Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور چەند کەسێک بریندار دەبن


هاوسەرۆکی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور دەڵێت لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر کەمپی ڕۆستەم جودی چەند کەسێک بریندار بوون.

یوسف کارا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور بە دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند " ڕۆژی سێشەممە لە نزیکەی کاتژمێر 12:30 ی پاش نیوەڕۆ دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر کەمپی مەخمور، هێرشەکە ماڵێکی کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە برینداری لێکەوتووەتەوە. گوتیشی" بەهۆی دوکەڵی بۆردومانەکەوە سێ ژن تووشی تەنگەنەفەسی بوون و ملی ژنێکی تریش شکاوە، زیانیش بە دەیان ماڵ گەیشتووە و پەنجەرەی چەند ماڵێکیش شکاوە، یەکێک لە بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی گەیارە کراوە."

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 12:30ی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆردومانی بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کرد. بە گوێرەی زانیارییەکان، زیانی گیانی و مادی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی سەرچاوەکان ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لەسەر چیای قەرەچوغی نزیک کەمپی ڕۆستەم جودی بوونیان هەیە و ساڵانێکی زۆریشە سوپای تورکیا و پەکەکە لەشەڕ و ململانێدان، هاوسەرۆکی کەمپەکەش پشتراستی کردەوە کە گەریلاکانی پەکەکە لە سەر چیای قەرەچوغ بوونیان هەیە، بەڵام ڕەتیکردەوە کە لە نێو کەمپەکەدا گەریلاکانی پەکەکە هەبن.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەمپی ڕۆستەم جودی ئاشکراشی دەکات کە لە ساڵی 2017 تا ئێستا نزیکەی دوازدە جار کەمپی ڕۆستی جودی بۆردومانکراوە بەو هۆیەشەوە نزیکەی سێزدە کەس گیانیان لەدەستداوە و بەدەیان کەسیش برینداربوون.

سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئـەو بۆردومانە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، هاوسەرۆکی کەمپەکە گوتی پۆلیسی عێراقی بنکەیان لە کەمپی ڕۆستەم جودی هەیە بۆیە هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا نزیکەی دوازدە هەزار پەنابەر لەنێو کەمپی ڕۆستەم جودی مەخمور نیشتەجێن، کاربەدەستانی کەمپەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خەڵکی نێو کەمپی ڕۆستەم جودی لە پەنابەرانی سیاسی پێکهاتوون کە بەهۆی ناکۆکی و کێشە و گرفتی سیاسیەوە لە وڵاتی تورکیاوە پەنابەری عێراق بوون و لە کەمپێکی قەزای مەخموردا نیشتەجێکراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:18 0:00

XS
SM
MD
LG