وهزیری بهرگری ئیسرائیل ڕۆژی سێشهممه ڕایگەیاند ئێران له ڕووی سهربازییهوه خۆی له دهریای سووردا جێگیرکردووە و به مهترسی بۆ سهقامگیری ناوچهكه و بازرگانی ناوی دهبات.
بینی گەینتز، وەزیری بەرگری، لە ئاهەنگێکدا لە ئەسینا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە ئێران بە شێوەیەکی میتۆدی خۆی لە دەریای سووردا جێگیردەکات و کەشتییە جەنگییەکانی لە ناوچەی باشووردا بەو ناوەدا دەگەڕێن."
گوتیشی "لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرچاوترین بوونی سەربازی ئێرانمان لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەكە دەستنیشان كردووە." نووسینگەی گەینتز ڕایگەیاند کە وێنەی مانگی دەستکردی چوار کەشتی جەنگی ئێرانی خستۆتەڕوو کە بە دەریای سوور دا دەگەڕێن.
ئێران زیاتر لە دە ساڵە بوونی هێزی دەریایی خۆی لە دەریای سووردا بونیاد ناوە، ئەمەش بە وتەی خۆی هەنگاوێکی پێویستە بۆ پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە هەڕەشەی چەتەکانی دەریا.
ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عهرهبی نیگهرانی هاوبەشیان لهسهر كاریگهری ئێران له ناوچهكه و ههروهها بهرنامهی ئهتۆمی تاران دەربڕیووە. ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئاشتیخوازانەیە.
پێش سەردانێکی هەفتەی پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەینتز داوای بەهێزکردنی پەیوەندی ئاسایشی کرد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە لە ئیسرائیل نزیک بوونەتەوە بەپێی هەڵمەتێکی دیپلۆماسی کە لە ساڵی 2020 کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێکرا.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو حزبوڵا، گروپێکی چەکداری بەهێزی لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو وێستگەیەکی غازی ئیسرائیل ڕەاوانکردبوو بەڵام لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە خرانە خوارەوە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز