Accessibility links

شازادە بەهێزەکەی عەرەبستانی سعودیە ملکەچی خواستەکانی ڕۆژئاوا نابێت


محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی بەهێزی عەرەبستانی سعودیە 4 ساڵ لەمەوبەر توانی بەبێ ترس لە توڕەیی نێودەوڵەتی بەرامبەر کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوس خۆی دەرباز بکات، لە کاتێکدا سەرکردە ڕۆژئاواییەکان کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵیان دەدا کەنارگیری بکەن، ئێستا داوای پشتیوانی لێ دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، کە شازادە بن سەلمانی بە فەرمانی کوشتنی خاشقچی تۆمەتبار کردووە و گوتی پێویستە عەرەبستانی سعودیە پەراوێز بخرێت، وا بڕیارە ڕۆژی هەینی سەردانی ئەو وڵاتە بکات کە بەرهەمهێنەرێکی مەزنی نەوتە لە جیهان بە هیوای دابەزاندنی نرخی نەوت.

ئەو شوێن پێی ئەو سەرکردانەی ئەوروپا دەکەوێت کە کوشتنی خاشقچییان لە ساڵی 2018 لەلایەن تیمێکی سعودیەوە لە ئیستەنبوڵ شەرمەزار کرد، بەڵام کۆکن کە ناتوانن ئەو وڵاتە مەزنەی بەرهەمهێنەری وزە و فەرمانڕەوا پراکتیکییەکەی فەرامۆش بکەن.

بن سەلمان ته‌مه‌نى ته‌نها 36 ساڵه‌ و هێشتا چاوه‌ڕوانى میراتگری ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ باوکە بە تەمەنەکەیەوە، پادشا سه‌لمان. ئەو شازادەیە هەر لە ئێستاوە کاریگەری خۆی لەسەر وڵاتەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخستووە.

ئەو توانی ئۆپۆزیسیۆن تێکبشکێنێت و ڕکابەرەکانی پەراوێزبخات. لە هەوڵی بێوچان دایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوخۆی وڵاتەکەی لە هەمان کاتدا سیاسەتێکی دەرەکی بەهێزتر لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکات، هەنگاوگەلێکی گرتۆتەبەر کە هاندەرانی دڵخۆشکردووە، هاوپەیمانە کۆنەکانی ڕیازی نیگەرانکردووە و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤی تووشی شۆک کردووە.

کوشتنی خاشقچی کە ڕەخنەگرێک بوو لە بارودۆخی ناوخۆی وڵاتەکە، گورزێکی قورس بوو بە تایبەتی لە شکۆمەندی شازادە موحمەد بن سەلمان. ئەو ڕەتیکردووەتەوە فەرمانی کوشتنەکەی دەرکردبێت هەرچەندە بەرپرسیارێتی کۆتایی "وەک سەرکردەیەک" قبوڵکردووە.

کوشتنەکەی خاشقچی بووە هۆی کەمکردنەوەی هەندێک لە وەبەرهێنەران و هاوکات بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ناساندنی خۆی وەک چاکسازیخوازێک کە بە دوای ئازادی نوێدا دەگەڕێت لە شانشینێکی موحافیزکار کە پیرۆزترین شوێنەکانی ئیسلامی تێدایە.

بەڵام ئەو ڕاستیەی کە ڕووبەڕووی سەرکردەیەکی بەهێز بوونەتەوە کە دەتوانێت بۆ چەند دەیەی داهاتوو گەورەترین ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەببات، پێدەچێت ڕەخنەگرانی دەرەوەی وڵاتەکە پاشەکشەیان کردبێت.

ئەیهەم کامێل لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری گروپی یۆراسیا دەڵێت "تەواوی هەوڵی ڕۆژئاوای دوای خاشقچی بۆ هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی کارکردن لەگەڵ محمەد بن سەلمان وردە وردە لەناوچوو و سەردانەکەی بایدن بە ڕاستی فیشەکێک بەو بیرکەیەوە دەنێت. "

هەروەها دەشڵێت "بایدن دەچێتە ئەوێ بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبستانی سعودیە و ئەمەریکا لە ژینگەی جیۆپۆلەتیکی ئێستادا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا، کێبڕکێی چین، کێشەکانی وزە و کاریگەری ناوچەیی عەرەبستانی سعودیە کە پێویستە چاکبکرێت. "


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG