Accessibility links

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان: ملیۆنان ئۆکرانی ڕووبەڕووی گرفتی کەمی خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون بوونەتەوە


ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانی زیاتر لە چوار مانگە هەر لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەی ڕووسیاوە بەدەست کەمی لە ڕادەبەدەری خۆراک، ئاو، شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکەوە دەناڵێنن.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدەن یارمەتی ئۆکراینییەکان بدەن لە ژێر سایەی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیادا، بەڵام دەڵێن وێرانکارییەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و تۆپبارانی تۆپخانەکان، لەگەڵ نیگەرانییە ئەمنییەکان، تیکڕا دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچە سەخت دەکات. ئەوان دەڵێن ناتوانرێت بچنە ناو ئۆکرانیاوە و پێداویستی فریاگوزاری پێشکەش بە شارەکانی خێرسۆن و ماریوپوڵ بکەن، ئەو شارانەی کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە وێران بوون.

لە قسەکانیدا لە کیێڤەوە ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆکرانیا، ئوسنات لوبرانی، دەڵێت مەزەندە دەکرێت تا ئێستا 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژرا بن و بریندار بووبن، دەشڵێت کە ڕەنگە ئەمە بەشێکی کەم بێت لە ژمارەی ڕاستەقینە. ئەو دەڵێت نزیکەی 16 ملیۆن کەس لە ئۆکرانیا پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی مرۆیی هەیە.

لوبرانی گوتیشی "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پشتگیریکردنی ئەو خەڵکەی کە بەهۆی ئەم شەڕەوە پەڕاگەندە بوون. بەڵام فیدراسیۆنی ڕووسیا هەروەها حکومەتی ئۆکرانیا دەبێت زیاتر کار بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی ئەم وڵاتە و بتوانین کارەکانمان بکەین."

لوبرانی گوتیشی "نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا تایبەتەکانی فریاگوزاری هاوکارییان پێشکەشی نزیکەی 9 ملیۆن کەس کردووە لە هەموو ناوچەکانی ئۆکرانیا." ئاماژەی بەوەشکردووە "نزیکەی 2 ملیۆن کەس یارمەتی داراییان وەرگرتووە بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانیان."

هەروەها قەیرانی ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر جیهانی دروستکردووە. کەشتییەکانی ڕووسیا بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا گەمارۆ دەدەن و ڕێگری دەکەن لە هەناردەکردنی گەنم و دانەوێڵەی ئەو وڵاتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا و بەشێک لە ئاسیا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئەمە دەبێتە هۆی قەیرانی برسێتی لە جیهاندا.

کەیت نیوتن جێگری ڕێکخەری فریاگوزاری بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت بەبێ بەندەرەکانی دەریای ڕەش ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک نزیک ببینیەوە لە ئاستی هەناردەکردن لە ئۆکرانیا کە پێویستی پێیەتی.

نیوتن گوتیشی "بەڵام ئێمە هەموو شتێک دەکەین کە لە تواناماندا بێت، واتە لە ڕێگەی وشکانییەوە، تا ڕێگای شەمەندەفەر، لە ئێستاشدا لە ڕێی ڕووبارەکانەوە هەناردە دەکەین، بۆ ئەوەی هەوڵبدەین لە زۆرترین هەناردەکردنی بەرهەمەکان نزیک ببینەوە. لە ئێستادا پێمان وایە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن لە مانگێکدا ڕەوانە دەکەین و ڕەنگە بتوانین بیگەیەنینە تا 2 ملیۆن تۆن، بەڵام بە پەلە پێویستمان بەوەیە دەستمان ڕابگات بە دەریای ڕەش."

ئۆکرانیا بە یەکێک لە ئەمبارەکانی دابینکردنی نان لە جیهاندا دادەنرێت. نزیکەی 10%ی هەناردەی گەنمی جیهانی و نزیکەی نیوەی زەیتی گوڵەبەڕۆژەی جیهان دابین دەکات.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت ئۆکرانیا مانگێک پێش جەنگ تا 6 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی هەناردە کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی ڕابردوو نزیکەی 400 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرهەمی ئۆکرانیایان بەکارهێناوە. ئێستاش کە هەناردەکردن تاڕادەیەکی زۆر وەستاوە، بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت نزیکەی 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە کۆگاکانی ئۆکرانیادا گیریان خواردووە.

XS
SM
MD
LG