Accessibility links

تەقینەوەکان شاری میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا دەهەژێنن


تەقینەوەکان ڕۆژی شەممە شاری میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیایان هەژاند، لە کاتێکدا تۆپخانەکانی ڕووسیا کە هەوڵی وەدەستهێنانی دەستکەوتەکانیان دەدەن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا، دوای هەفتەیەک ژمارەی کوژراوانی مەدەنی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیاوە لە ناوەندی شارەکاندا بەرزبووەوە کە زۆر دوورن لە بەرەکانی جەنگەوە.

ئۆلێکساندەر سێنکێڤیچ سەرۆکی شارەوانی ناوچەی میکۆلایڤ کە هاوسنوورە لەگەڵ شارە کەناراوییە گرنگەکەی دەریای ڕەش ئۆدێسا، لە پەیامەکانی تێلێگرامدا لەو کاتەدا زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لێدەدرا نووسیویەتی "لە شارەکەدا تەقینەوەی بەهێز ڕوودەدات! بڕۆنە ناو پەناگەکانەوە و لەوێ بمێنەرەوە!."

هۆکاری تەقینەوەکان دەستبەجێ ڕوون نەبووەتەوە، هەرچەندە دواتر ڕووسیا ڕایگەیاند کە لە بنکەکانی فەرماندەیی سوپای ئەو ناوچەیە بووە. ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە.

کیێڤ دەڵێت مۆسکۆ هێرشە مووشەکییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سەر ئەو شارانەی کە دوورن لە سەنگەرە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و بە دەستی ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر شوێنە مەدەنییەکان. لە لایەکی دیکەوە سەربازانی ئۆکرانیا لە هێڵەکانی بەرەی ڕۆژهەڵات باس لە هێرشە چڕەکانی تۆپخانەکان دەکەن کە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانیان کردۆتە ئامانج.

ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت کە شوێنە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج و ڕەتیدەکاتەوە کە ئامانجیان خەڵکی مەدەنی بێت. دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملن گوتی "هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا شوینە مەدەنیەکانیان بە ئامانج نەگرتووە".

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا رڕیگەیاندووە، ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، پشکنینی بۆ سەربازانی ڕووسیا کردووە کە بەشداربوون لەو کارەدا کە مۆسکۆ بە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی خۆی" ناوی دەبات، هەرچەندە تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا ئەو لە ئۆکرانیایە یان نا.

سەربازێکی ئۆکراینی کە لە لیسیچانسکەوە دەگەڕایەوە، کە دوا قەڵای بەرگری ئۆکرانیایە لە پارێزگای لوهانسک، دەڵێت "بە دڵنیاییەوە هەوڵدەدەن ورەمان دابەزێنن. ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەندێک کەس دروست بکات، بەڵام بۆ ئێمە تەنها دەبێتە مایەی ڕق و ئیرادەیەکی بەهێز".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG