Accessibility links

عێراق لە نێوان بەرداشی ئیسرائیل و هاوپەیمانە تازەکانی و ئێران دا


هەرچەندە عێراق داوەتکراوە بۆ ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنی و بەرگری نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، بەڵام بەشداریکردنی عێراق لەو ڕێککەوتنەدا قورسە، بەو پێیەی هاریکارییەکە دژ بەهەڕەشەکانی ئێرانە و هێزە شیعەکانی نزیک لەو وڵاتەش لە عێراق دا باڵادەستن.

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنی و بەرگری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ( ئیمارات، میسر، ئەردەن، سعودیە و بەحرەین)، بریتی یە لە دامەزراندنی سستمێکی ئەمنی لەناوچەکەدا و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێ بۆ بەرگرتن بە هەڕەشەکانی ئێران.

دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، لە بارەی ناوەڕۆکی سستمە ئەمنیەکەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەم سستمە ئەمنییەی دروست دەکرێت، سستمێکی تۆکمەی فرە ئاستە بۆ تۆخکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، بەسود وەرگرتن لە توانا تەکنەلۆژی و ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل، تا بتوانن ڕێگری بکەن لە درۆن و هێزی بالیستی ئێران."

دروستکردنی سستمی ئەمنی و ڕێککەوتنی هاریکاری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، جۆرێک لە جەمسەرگیری لەناوچەکە دروست دەکات لەنێوان ئێران و ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە سستمە ئەمنیەکەدا، کە ئامانج لێی بەتاڵکردنەوەی کارتەکانی ئێرانە.

دکتۆر سەردار وتی"سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بۆ سستمە ئەمنیەکە نیە، شا محەمەد بن سەلمانیش وەکو پادشای سعودیە دەست بەکاردەبێت، ئەمەش گۆڕانکاری لەنێوخۆی سعودیە و ناوچەکە دروست دەکات و جەمسەرگیرییەکە تۆختر دەکاتەوە."

ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنی و بەرگری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت، بەو پێیەی گەر عێراق بچێتە نێو ڕێککەوتنەکەوە کە ڕۆیشتنی ئەستەمە، لە وڵاتانی عەرەبی نزیک دەبێتەوە و لە ئێران دووردەکەوێتەوە، گەر نەشڕواتە نێو ڕێککەوتنی سستمە ئەمنیەکەوە، عێراق دەکەوێتە نێوان بەرداشی ئێران و ئەو وڵاتانەوە.

دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە، دروستبوونی سستمی ئەمنی عێراق دەخاتە نێوان بەرداشی سستمەکە و ئێرانەوە و دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، وتی"گەر عێراق ببێتە بەشێک لە سستمەکە ئەوا لە ئێران دووردەکەوێتەوە و لە وڵاتانی عەرەبی نزیک دەبێتەوە، زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە چاوەڕێی ئەنجامی دانیشتنەکانی تایبەت بە دروستکردنی سستمە ئەمنیەکەن."

بەبڕوای دکتۆر سەردار عەزیز، ئەمەریکا نایەوێت ڕاستەوخۆ لە ناوچەکە شەڕ بکات، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت بە پشت بەستن بەوانیتر، دۆخێکی وا بخوڵقێنێت ئیدارەی ناوچەکە بدات، وتی"دروستکردنی ئەم سستمە بەرامبەر ئێران، بۆ ئیدارەدانی ناوچەکەیە، ئێرانیش وایدەبینێت بەرەیەک لە ناوچەکە لە دژی دروست دەبێت و لە قازانجی ئیسرائیلە، وڵاتانی تر هاوکاری ئیسرائیل دەکەن، شەڕی نێوان ئێران_ئیسرائیل دەگۆڕێت بۆ شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژاوا."

دوای کێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمانی عێراق، موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر بەبیانووی بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیەی کرد، بەڵام لایەنە ڕکابەرەکانی پێیانوایە سەدر چاوەڕوانی ئەنجامی گفتووگۆکانی تایبەت بە دروستکردنی ئەم هاریکارییە ئەمنیە دەکات، لەو بارەیەوە دکتۆر سەردار دەڵێت"سەدر یاری لەنێوان هەردوو جەمسەرەکە دەکات، دەیەوێت لە بری ئێران و هاوپەیمانەکانی، خۆی لە عێراق باڵادەست بێت، لەگەڵ کەنداو پەیوەندی باشە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی هاوپەیمانێتی، بۆیە دروستبوونی ئەم جەمسەرگیرییە بۆ سەدر گرنگە، تا بزانێت دواتر چی دەرفەتێکی بۆ دەڕەخسێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:47 0:00

XS
SM
MD
LG