Accessibility links

دادگای سوید بەهۆی تاوانێکی ساڵی 1988، سزای هەتاهەتایی دەسەپێنێت بەسەر بەرپرسێکی پێشووی ئێراندا


پشتیوانانی موجاهدینی خەلق لە ستۆکۆڵم بەبۆنەی سزادانی حەمید نووری خۆشحاڵی دەردەبڕن
پشتیوانانی موجاهدینی خەلق لە ستۆکۆڵم بەبۆنەی سزادانی حەمید نووری خۆشحاڵی دەردەبڕن

دادگایەکی سوید ڕۆژی پێنج شەممە سزای هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووری، بەرپرسێکی پێشووی زیندانێکی ئێراندا سەپاند، بەهۆی ئەو تاوانانەی کە لە کاتی پاکتاوکردنی جودابیران لە ساڵی 1988دا لە ئێران ئەنجامدرا. ئەمەش یەکەم دادگایی بوو لەو وڵاتە پەیوەست بەو کۆمەڵکوژیەی کە لە دوای شەڕی ئێران و عێراق روویدا.
دادگایەکی ستۆکۆڵم لە بەیاننامەیەکدا گوتی نووری تەمەن 61 ساڵ بە تۆمەتی "تاوانێکی گەورەی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان" و "کوشتنی بەئەنقەست" سزا دراوە.

دادگاکە گوتی، "سزاکە زیندانی هەتاهەتاییە".

بە گوێرەی ئەو دادگایە، لە کاتی ڕووداوەکاندا نووری لە بەندیخانەیەکی نزیک تاران یاریدەدەری داواکاری گشتی بووە.

دادگاکە دەڵێت، "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تۆمەتبارەکان، بە هاوبەشی و بە دەستێوەردان لەگەڵ کەسانی دیکە، بەشدارییان لە ئەنجامدانی کردەوە تاوانکارییەکاندا کردووە".

"ئەو بە ناوی نادیار و لە ڕۆڵی یاریدەدەری جێگری داواکاری گشتیدا، زیندانییەکانی وەرگرتووە و بردوونی بۆ بەردەم لیژنەکە و تا شوێنی کوشتن (ئیعدام) بردوونی".

ئەم پرۆسەی دادگاییەی کە لە مانگی هەشتی 2021 ەوە بەردەوامە، پەیوەندییەکانی نێوان سوید و ئێرانی گرژتر کردووە و بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی کە رەنگە ئێران تۆڵەی ئەمە لە زیندانییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بکاتەوە کە لە ئێراندا بەندکراون. دوو هاووڵاتیی سویدی-ئێرانی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

کەیسەکەی نووری پەیوەندی بە کوشتنی لانیکەم 5 هەزار زیندانییەوە هەیە کە دەگوترێت ئایەتوڵا خومەینی ڕێبەری باڵای ئەوکاتی ئێران خۆی فەرمانی کوشتنی بۆ دەرکردون.

کوشتنەکان تۆڵەی ئەو هێرشانە بوون کە لەلایەن گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری، موجاهدینی خەلقی ئێرانەوە لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی 1980-1988 ئەنجامدرابوون.

بەدرێژایی نۆ مانگی دانیشتنەکان، نووری، کە زۆرجار بزە لەسەر لێوی بوو و وادەردەکەوت کە نمایش بکات، ئیفادەی دەستگیرکراوەکانی پێشووی رەتکردەوە.

ئاماژەی بەوەدا کە لەو ماوەیەی باسی لێوە دەکرێت، ئەو مۆڵەتی هەبووە و لە زیندانێکی دیکەدا خزمەتی کردووە. نووری ئەو تۆمەتانەی بە پیلانێکی موجاهیدینی خەڵک بۆ ناشیرینکردنی ناوبانگی ئێران لەقەڵەمدا.

نووری لە کۆتا ڕۆژی دانیشتنەکانی 4ی مانگی پێنجدا بە دادگای وت، "هیوادارم ئەم دەستانە پاک بکرێنەوە... بە یارمەتی خودا".

لەنێو دەیانکەسدا کە لەبەردەم دادگادا گەواهییان دژی نووری دا، چەند شایەتحاڵێک دەڵێن دەستبەجێ ناسیویانەتەوە.

یەکێک لە سکاڵاکاران بە ناوی رەزا فەلاحی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "کاتێک لە سەرەی مەرگدا بووم... چانسی بینینیم هەبوو و شاهیدی ئەوە بووم کە هەرکات ناوی هەندێک کەسیان دەخوێندەوە[نووری] بەدوایاندا تا ژووری مەرگ دەڕۆیشت ".

نووری لەمانگی یانزەی 2019 لە فڕۆکەخانەی ستۆکۆڵم دەستگیرکرا، دوای ئەوەی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە سوید لەلای پۆلیس سکاڵایان تۆماکرد.

لە میانی دادگاییکردنەکەدا کە بۆ ماوەیەکی کورت گواسترایەوە بۆ ئەلبانیا بۆ گوێگرتن لە هەندێک ئیفادە لە کۆتایی ساڵی 2021دا، لایەنگرانی موجاهیدینی خەڵک لە دەرەوەی دادگای ستۆکۆڵم گردبووبوونەوە. بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد. لەگەڵ راگەیاندنی بڕیارەکە ڕۆژی پێنجشەممە چەند سەد کەسێک لە دەرەوەی دادگا گردبووبوونەوە.

خۆپیشاندەران بە دروشمەوە دەیانگوت، "سوێند دەخۆین بە یادی ئەو کەسانەی کۆمەڵکوژکراون، تا کۆتایی دەمێنینەوە".

ئەم دادگاییکردنە چاوەڕێدەکرێت پەیوەندییە ساردەکانی سوید و ئێران هێندەی تر ساردتر بکات.

XS
SM
MD
LG