Accessibility links

سزاکانی ڕۆژئاوا دەیان سەرمایەداری چەکی ڕووسیا ناگرێتەوە


لە کاتێکدا سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ئۆکرانیا، گەلانی ڕۆژئاوا لەڕێی سزاکانەوە وەڵامیان داوەتەوە و پیشەسازی بەرگری ڕووسیایان کردووەتە ئامانج.
دوایین خولی سزا ڕۆژی سێشەممە بوو، کاتێک ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر هەندێک لە بەرهەمهێنەرانی چەک بەڕێوەبەرەکانیاندا سەپاند.

بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆیتەرز بۆ کۆمپانیا و کارگێڕان و وەبەرهێنەران کە بنەمای کەرتی بەرگری ڕووسیان، دەریدەخات ژمارەیەکی بەرچاو لە کارئەکتەرە سەرەکییەکان تا ئێستا ڕووبەڕووی هیچ سزایەک نەبوونەتەوە، نزیکەی 30 ڕێبەری کۆمپانیاکانی چەکی ڕووسیا و لانیکەم 14 کۆمپانیای بەرگری هەن کە نە لەلایەن ئەمەریکا، نە یەکێتی ئەوروپا و نە بەریتانیاوە سزا نەدراون.

جگە لەوەش، سزاکانی سەر بەرهەمهێنەرانی چەک و سەرمایەداری ڕووسیا بە شێوەیەکی ناهاوتا لەلایەن ئەم هاوپەیمانانەی ناتۆوە جێبەجێ کراون و هەندێک لە حکومەتەکان سزایان لەسەر داناوە و هەندێکی دیکەشیان سزایان نەداون.

یەکێک لە دیارترین لەو بازرگانانەی کە تا ئێستا نەکەوتونەتە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوا ئالان لوشنیکۆڤە. لوشنیکۆڤ گەورەترین خاوەن پشکی کۆمپانیای کڵاشینکۆف کۆنسێرن JSC. بەرهەمهێنەری تفەنگە دێرینە ناسراوەکە، AK-47 ە. بەپێی دوایین تۆمارە بازرگانییەکان کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، کۆمپانیای لوشنیکۆڤ خاوەنی 75%ی پشکەکانی کۆمپانیاکەیە.

کۆمپانیاکە خۆی لە ساڵی 2014 لەلایەن ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا، ئەو ساڵەی کە ڕووسیا هێرشی کردە سەر نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکرانیا و خستیە سەر سنوری خاکەکەی خۆی. ئەمساڵ یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا سزای خۆیان سەپاند بەسەر کڵاشینکۆف کۆنسێرن.

بەپێی ماڵپەڕەکەی و دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیاکە، 95٪ ی بەرهەمهێنانی دۆشکە، تفەنگی قەناس، دەمانچە و چەکی ئاگرینی دەستی دیکەی ڕووسیا پێکدەهێنێت و 98٪ ی چەکە لەشکرییە هێرشبەرە دەستییەکانیش بەرهەم دەهێنێت. چەکەکانی بریتین لە تفەنگی هێرشبەری AK-12 کە وەشانێکی نوێکراوەی AK-47 و هەندێکیان لەلایەن سەربازانی ئۆکرانیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە بەهۆی بەدیلگرتن و پاشەکشێی هێزەکانی ڕووسیاوە.

هەروەها کۆمپانیای کڵاشینکۆف کۆنسێرن مووشەک بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانرێت لە فڕۆکەوە یان لەسەر وشکانیەوە ئاراستە بکرێت.

لوشنیکۆڤ جێگری پێشووی وەزیری گواستنەوەی ڕووسیا بووە. کاتیخۆی لە لای جینادی تیمچێنکۆی سەرمایەداری کاڵاکان کاری کردووە کە هاوڕێی دێرینی پوتین بووە. ئەمەریکا لە ساڵی 2014 دا دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر کریمیا، تیمچێنکۆی بە ئەندامی "بازنەی هەرە نزیکی" کرێملن ناوزەد کرد.

هەمان شێواز لەگەڵ کۆمپانیای Almaz-Antey Concern کە کۆمپانیایەکی بەرگرییە و بنکەکەی لە مۆسکۆیە و تایبەتمەندە بە مووشەک و سیستەمی دژە فڕۆکە. کۆمپانیاکە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیاوە سزا دراوە، بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە "یان نۆڤیکۆڤ" سزا نەدراوە.

ماڵپەڕی ئەلماز ئانتەی دروشمی "ئاسمانی ئارام پیشەی ئێمەیە" پیشان دەدات. کۆمپانیاکە مووشەکی کالیبر دروست دەکات، کە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا شانازی بە لەناوبردنی دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیای پێوەکردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە مانگی ڕابردوو وەزارەتەکە بڵاویکردەوە، ڕووسیا مووشەکی دوور مەودای کالیبری ئاڕاستەی بنکەیەکی فەرماندەیی ئۆکرانیا کردووە لە نزیک گوندی شیرۆکا داچا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەو هۆیەوە ئەو کەسانەی کە وەزارەتەکەی ڕووسیا بانگەشەی بۆ کردووە زیاتر لە 50 ژەنەڕاڵ و ئەفسەری سوپای ئۆکرانیا بوونەتە قوربانی.

ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بانگەشانە پشتڕاست بکاتەوە. نە ئەلماز ئانتەی و نە نۆڤیکۆڤ بەڕێوەبەری جێبەجێکار وەڵامی داواکارییەکانیان نەدایەوە بۆ لێدوان.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG