دانیلا داڤیدۆڤ گوتی چەند هەفتەیەکدا دوای ناردنی هێزەکانی کریملن بۆ ئۆکرانیا ڕووسیای بەجێهێشتووە، چونکە ترسی هەبووە ناچار بکرێت بەشداری لە شەڕێکدا بکات کە دژیەتی.
ئەو هونەرمەندە دیجیتاڵییە تەمەن 22 ساڵە کە لە شاری سەینت پیتەرسبۆرگ دەژیا، وتی لەگەڵ درێژبوونەوەی ململانێکان، نیگەرانە لەوەی ڕووسیا دەتوانێت فشار بخاتە سەر گەنجانی وەک ئەو تا لە بواری سەربازیدا بە ناچاری خزمەت بکەن.
داڤیدۆڤ لە کازاخستانەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە "نەمدەویست بچم بۆ جەنگ یان بڕۆم بۆ زیندان، بۆیە بڕیارمدا وڵات جێبهێڵم."
پارێزەران و داکۆکیکارانی مافەکان دەڵێن داڤیدۆڤ تەنیا نموونەیەک لە ژمارەیەکی زیادبووی گەنجانی نێری ڕووسیا کە لە دوای شەڕی ئۆکرانیاوە هەوڵیانداوە خۆیان لە خزمەتکردنی سەربازی بە دوور بگرن.
بەپێی چاوپێکەوتنەکانی ڕۆیتەرز لەگەڵ حەوت گەنج کە هەوڵدەدەن بەشداری خزمەتی سەربازی نەکەن، هەندێک لە گەنجان وڵات بەجێدەهێڵن لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان داوای ئامۆژگاری یاسایی دەکەن چۆن مۆڵەتی بەشداری نەکردن وەدەستبهێنن و هەندێکیان داوای دەوڵەتیان پشتگوێخستووە بە ئومێدی ئەوەیان بە دوایاندا ناگەڕێن.
مەترسی غەرامەکردن یان تا دوو ساڵ زیندانی هەیە بۆ ئەوانەی خۆیان دەدزنەوە لە وڵاتێکدا کە خزمەتکردنی سەربازی بۆ گەنجانی تەمەن 18 بۆ 27 ساڵ ناچارییە.
داڤیدۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، توانیویەتی خۆی لە تۆماری خزمەتی سەربازی دەربهێنێت و وڵات بەجێبهێڵێت، چونکە ئۆفەری کارکردنی لە دەرەوەی وڵات هەبووە. گوتی دەیەوێت ڕۆژێک بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی، بەڵام نیگەرانە کە ڕەنگە ئەوە بەم زووانە ڕوونەدات و دەڵێت "من ڕووسیام خۆشدەوێت و زۆر بیری دەکەم."
پارێزەران و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن خۆدزینەوە لە خزمەتی سەربازی ناچاری لە ڕووسیا زیادیکردووە
