەکەی ئەردۆغانیان دایەوە.

لایەنگرانی ئەردۆغان لە شەقامەکاندا گردبوونەوە و شکستیان بە کۆدەتاکە هێنا.

ئالێتین بۆزکورت، موفتی ئێدیرنە دەڵێت "ئێمە خەڵکمان لە شەقامەکان بانگ کرد و وڵاتمان رزگار کرد".

دەڵێت، "ئەو شەوە، هێزی باگندانمان بینی."

ئەردۆغان ئایین دەکاتە تەوەرێکی دووبارەبوونەوەی وتارەکانی لە کاتێکدا نزیک دەبێتەوە لە هەڵبژاردنێک کە ڕاپرسییەکان دەریدەخەن ڕەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی کێشە ئابوورییەکانی تورکیاوە بدۆڕێت.

ئەو نەیارە عەلمانییەکانی بە هەوڵدان بۆ "بێدەنگکردنی بانگدان" تۆمەتبار دەکات، تۆمەتێک کە دەنگدانەوەی لەگەڵ موسڵمانە پابەندەکاندا هەیە کە زۆربەیان پاڵپشتی ئەردۆغان دەکەن.

هیچ لایەنێکی سیاسی داوای بێدەنگکردنی بانگدانی نەکردووە.

بەڵام ئێرۆل کۆیمەن، کە لە زانکۆی شیکاگۆی ئەمەریکا خوێندکاری دکتۆرایە و لە تیۆری کۆمەڵایەتی و مۆسیقای تورکی و عوسمانی دەکۆڵێتەوە، دەڵێت دەنگدەرانی عەلمانی تا دێت نیگەرانیان زیاتر دەبێت.

کۆیمەن دەڵێت "پێموایە هەستێکی بەربڵاو لە نێو عەلمانییەکاندا هەیە کە دەڵێت بەرزبوونی دەنگی بانگ بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕژێمی دەسەڵاتدار بۆ گۆڕینی کایەی گشتی تورکیا لە دوای هەوڵی کودەتاکە".

دەڵێت، "ئەمەش لە بەرامبەردا، بێزارییەکی زیاتری بەرامبەر بانگدان لە نێو عەلمانییەکاندا دروستکردووە."

بە ئاماژەدان بە نیگەرانییە تەندروستییەکان، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئایینی تورکیا کە تادێت بەهێزتر دەبێت، ساڵی 2017 داوای لە مزگەوتەکان کرد دەنگی بانگەکانیان 80 دیسیبڵ زیاتر نەبێت، ئەمەش یەکسانە بە دەنگی ئامێرێکی خەبەرکردنەوە.

لە مزگەوتی کۆن لە ئەدێرنە، موفتی بۆزکورت توڕەیە لەوەیە کە دەنگی بانگ کەمکراوەتەوە.

ئەو دەڵێت، "بانگدان مافێکی یاساییە. هەروەک چۆن مەسیحییەکان دەتوانن بە ئاسانی گوێ لە زەنگی کڵێسا بگرن، پێویستە هەموو موسڵمانان بتوانن گوێیان لە بانگەوازی نوێژ بێت."

XS
SM
MD
LG