Accessibility links

دادگای کەرخ بڕیاری لەسەر گرێبەستی چوار کۆمپانیای نەوت لەگەڵ هەرێم دا


ڕۆژی دووشەممە، دادگای کەرخی بەغدا، دانیشتنێکی تایبەت بە دۆسیەی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم هەیە ئەنجامدا، دواجار دادگاکە بڕیاری لەسەر گرێبەستی چوار کۆمپانیای نەوتی دا و بڕیاردانی لەسەر سێ کۆمپانیای تر دواخست .

سەرچاوەیەکی بەشداربوو لە دانیشتنەکەی دادگای کەرخ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” دادگای کەرخی بەغدا بڕیاریدا لەسەر گرێبەستی چوار کۆمپانیای نەوتی لەگەڵ هەرێم، کە کۆمپانیاکان بریتین لە؛ DNO, Genel Energy, WZ, HKN”

لە نێو دادگادا بڕیارەکان لەسەر چوار کۆمپانیاکە ئاشکرا نەکران، بەڵام سەرچاوەکە گوتی بڕیارەکەی دادگا لە بەرژەوەندی وەزارەی نەوتی عێراق بووە کە پێشتر سکاڵای لەسەر ئەو کۆمپانیانە تۆمار کردبوو.

بە پێی وتەی سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا، دادگای کەرخ بڕیاری لەسەر سکاڵای سێ کۆمپانیای تر دواخستووە، گوتی”دادگاییکردنی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بۆ ٦ ی مانگ دواخراوە، هەروەها دادگاییکردنی کۆمپانیاکانی شامەران و ئاداکس بۆ ١٧ ی مانگ دواخراوە."

بڕیاردانی دادگای کەرخ دژی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، دوای سکاڵاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دێت، کە پرۆسەی نەوتی هەرێمیان بە نایاسایی و نادەستوری ناوبرد.

لای خۆشیەوە محەمەد حسێن شارەزای بواری نەوت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” ئەو کۆمپانیایانە هیچ بەرژەوەندیەکیان لە عێراق نیە، تەنها بەرژەوەندیان لە هەرێم هەیە، خاوەن سەرمایەی زەبەلاحیش نین، هاوشێوەی کۆمپانیا گەورەکان، بۆیە تا ئێستا گوێ یان بە فشارەکانی عێراق نەداوە.

سەرباری گوێ نەدانی کۆمپانیا نەوتیەکان بە فشارەکانی عێراق، بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر کەرتی نەوتی هەرێم مایەی مەترسییە، وەک جەمال ئەحمەدی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای گوت.

XS
SM
MD
LG