Accessibility links

وشکەساڵی ژیانی ملیۆنان ئەفریکایی دەخاتە مەترسییەوە


چەند وڵاتێکی ئەفریکا بەهۆی وشکەساڵییەکی دەگمەنەوە داوای هاوکاری مرۆیی لە جیهان دەکەن.

ئەندامانی دەسەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدان، کە جەمسەرێکی ناوچەییە و جیبۆتی، ئێریتریا، ئەسیوپیا، کینیا، سۆماڵ، باشووری سودان، سودان و ئۆگاندا لەخۆدەگرێت، ڕۆژی سێشەممە لە نایرۆبی کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە.

ئەو دۆخە مرۆییەی کە زیاتر لە 23 ملیۆن کەسی لە ئەسیوپیا و کینیا و سۆماڵی تووشی نەبوونی ئاسایشی خۆراک کردووە، باڵێکێشا بەسەر 39 هەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی دەوڵەتەکان و حکومەتەکان لە ئیگاد. سەرۆکی کینیا، ئوهۆرو کینیاتا، وتی وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە بەرەنگاربوونەوەی دۆخی وشکەساڵی هەیە.

کینیاتا گوتی "وشکەساڵی کە لە ئێستادا خراپترینە بە بەراوردی ئەو 40 ساڵەی پێشوو، نەبوونی ئاسایشی خۆراکی زیاتر کردووە، سەرچاوەکانی ئاوی وشک کردووە و خەڵکی بە زۆر ناچارکردووە ئاوارەبن، گرژی و ئاڵۆزییەکان بەڕادەیەک پەرەیان سەندووە کە دەتوانێت ململانێی نوێ دروست بکات". گوتیشی، "پێویستە بە پەلە وشکەساڵییەکە بەڕێوەببەین پێش ئەوەی ببێتە هەڕەشەی زیاتر."

هەندێك لەو وڵاتانە چەند وەرزێک یەك لە دوای یەك بارانیان لێ نەباریەوە، بەمەش ملیۆنان كەس ناچاربوون بە شوێن خۆراك و ئاو و لەوەڕگادا شوێنەکانی خۆیان بەجێبهیڵن.

عەبدولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی سودان، گوتی وشکەساڵی کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە و ژیانی خەڵک هەیە. هەروەها گوتیشی "ئەگەر مامەڵە لەگەڵ دۆخی وشکەساڵیدا نەکەین، ئەوا خراپترین دۆخ دەبێت کە لە ماوەی 40 ساڵدا بینیومانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، “وشکەساڵی خەریکە خەڵک و ئاژەڵەکانمان دەکوژێت. هەروەها وشکەساڵی بووەتە هۆکارێک لەبەردەم گەشەکردنماندا."

شارەزایان پێشبینی دەکەن، لەوانەیە ناوچەکە لە نێوان مانگەکانی 10 و 12 دا هیچ بارانێکی لێ نەبارێت. ئامینە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری خۆجێی قۆچی ئەفریکایە لە ڕێکخراوی Concern Worldwide، کە دەزگایەکی مرۆیی ئێرلەندایە.

لەم دواییانەدا هۆشداریدا لەوەی کە بەبێ دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ ملیۆنان کەس، ناوچەکە مەترسی لەدەستدانی 350 هەزار منداڵی هەیە بەهۆی برسێتیەوە. لە سۆماڵیاش هەشت ناوچە مەترسی برسێتیان لەسەرە و لە مانگی یەکەوە تا ئێستا لانیکەم 200 هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG