Accessibility links

هەواڵگری ئەمەریکا: کەمتوانایی هێزی سەربازی ڕووسیا ڕەنگە پوتن ناچار بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا بکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بە نیازی ئەوە نیە دەستبەرداری خواستی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئۆکرانیا بێت، بەڵام پێدەچێت لەوە تێبگات ڕەنگە ئەو هێزە لەشکرییەی کە ڕۆژانێک شانازی پێوە دەکرد، لانیکەم لە ئێستادا نەتوانێت ئەوەی ئەو دەیخوازێت بۆی ئەنجام بدات.

ئەمە نوێترین شیکارییە کە باڵاترین بەرپرسی هەواڵگری ئەمەریکا ئێوارەی چوارشەممە خستیەڕوو. باس لەوە دەکات ڕەنگە دەرفەتێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا هەبێت، تەنانەت ئەگەر ڕووسیا تەنیا وەک دەرفەتێک بیبینێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێگەی لەشکری خۆی بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی باشتر بکات.

ئاڤریل هاینز، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی، لە میانی گفتوگۆیەکدا لە واشنتۆن کە لەلایەن دامەزراوەی سیاسی سیلڤرادۆ و کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیای گووگڵەوە میوانداری کرابوو، ڕایگەیاند " " لەم قۆناغەدا هەڵسەنگاندنمان ئەوەیە کە هێزە زەمینیەکانیانی ڕووسیا هێندە لاوازکراون کە ساڵانێک دەخایەنێت تا بگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی پێشوویان.”

هاینز گوتی، "تەنانەت ئامانجە سەربازییە کورتخایەنەکانیان لە ئێستادا بە ڕاستی ناتوانرێت لە لایەن هێزە سەربازییەکانیانەوە وەدیبهێنرێن. لە ڕوانگەی ئێمەوە تەواو گونجاوە و بەپێی ڕووداوەکانی چەند مانگی داهاتوودا پوتن بگاتە ئەو باوەڕەی کە جۆرێک لە ڕێککەوتن بەهای خۆی دەبێت."

سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و ناتۆ چەندین جار پشتگیری خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردۆتەوە و بە ملیاران دۆلار پشتگیریان کردووە هەر لە دابینکردنی سیستەمی چەک و یارمەتییە ئەمنییەکانی دیکە کە ڕێگەی بە هێزەکانی ئۆکرانیا داوە بەرەنگاری لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا ببێتەوە، کە سەرەتادا سەرنجی لەسەر داگیرکردنی کیێڤی پایتەخت بوو.

بەڵام لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە ئۆکرانیا بڕیار دەدات چۆن و کەی کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، ئەمەریکا و بەرپرسان ئومێدی ئەوەیان هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو شەڕە بگەنە دانوستانێکی کۆتایی.

هاوکات هاینز دەشڵێت، "هەروەها ئێمە بۆ ئەوەی بە ڕوون و ئاشکرای قسە بکەین، لە ئێستادا دەرفەتێک نابینین بۆئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە."

بەڵکو هاینز هۆشداریدا لەوەی پێدەچێت هێزەکانی ڕووسیا سەرنجیان لەسەر دەستبەسەرداگرتنی زۆرترین خاک بێت لە ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە هەمانکاتدا کۆنترۆڵکردنی ئەو خاکەی کە لە باشووری وڵاتەکە داگیرکردوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووسیا پێیوایە ئەگەر بتوانن بە ڕاستی یەکێک لە بە تواناترین هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا تێکبشکێنێت، کە پێیانوایە ئەوە دەبێتە هۆی دابەزینی ورەی بەرگری ئۆکرانیا و ئەوەش دەرفەتی زیاتریان پێدەبەخشێت .

لە لێدوانەکانیدا لە کۆنفرانسێکی جیادا لە واشنتۆن پێشتر هەر ڕۆژی چوارشەممە، هاینز ڕایگەیاند کە ڕووسیا کۆنترۆڵی نزیکەی 20%ی ئۆکرانیا دەکات بە درێژایی هێڵێکی شەڕ کە 1100 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان جۆو بایدن و سەرکردەکانی دیکەی گروپی حەوتی ڕاگەیاند کە خواستی ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ جەنگەکە کۆتایی پێبێت. هەروەها ڕایگەیاندبوو کە دەیەوێت هەموو ئۆکرانیا ئازاد بکرێت، لەنێویاندا کریمیا، کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا دوای لەشکرکێشییەکی دەمودەست ئەو هەرێمەی داگیرکرد.

لەم نێوەندەدا ئەمەریکا و بەرپرسانی سەربازی بەریتانیا دەستکەوتەکانی ڕووسیایان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە تاوسەندنێکی زیاتر ناودێر کرد و بەرپرسان هۆشدارییان داوە کە هێزەکانی ڕووسیا باجێکی قورس دەدەن.

بەرپرسی بەرگریی ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆکراینییەکان سەرکەوتوو بوون لە ئازادکردنی چەند شارۆچکەیەکی بچووک لە باکوری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای خێرسۆن، ئەمەش دەریدەخات کە سەرەڕای سەرکەوتنی تاکتیکی ڕووسەکان، بەڵام ئۆکرانییەکان خۆڕاگران.

هەروەها ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی ئۆکرانیا چوار سیستەمی موشەکی تۆپخانەی ئاست بەرزی گەڕۆکیان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ دابینکراوە، کە بە HIMARS ناسراوە و لە کاردان ، لەگەڵ چوار سیستەمی دیکە کە بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا بگەنە ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG