Accessibility links

ڕاپۆرتێکی جیهانی دەڵێت بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری چەندین نەوەی دیکەی دەوێت 


ڕاپۆرتێکی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی دەریخستووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) یەکسانی ڕەگەزی یاخود جێندەری نەوەیەک بردۆتە دواوە. داخستنی ئەو بۆشاییە دوای سێ ساڵ لە خراپبوونی ئابووری زیاتر لە 100 ساڵی دیکە دەخایەنێت.

لە ڕاپرسییەکدا، کە لە 146 وڵات ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئایسلەندا یەکسانترین وڵاتە لە رووی رەگەزەوە و تاکە وڵاتی جیهانە کە زیاتر لە 90%ی جیاوازییە رەگەزییەکانی بنبڕکردووە. ڕاپۆرتی جیهانی بۆشایی جێندەری وڵاتان بەپێی ئەدای خۆیان لە بواری تەندروستی، پەروەردە، بەشداریی ئابووری و دەرفەت، و بەهێزکردنی سیاسی ڕیزبەند دەکات.

سێ وڵاتی باکووری ئەوروپا (فینلەند، نەرویج، و سوید) لە ڕیزبەندی 10 باشترین وڵاتانی جیهاندان بۆ یەکسانی جێندەری. دوو وڵاتی ئافریکایی - ڕواندا لە پلەی شەشەم و نامیبیا کە لە پلەی هەشتەمدان. ئەمەریکا لە ساڵی رابردوو بە سێ پلە بەرزبووەوە و گەیشتە پلەی 27 لە ریزبەندییەکەدا. خراپتری وڵاتی جیهان بۆ یەکسانی جێندەری بەپێی ریزبەندییەکە ئەفغانستانە.

سەعدیە زاهیدی، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، وتی ژنان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ کاریگەری قەیرانی ئێستای تێچووی ژیانیان لەسەرە. وتی ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانی کار لە کاتی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامی ناتەواوی ژێرخانی چاودێری لە ماڵەوە و چاودێری منداڵان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها وڵاتانی باکوری ئەوروپا لەو بوارەدا ئاستێکی باشیان هەیە.

زاهیدی دەڵێت "ئەوان لە ڕاستیدا سیستەمگەلێکیان داناوە کە وا دەکات چاودێری باشتر لە خێزانەکاندا دابەش بکرێت و هەروەها چارەسەری دیکەش بدۆزنەوە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت کاتێک باس لە چاودێری دەکرێت. ئەوە یەکێکە لەو بوارانەی کە حکومەتەکانی دیکە بە باشی دەتوانن وەبەرهێنانی تێدا بکەن، و بەڕاستی وەبەرهێنانێکە چونکە سوودی هەیە. ڕێگە بە ژنانی زیاتر دەدات بچنە ناو هێزی کارەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرنگە ئەو بەربەستە بنەڕەتییانە لاببرێن کە ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دارایی و دیجیتاڵییەکان ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بە تایبەتی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بۆیان دەردەکەوێت کە ئەوە پرسێکی گەورەیە ئەگەر بیانەوێت ژنانی زیاتر تێکەڵ بە هێزی کار بکەن.

بەربەستێکی دیکە لەبەردەم بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری پەروەردەیە. زاهیدی ئاماژەی بەوەدا کە بۆشایییەکی زۆری جێندەری لە خوێندنی باڵادا لە زۆر وڵات پڕکراوەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا دەرکەوتووە کە ئەمەریکای باکوور باشترین ناوچەیە لەڕووی هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری.

دەڵێت ئەگەر گۆڕان بەم رێژەیە بەردەوام بێت ئەوا ئەو ئامانجە 59 ساڵی تر وەدی دێت. ئەوروپا کەمێک لە دواوەیە و دوای 60 ساڵی تر چاوەڕێدەکرێت جیاوازی رەگەزی بنبڕبکات.

ڕاپۆرتی لیسا شلاین- دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG