Accessibility links

پۆڵەندا دەستگیرکردنی زانایەک لەلایەن ئێرانەوە پشتراستدەکاتەوە و نەمسا و بەریتانیا ڕەتیدەکەنەوە دیپلۆماتکاریان گیرابێت


میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، سوپای پاسداران چەند دیپلۆماتکارێکی بیانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکردووە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناڕوونی دوای ئەوەی دوو وڵاتی پەیوەندیدار ڕەتیانکردەوە هاووڵاتییەکانیان دەستگیراکرابن.

پۆڵەندا ڕۆژی پێنجشەممە پشتڕاستی کردەوە کە زانایەکی لەلایەن ئێرانەوە گیراوە. نەمسا بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە گوایە دیپلۆماتکارەکانی گیرابن. بە هەمان شێوە بەریتانیا ڕەتیکردووە هیچ دیپلۆماتکارێکی لە ئێران گیرابێت.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان بەهۆی وەستانی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 و زیادبوونی ئەم دواییەی گرتنی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوایی لەلایەن ئێرانەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی فارس و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە سوپای پاسداران چەند دیپلۆماتکارێکی بیانی دەستگیرکردووە. بەرواری دەستگیرکردنەکانیان ئاشکرا نەکرا.

ئاژانسەکە ( فارس) گوتی، "ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئەو دیپلۆماتکارە بیانیانەی لە باڵیۆزخانەکان کاریان کردووە و سیخوڕیان لەسەر ئێران دەکرد دەستنیشانی کردوون و دەستگیریکردوون. هەروەها دواتر دیپلۆماتێکی بەریتانی کە لە لایەن تەلەفزیۆنی دەوڵەتەوە ناویهێنرا، گیڵز ویتیکەر، وەک جێگری بەڕێوەبەری باڵیۆزخانە ناوی هێنرابوو دەرکرا.

لەندەن ڕەتیکردەوە جێگری باڵیۆزی وڵاتەکەی دەستگیرکرابێت و ڕۆژی پێنجشەممەش باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێران ڕایگەیاند، نێردەی بەریتانیا ساڵی ڕابردوو ئەو وڵاتەی بەجێهێشتووە.

سیمۆن شێرکلیف، باڵیۆزی بەریتانیا لە تویتەر نووسیویەتی "ئەم ڕاپۆرتانە کە لە ئێستادا جێگری باڵیۆزەکەمان دەستبەسەرە، زۆر سەرنجڕاکێشن. لە ڕاستیدا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، دوای کۆتایهاتنی ئەرکەکەی، ئێرانی جێهێشت."

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ئەوی بە "ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری" لە ناوچە سەربازییەکان تۆمەتبار کرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG