Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە هەڵکشاندایە


بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ژمارەی توشبووانی نوێی پەتای کۆرۆنا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە 18% بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 4 ملیۆن و 100 هەزار حاڵەتی تووشبوون لە جیهاندا تۆمارکراوە.

دەزگای تەندروستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە پەتاکە ڕایگەیاندووە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە جیهاندا هاوشێوەی هەفتەی پێشوو ماوەتەوە و نزیکەی 8500 کەسە. لە سێ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمەریکا گیانلەدەستدان بەهۆی کۆڤیدەوە زیادی کردووە.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ كه‌ دره‌نگانێکی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌فتانه‌ زیاتر به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌تی نوێی كۆڤید-19 له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تۆمارکراوە‌، كه‌ به‌ڕێژه‌ی 47% زیادیان كردووه‌. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە ڕێژەی نزیکەی 32% بەرزبووەتەوە، لە ئەمەریکاش بە ڕێژەی نزیکەی لە 14% بەرزبووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تێدرۆس ئادهانۆم گێبریسۆس گوتی حاڵەتەکان لە 110 وڵاتدا لە زیادبووندان، کە زۆربەیان بەهۆی جۆرەکانی ئۆمیکرۆن BA.4 و BA.5ەوە بوون.

تێدرۆس لەم هەفتەیەدا لە میانی كۆبوونەوەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئەم پەتایە لە گۆڕاندایە، بەڵام كۆتایی نەهاتووە. گوتی توانستی بەدواداچوونی پەرەسەندنی بۆماوەی کۆڤید-19 "لە ژێر هەڕەشەدایە" لە کاتێکدا وڵاتان هەوڵەکانی چاودێریکردن و ڕێکخستنی بۆماوەیی کەم دەکەنەوە." هۆشداریدا لەوەی کە "بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیە سەرهەڵداوەکان و ئەگەری مەترسیدارتر قورستر لە ئارادایە."

داواشیکرد وڵاتان ڤاکسین دابین بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە زۆرترین مەترسیان لەسەرە، لەوانەش کارمەندانی تەندروستی و کەسانی سەروو 60 ساڵ، ئاماژەی بەوەشکرد، سەدان ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و بە توندی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی و مردنیان لەسەرە.

تێدرۆس باسی لەوەشكرد، لە كاتێكدا زیاتر لە ملیارێك و 200 ملیۆن ڤاكسینی كۆڤید-19 لەسەر ئاستی جیهان بەكارهێنراوە، بەڵام تێكڕای ڕێژەی كوتانی ڤاکسینەکان لە وڵاتە هەژارەكاندا نزیكەی لە 13%یە.

گوتیشی "ئەگەر وڵاتانی دەوڵەمەند ڤاکسین بدەن لە منداڵانی تەمەنی 6 مانگەوە و پلانیان هەیە گەڕی زیاتری پێدانی ڤاکسین سازبکەن، هزرمەندانە نییە کە پێشنیار بکەین وڵاتانی کەم داهات ڤاکسین وەرنەگرن و تەنها ڤاکسین بۆ ئەو کەسانە دابین بکرێت کە ژیانیاین زۆر لە مەترسیدایە."

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ئۆکسفام و هاوپەیمانی میللی ڤاکسینەوە کۆکراونەتەوە، کەمتر لە نیوەی ئەو 2.1 ملیار ڤاکسینە گەیشتۆتە جێ کە گروپی حەوت ئابوریە گەورەکەی جیهان بەڵێنیان دابوو ڕەوانەی وڵاتە هەژارەکانی جیهانی بکەن.

سەرەتای ئەم مانگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێگەی دا کۆرپە و منداڵانی قۆناغی بەر لە قوتابخانە ڤاکسینی کۆڤید-19 وەربگرن، پلانێکی نیشتیمانی کوتانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە 18 ملیۆن منداڵی بچووکی کردبووە ئامانج.

هەروەها ڕێکخەرە ئەمەریکاییەکان پێشنیاریان کردووە هەندێک لە کەسە بە تەمەنەکان لە وەرزی پایزدا ڤاسینی بەهێزکەری نوێکراوە وەربگرن کە لەگەڵ نوێترین جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەگونجێت.

XS
SM
MD
LG