Accessibility links

باڵیۆزی ڕووسیا لە لەندەن: پێناچێت ڕووسیا لە بەشێکی ناوچەکانی کەناراوەکانی باشووری ئۆکرانیا بکشێتەوە


باڵیۆزی ڕووسیا لە لەندەن بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێناچێت ڕووسیا لە بەشێکی ناوچەکانی کەناراوەکانی باشووری ئۆکرانیا بکشێتەوە و بە تەواوەتی هێزەکانی ئۆکرانیا لە تەواوی ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵات دوور دەخرێنەوە.

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە چۆن ئەم ململانێیە کۆتایی پێ دێت، ئاندرێ کێلین، باڵیۆزی ڕووسیا، گوتی کە ئەستەمە بتوانین ئەو هێزانەی کە ڕووسیا و ئەوانەی کە ڕووسیاش پشتیوانییان لێدەکات لە باشووری ئۆکرانیا بکشێنەوە، هەروەها سەربازانی ئۆکرانیا دووردەخرێنەوە لە تەواوی دۆنباس.

کێلین لە چاوپێکەوتنێکدا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە لە لەندەن کە وینستن چەرچڵ لەگەڵ باڵیۆزی جۆزێف ستالین باسی ستراتیژی جەنگی جیهانی دووەمیان کردووە لەو شوێنەوە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە " وا بڕیارە ئێمە هەموو ناوچەکانی دۆنباس ڕزگار بکەین."

ڕووسیا دەڵێت ئۆکرانیا چەندین جار خەڵکی مەدەنی کوشتووە لە هێرشەکان بۆ سەر خاکێک کە لەلایەن جوداخوازانی پشتیوانی ڕووسیا لە دۆنباسی ئۆکرانیا لە ساڵی 2014 ەوە بەدەستیانەوەیە، بەهۆی شەڕەکانی هێڵی پێشەوەی ئەو ناوچەیە هەزاران قوربانی لە هەردوو لای کوژراون زۆر پێش لەشکرکێشیەکەی ئەمساڵی ڕووسیاش.

کێلین گوتی درەنگ یان زوو ئۆکرانیا دەبێت بڕیار بدات، ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا ئەنجام بدات یان "بەردەوام بێت لە هەڵخلیسکان لە گردەکەوە" بۆ ناو وێرانبوون.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕۆژئاوایی بە دەیان ساڵ لە دەستدرێژی کردنە سەر مۆسکۆ تۆمەتبار کرد و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر بیەوێت لە بەرەکانی جەنگدا هەوڵی لێدانی ڕووسیا بدات ئەوا بەخێرهاتنیان دەکەین، بەڵام ئەمە کارەسات بۆ ئۆکرانیا دەهێنێتە ئاراوە.

کێلین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ڕۆیشتنی چەک بە شێوەیەک ڕێکبخرێت کە دۆخی ستراتیژیمان و بەرگریمان بخاتە مەترسییەوە، دەبێت ڕێوشوێنی ڕژد لە دژی ئەوە بگرینەبەر."

شایەنی باسە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانیا، هەروەها بووەتە هۆی وێرانبوونی هەندێک لە شارەکانی وڵاتەکە و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە لە جیهاندا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG