Accessibility links

پەنجە درۆینەی پاندای سەرەتایی گەورە لە چین دۆزرایەوە


ئەو ئێسکە کۆنانەی لە چین دۆزراونەتەوە یارمەتی زانایان دەدەن باشتر لە گەشەکردن، یان پەرەسەندنی پاندای سەردەم تێبگەن.

پاندا ئاژەڵێکە جۆرێکە لە ورچ و لە دارستانەکانی چیاکانی باشووری ڕۆژئاوای چین دەژین. خۆراکی سەرەکی پانداکان ڕووەکێکە کە پێی دەوترێت بامبوو. لە ئێستادا پسپۆڕان ژمارەی پاندای کێوی لە ژێر ٢٠٠٠ سەر مەزەندە دەکەن .

توێژەران لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند بەردبوو یان ئێسکی پاندایەکی لەناوچوو بە ناوی ئایلورارکتۆس Ailurarctos یان دۆزیوەتەوە لە نزیک شاری ژاوتۆنگ لە باکووری پارێزگای یوونان لە چین. تەمەنیان نزیکەی ٦ ملیۆن ساڵە و لە باپیرانی پاندای سەردەمن.

ئەو بەردبووانە یارمەتی زاناکانیان داوە لە پەرەسەندنی پێکهاتەیەکی ئێسک تێبگەن، یارمەتی پاندا دەدات بامبوو بخۆن و پێی دەوترێت پەنجەی گەورەی درۆینە.

ئەو پەنجە گەورە درۆینەیەی لە ئایلورارکتۆسدا دۆزراوەتەوە هاوشێوەی ئەوانەیە پاندای ئەم سەردەمە هەیانە. بەڵام درێژترە و چنکی نییە کە پاندا بەکاری دەهێنێت بۆ خواردنی بامبوو.

بەردبووەکان کۆنترین بەڵگەی ناسراون لەسەر پەنجە گەورەی درۆینە، کە بە ڕاستی ئێسکێکی گەورەکراوی مەچەکە پێی دەوترێت سیسامۆیدی ڕادیاڵ. مەچەک جومگەیەکی جەستەیە ڕێگە بە جووڵەی دەست دەدات.

پەنجە گەورەی درۆینە گونجاندنێکە یارمەتی پێنج پەنجەی لەئێستادا پاندا هەیەتی دەدات شتەکان بگرن.

دەستی ورچ پەنجەی گەورەی بەرامبەری نییە، مرۆڤ و ئاژەڵە پەیوەندیدارەکانی تر کە پێیان دەوترێت سەرەتاییەکان، خاوەنی پەنجەی گەورەی بەرامبەر بە پەنجەکانی دیکەین.

ئەوان ڕێگە بۆ نموونە بە مەیمونەکان دەدەن بە بەکارهێنانی پەنجە شتەکان بگرن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. پەنجەی گەورەی درۆینەش لە پاندادا بە شێوەیەکی هاوشێوە کاردەکات.

توێژەران بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010 ئێسکێکی ئایلورارکتۆسیان لە باڵدا دۆزیەوە، دواتر لە ساڵی 2015دا ددان و پەنجەی گەورەی درۆینەیان دۆزیەوە، ئەمەش وایکرد باشتر لە ئاژەڵەکە تێبگەن. تا ئێستا کۆنترین بەڵگەی ناسراو لەسەر ئەم پێکهاتە پەنجە گەورەیە تەمەنی 102 بۆ 49هەزار ساڵ بووە. لە هەمان جۆری پاندا هاتووە کە لەمڕۆدا دەژین.

توێژەران دەڵێن، پەنجەی گەورەی درۆینە لە ورچێکی دیکەدا نەبووە کە نزیکەی 9 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاون.

شیاومینگ وانگ نووسەری سەرەکی ئەو توێژینەوەیە کە لە ڕاپۆرتە زانستییەکاندا بڵاوکراوەتەوە. لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی لە ناوچەی لۆس ئەنجلۆس لە بەردبووەکان دەکۆڵێتەوە گوتی "پەنجەی گەورەی ساختە وەک پەنجەی بەرامبەر بە پەنجەکانی‌دیکە بەکاردەهێنێت بۆ گرتنی بامبوو ، هاوشێوەی پەنجەی گەورەی مرۆڤ تەنها ئەوە نەبێت کە دەکەوێتە مەچەکەوە و زۆر کورتترە لە پەنجەی گەورەی مرۆڤ."

پەنجەی گەورەی درۆی پاندای سەردەم بەسوودترە لە نەوەکانی پێشووتر کە لە Ailurarctos دا دۆزرایەوە.

وانگ گوتی پەنجەی گەورەی درۆینە کە چەماوەتەوە گرتنێکی باشتر دەرەخسێنیت و کەمتر لە جەستە دێتە دەرەوە. ئەمەش وا دەکات پاندا ئاسانتر پەلی بەکاربێنێت بۆ ڕۆشتن. وانگ گوتی زاناکان پێیان وایە ئەوە هۆکارێکە کە پەنجەی گەورەی درۆینە لە پاندای سەردەمدا کورتتر بووەتەوە نەک درێژتر.

پەنجەی گەورەی درۆینە ڕێگە بە پانداکان دەدات بامبۆ بگرن بۆ خواردن بەڵام نەک بۆ ئەوەی خواردنەکە سووڕ پێبەن وەک ئەوەی پەنجەی گەورە ڕێگەی پێدەدات.

تاو دێنگ لە ئەکادیمیای زانستی چین لە بەیژین و زانای بواری شوێنەوارناسی و هاونووسەری توێژینەوەکەیە وتی "پەنجە گەورەی درۆیینەی پاندا زۆر کەمتر کاریگەرە لە پەنجە گەورەی مرۆڤ، بەڵام بەسە بۆ ئەوەی توانای گرتنی بامبوو بۆ خورادن بە پاندا بدات".

زانایان ٣ تەنۆلکەی ژێر ئەتۆمی نوێیان دۆزیەوەتەوە

ئەو زانایانەی کە لە نزیک ژنێڤ کار لەسەر بەریەککەوتنی گەورەی هادرۆن دەکەن ناسراو بە LHC سێ تەنۆلکەیان دۆزیوەتەوە کە پێشتر نەبینراون.
ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی ئەوروپی (سێرن) کە پێکدادەری
LHC ی دروستکردووە، بەم دواییانە ئەم دۆزینەوەی ڕاگەیاند.

پێکدادەری LHC درێژییەکەی 27 کیلۆمەترە لە (سێرن)، ئەو ئامێرەیە تەنۆلکەی بۆزۆن هیگزی دۆزیەوە. بڕوایەک هەیە ئەم تەنۆلکەیە لەگەڵ کێڵگە وزەییە بەستراوەکەیدا گرنگن بۆ دروستبوونی گەردوون دوای تەقینەوە گەورەکە 1307 ملیار ساڵ لەمەوبەر.

کۆمپانیای (سێرن) دەڵێت LHC کار بۆ تێشکاندنی پێکدادانی دوو تیشك بەیەکدا دەکات و بەکارهێنانی ئامێری تایبەت بۆ تۆمارکردنی ئەنجامەکان.

دوو تیشکی ناو LHC وای لێدەکرێت لە چوار شوێندا لە دەوری بازنەکەدا بەیەکدا بدەن، یان بەر یەکتر بکەون. لەو شوێنی پێکدادانەدا چوار ئامێری هەستیاری دیاریکردنی تەنۆلکە هەیە بە (ئەتڵەس، سی ئێم ئێس، ئالیس و ئێل ئێچ سی بی) ناسراون .

پێگەی ماڵپەڕی (سێرن) دەڵێت (ئەتڵەس و سی ئێم ئیس) تەواوی خاڵی پێکدادانەکە بە ئامێرێکی دۆزەرەوەی داخراو ناسراو بە سەبدیتێکتەر دەورە دراون.

تاقیکردنەوەی LHCb دۆزەرەوەی لاوەکی بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە تەنۆلکەکانی سەرەتا. ئەمانە ئەو تەنۆلکانەن کە بەهۆی پێکدادانەکە بە ئاڕاستەی پێشەوە دەڕۆن. یەکەم سەبدیتێکتەرەی لاوەکی نزیکە لە خاڵی پێکدادان، ئەوانی دیکەش هەر 20 مەتر بە دوایدا دێن.

گروپی کاری LHCb جۆرێکی نوێی "پێنتاکوارک" و یەکەم جووتە "تێتراکوارک"ی بۆ یەکەم جار بەدیکردوە. ئەو دۆزینەوانە کە لەم دواییانەدا لە (سێرن) لە 5ی مانگی7دا خراونەتەڕوو، سێ ئەندام زیاد دەکەن بۆ لیستی هادرۆنە نوێیەکان کە لە (ئێل ئێج سی)دا دۆزراونەتەوە.

توێژینەوەکە یارمەتی زاناکانی فیزیا دەدات باشتر لەوە تێبگەن کە چۆن کوارکەکان پێکەوە دەبەسترێنەوە، یان شێوەی پەیوەندیان بۆ دروستکردنی تەنۆلکەی پێکهاتەیی.

کوارکەکان ئەو تەنۆلکانەن بە زۆری بە گروپی دوو و سێ کۆدەبنەوە یان یەک دەگرن و هادرۆن دروست دەکەن وەک پرۆتۆن و نیوتڕۆنەکان کە گەردیلە ئەتۆمییەکان پێکدەهێنن.

بەڵام بە دەگمەنتر دەتوانن بۆ تەنۆلکەی چوار کوارک و پێنج کوارک یەکبگرن. ئەمانە پێیان دەوترێت تێتراکوارک و پێنتاکوارک.

کریس پارکس وتەبێژی LHCb لە بڵاوکراوەیەکدا باسی لە تەنۆلکە نوێیەکان کردووە، دەڵێت "دۆزینەوەی جۆرە نوێیە چوارینەکانی تێتراکوارک و پێنجەکانی پێنتاکوارک و پێوانەکردنی تایبەتمەندییەکانیان، یارمەتی تیۆریستەکان دەدات مۆدێلێکی یەکگرتوو لە هادرۆنە نامۆکان پەرەپێبدەن" نامۆ زاراوەیەکە بە واتای نائاسایی دێت.

پارکس گوتی سروشتی وردی ئەم تەنۆلکە نامۆیانە نازانراوە. سەرباری ئەمەش دەڵێت" دۆزینەوە نوێیەکان یارمەتی زانایان دەدات باشتر لە هادرۆنەکان تێبگەن کە پێشتر دۆزراونەتەوە".

زانای فیزیا نیلس تیونینگ لە بڵاوکراوەیکدا رایگەیاندووە" تا توێژینەوە وردترەکان ئەنجام بدەین، جۆرەها هادرۆنی نامۆ زیاتر دەدۆزینەوە".

تیونینگ زیاتر گوتی "ئێمە لە سەروەختی قۆناغێکی دۆزینەوەین هاوشێوەی ساڵانی پەنجاکان، لەو ماوەیەدا تەنۆلکەی ژێر ئەتۆمی نوێ دەدۆزرانەوە کە بووە هۆی بیرۆکەی نوێ سەبارەت بە فیزیای ژێر ئەتۆمی.

لە ڕێگای پرۆسەی نوێی ڕۆشنەپێکهاتنی دەستکرد ڕووەک دەتوانێت لە تاریکیدا گەشە بکات

زانایان پرۆسەیەکی ڕۆشنەپێکهاتنی دەستکردیان پەرەپێداوە کە ڕووەک لە تاریکیدا دەتوانێت گەشە بکات. پرۆسەکە بۆ ئەوە دانراوە کە ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک دابین بکات لەگەڵ گەشەکردنی خواست و داوا لەسەر ئاستی جیهان.

ڕۆشنەپێکهاتن بریتییە لەوەی ڕووەکەکان وزە لە خۆرەوە وەردەگرن بۆ بەرهەمهێنانی کاربۆن و ئۆکسجینی پشتگیری ژیان دەکات، پرۆسەکە گرنگە بۆ پشتگیریکردنی گەشەی زۆرێک لە ڕووەکەکان.

بەڵام زانایان مەزەندەیان کردووە تەنها نزیکەی 1٪ لە وزەی خۆر لە ڕاستیدا لەلایەن ئەو ڕووەکانەوە دەگیرێت کە خۆراک بەرهەم دەهێنن.

توێژەران لە توێژینەوەیەکی نوێدا باس لەوە دەکەن کە ئەو شێوازەی ڕۆشنەپێکهاتنی دەستکرد کە پەرەیان پێداوە تا 18 هێندە کارامەترە لە گەشەکردنی لە هەندێک خۆراکدا ئەنجامدراوە، دەشتوانرێت پرۆسەکە لە تاریکییەکی تەواودا ئەنجام بدرێت.

ئەنجامی توێژینەوەکە لەم دواییانەدا لە بڵاوکراوەی Nature Food بڵاوکراوەتەوە. تیمی توێژینەوەکە لە ئەندامانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ڕیڤەرسایید و زانکۆی دێلاوێر پێکهاتبوون.

توێژەران "سیستەمی ئەلکترۆلایزەر – شیکەرەوەی ئەلیکترۆنی"یان بەکارهێنا بۆ گۆڕینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئەلیکتریک و ئاو بۆ ئەسیتات. ئەسیتات پێکهاتەی سەرەکییە کە لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی ناوماڵدا هەیە، لەوانە سرکە.

توێژەرانی زانکۆی دێلاوێر لە بڵاوکراوەیکدا ڕایانگەیاندووە، پرۆسەی ئەلکترۆلایزەر بە شێوەیەکی کاریگەر ٪٥٧ی وردیلەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی گۆڕیوە بۆ ئەسیتات. پاشان تێکەڵەی ئەسیتاتی دەرهاویشتوو وەک خۆراک بەکارهاتووە بۆ گەشەکردنی ڕووەکەکان لە تاریکیدا.

توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر نۆ ڕووەکی خۆراکی جیاواز کردووە. لەوانە کاهوو، برنج، نۆک، بەزالیا، تەماتە، بیبەر و تووتن. تیمەکە ڕایانگەیاندووە هەموو ئەم ڕووەکانە توانیویانە کاربۆن لە ئەسیتاتەکە وەربگرن.

هەروەها تاقیکردنەوە لەسەر قەوزە و خومرە و قارچک ئەنجامدراوە. توێژینەوەکە دەریخستووە پرۆسەکە سەبارەت بە قارچکەکان چوار هێندە کاراتر بووە لە گەشەکردنی مادەکە بە شێوەیەکی ڕۆشنەپێکهاتن بە تیشکی خۆر. هەروەها بەرهەمهێنانی خومرە ١٨ هێندە کاراتر بوو لە پرۆسەی ئاسایی کە شەکری لە گەنمەشامیدا کۆکردۆتەوە.

کاهوو باشترین ئەنجامی لە ڕۆشنەپێکهاتنی دەستکردی بەرهەم هێناوە لە نێوان هەموو ئەو بەرهەمە خۆراکیانەی تاقیکراونەتەوە.

ئەلیزابێس هان کاندیدی دکتۆرایە لە تاقیگەی جینکەرسۆنی لە ڕیڤەرساید لە کالیفۆرنیا و نوسەری بەشداری توێژینەوەکەیە دەڵێت "توانیمان زیندەوەرە بەرهەمهێنەرەکانی خۆراک گەشەپێبدەین بەبێ ئەوەی هیچ بەشدارییەکی ڕۆشنەپێکهاتنی بایۆلۆژی هەبێت".

هان ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە زۆر کارامەترە لە گۆڕینی وزە بۆ خۆراک لە ڕێگای شێوازەکانی ڕۆشنەپێکهاتنی بایۆلۆجی کە بۆ ملیۆنان ساڵە ڕوودەدات.

هەروەها توێژەران ڕایانگەیاندووە کە پرۆسەکە کارایی وزەی زیاد کردووە. کاتێک پێکەوە لەگەڵ خانەیەکی وزەی خۆر بەکارهێنراوە بۆ کارپێکردنی ئەلکترۆلایزەر، شێوازەکە تەنها یەک لەسەر چوار وزەی پێویستبوە بۆ گەشەکردنی هەمان بڕی خۆراک کە بەهۆی تیشکی خۆر و ڕۆشنەپێکهاتنی سروشتییەوە دروست دەبێت.

زاناکان رایانگەیاندووە، شێوازەکەیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە خەریکە گەشەکردنی بەرروبوومە باوەکان سەختر دەکات.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە: "وشکەساڵی، لافاو و کەمبوونەوەی بەردەستبوونی زەوی کەمتر مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان دەبێت، ئەگەر بەرهەمەکان بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان لە ژینگەیەکی کەمتر سەرچاوە چڕ و کۆنترۆڵکراودا گەشە بکەن".

ڕۆبێرت جینکەرسۆن پرۆفیسۆری ئەندازیاری کیمیا و ژینگەیە لە زانکۆی ڕڤەرساید گوتی "گەشەپێدانی خۆراکەکان لە ڕێگەی ڕۆشنەپێکهاتنی دەستکردەوە دەتوانێت یارمەتی جیهان بدات بۆ دابینکردنی خواستی بەرزبوونەوە بۆ خۆراک بەبێ فراوانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

جینکەرسۆن گوتی: "بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەهێزکردنی پرۆسەکەمان دەتوانێت ڕێگە بدات بە بەرهەمهێنانی خۆراک یان خۆراکی زیاتری ئاژەڵان لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراوی زەوی."

توێژەران رایانگەیاندووە، پلانیان هەیە بەردەوام بن لە باشترکردنی سیستەمی ئەلکترۆلایزەر بۆ بەرهەمهێنانی تێکەڵەیەکی کاریگەرتری ئەسیتات. هەروەها دەیانەوێت ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەگەری ئەندازیاری زیندەیی ڕووەکەکان کە بە تەواوی لەسەر ئەسیتات گەشە دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:23 0:00

XS
SM
MD
LG