Accessibility links

ئەو کەشتییە بارهەڵگرەی ئێران کە یۆنان دەستی بەسەردا گرتبوو ئازاد کرا


بەرپرسانی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایانگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر کە ئاڵای ئێرانی لەسەر بوو لە مانگی چوار لەلایەن یۆنانەوە دەستی بەسەردا گیرا و بەشێک لە بارەکانی لەلایەن ئەمەریکاوە دەستی بەسەردا گیرابوو، دوای دەربڕینی ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی یۆنان لەسەر ئازاد کردنی، ڕۆژی شەممە بەرەو لەنگەری پیرایۆس ڕادەکێشرا.

زیاتر لە دوو مانگە کەشتی لانا کە ئاڵای ئێرانی لەسەرە لە دوورگەی ئێڤیای یۆنان لەنگەری گرتووە بەهۆی ئاستەنگە دیپلۆماسیەکانەوە کە پەیوەندییەکانی ئەسینای پایتەختی لەگەڵ تارانی ئاڵۆز کردووە لە کاتێکدا بارگرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە پەرەسەندندایە.

یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت "کاتژمێر 06:30 خولەکی بەیانی کەشتییەکە لە کاریستۆسەوە بەڕێکەوتووە و وا پێشبینی دەکرێت نزیکەی کاتژمێر 10:00ی شەو بگاتە پیرایۆس".

دەسەڵاتدارانی یۆنان لە مانگی چوار لە نزیک کەناراوەکانی ئێڤیا دەستیان گرت بەسەر کەشتی لانا و بارە نەوتەکەی و بە 19 ئەندامی تیمی ڕووسی ناو کەشتییەکەشەوە ، ئەوەش بەهۆی سەپاندنی سزا یاساییەکانی ئەمەریکاوە بوو.

ئەو بڕیارە لە 10 ی مانگی 6 دا بەهۆی ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە خاوەندارێتی ئەوان هەڵوەشایەوە، بەڵام تا هەفتەی ڕابردوو کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی دیکەوە ڕاگیرابوو بەهۆی قەرزەکانیەوە کە بەهۆی خزمەتگوزارییەکانی ڕاکێشانی کەشتیەکەوە بۆ لەنگەرەکەی دیکە قەرزدار بوو.

سەرچاوە یاساییەکان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، کەشتی بارهەڵگری لانا کە کێشەی ماتۆرە بزوێنەرەکانی هەیە، دوای ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە قەرزداربووە ڕادەستی کردووە دەستبەجێ ئازادکراوە.

بەشێک لە بارە نەوتی ئێرانی کەشتییەکە پێشتر گوازرابووەوە بۆ کەشتییەکی دیکە بەناوی ئایس ئینێرجی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەکرێ گیراوە و لە کەناری لەنگەری پیرایۆس لەنگەری گرتووە.

دوابەدوای داوای هەڵاوێردە یاساییەکەی كۆمپانیایەكی ئێرانی لە 7ی مانگی 6 دا، دەستەی دادوەری یۆنان ئەو فەرمانەی دادگای هەڵوەشاندەوە كە ڕێگەی بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو بارانەی دابوو بەناوی ئەمەریكاوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ کەشتی لانا کە وەریبگرنەوە.

دەستبەجێ ڕوون نەبۆتە کە ئایا ئەو کارە دەکەن، یان حکومەتەکانی ئەمەریکا یان یۆنان بەرەنگاری دوایین بڕیار دەبنەوە یان نا.

خاڵیکردنەوەی نەوتەکەی کەشتی لانا وایکرد مانگی ڕابردوو هێزەکانی ئێران دەست بەسەر دوو کەشتی بارهەڵگری یۆنانیدا بگرن لە کەنداوی دەریای ناوەڕاست و بە کەشتی بیانگەڕێننەوە بۆ ئێران دوای ئەوەی تاران هۆشداریدا لە "کردەوەی سزادان" دژی ئەسینا کە تا ئێستا ئازاد نەکراون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG