حکومەتی نایجیریا ڕایگەیاند کە گومانلێکراوە جیهادییەکان بە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی زیندانێکی نزیک لە پایتەختی وڵاتەكە شکاندووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیویانە سەدان زیندانی و هاوەڵە زیندانییەکانی خۆشیان ئازاد بکەن.
هێرشە مەترسیدارەکە بۆ سەر دەروازەی ئەبوجا چەند کاتژمێرێک دوای بۆسەیەک بوو بۆ سەر کاروانێکی ئاسایشی سەرۆکایەتی لە باکووری ڕۆژئاوا، ئەمەش ئاشکراکردنێکی نوێیە بۆ قەیرانی ئاسایشی نەیجیریا.
دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ئاگاداریاندا کە درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لە نزیک ناوەندی زیندانی ئاسایشی کۆجە لە دەرەوەی پایتەخت گوێیان لە تەقینەوە و تەقەیەکی زۆر بووە.
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێزە ئەمنییەکان شەقامەکانی ناوچەکەیان گەمارۆدا.
لە دەرەوەی زیندانەکە، داروپەردووی سووتاوی پاس و ئۆتۆمبێلەکان لە شوێنی هێرشەکەدا دیاربوون و شریتی ڕەنگ زەردی پۆلیس بەسەر بەشێکی وێرانکراوی دەوری زیندانەکەدا ڕایەڵکرابوو.
شوعەیبو بێلگۆرێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ناوخۆی نایجیریا لە سەردانێکیدا بۆ بەندیخانەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "تێدەگەین ئەوان بۆکۆ حەرامن، ئەوان بە تایبەتی بۆ هاوپیلانگێڕەکانیان هاتوون".
گوتیشی "لە ئێستادا نزیکەی 300 کەسمان لە کۆی نزیکەی 600 کەس دەستگیرکردۆتەوە کە لە ژوورەکانی زیندان هەڵاتبوون."
کاتێک چەکدارەکان بە بەکارهێنانی مادەیەکی تەقەمەنی بەهێز بەشیک لە زیندانەکەیان تەقاندۆتەوە یەکێک لە بەرپرسانی ئاسایش کوژراوە.
دانیشتوویەکی ناوچەکە دەڵێت "لە شەقامەکەی نزیک لای خۆمانەوە گوێمان لە تەقە بوو. پێمان وابوو چەتە چەکدارەکانن، یەکەم تەقینەوە دوای تەقەکردنەکە ڕوویدا. دواتر تەقینەوەی دووەم ڕوویدا و دواتر دەنگی سێیەم تەقینەوەمان بیست".
بێلگۆرێ گوتیشی هەندێک لە جیهادییەکان لەناو زیندانی گشتی زیندانەکاندا زیندانیکرابوون و کاتێک چەکدارەکان هەڵیانکوتایە سەریان سەدان زیندانی تاوانباری دیکە هەڵهاتن.
هەندێک لە زیندانییەکان خۆیان ڕادەست کرد و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی ئەو بەربەستە لەشکریانەوە کە لە دەوروبەری زیندانەکە دانرابوو دەستگیرکرانەوە.
پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایگەیاند کە سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێزە ئەمنییەکان نزیکەی 19 زیندانی دەستگیرکراویان بە ڤانێکی ڕەش گەڕانۆتەوە بۆ زیندان.
هێزە ئەمنییەکانی نەیجیریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە شەڕی جیهادییەکانی بۆکۆ حەرام و دەوڵەتی ئیسلامی ڕۆژئاوای ئەفریکا دەکەن، کە شەڕێکە وا بۆ ماوەی 13 ساڵە نەیجیریای سەرقاڵ کردووە و بووەتە هۆی کوژرانی 40 هەزار کەس و ئاوارەبوونی 2 ملیۆن و 200 هەزار کەسی دیکە.
بەرپرسانی نەیجیریا هەندێک جار بۆکۆ حەرام وەک دەستەواژەیەکی گشتی بەکاردەهێنن بۆ ئاماژەکردن بە جیهادییەکان یان گروپە چەکدارەکانی دیکە.
هەروەها هێزە لەشکرییەکانی ئەو وڵاتە دەناڵێنن بەدەست شەڕ لەگەڵ باندە تاوانكارە چەكدارەكان كە لە ناوخۆدا بە چەتە ناسراون کە هەڵدەكوتنە سەر پێكهاتەكان و ڕفاندنی بە كۆمەڵ بۆ فیدیە و بارمەتەگرتن لە پێناو بڕێک پارەدا، هاوکات خەڵکانی كۆمەڵگەكانی ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵاتەکە تیرۆر دەكەن.
لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، سەربازەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە لەگەڵ میلیشیا جوداخوازەکان کە داوای خاکێکی سەربەخۆ دەکەن بۆ خەڵکی ئیگبۆی نەتەوەیی خۆجێی.
شایەنی باسە ساڵی ڕابردووش زیاتر لە هەزار و 800 زیندانی هەڵهاتن، دوابەدوای ئەوەی چەكدارەکان بە بەكارهێنانی تەقەمەنی هێرشیان كردە سەر گرتووخانەیەكی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا.
سەرچاوە: فرانس پرێس