Accessibility links

مونا یوحەنا سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ: دەبێت مەرجی زۆر توند بۆ کڕینی چەک هەبێت


سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان دەڵێت چەک بە دەستی زۆربەی کەسەکانەوەیە و بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار، مادام تاوان زۆر بووە دەبێت قەدەغە بکرێت و مەرجی زۆر توند دابنرێت بۆ ئەوانەی کە لە بازاڕدا چەک دەکڕن.

مونا یوحەنا سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاسای هەڵگرتنی چەک لە هەرێمی کوردستاندا کردووە دەبوایە بە زووترین کات خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ کردبا لەبەر ئەوەی بە فعلی تاوان لە هەرێمدا زۆر بووە ئەو یاسایەی هەموارکردباوە کە بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ڕەوشی هەرێم چونکە ئەمڕۆ دەبینین چەک بە دەستی زۆربەی کەسەکانەوەیە و بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار".

سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی لە هەرێمی کوردستاندا، سەرۆکی دەستی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " بابەتەکان زۆرن نەمانتوانی لە هەموو بوارەکان ئیشی باشی لەسەر بکەین چونکە ئیمکانیانتمان زۆر نیە، هەروەها یاسامان پێویستی بە هەموارکردنەوەیە تا بە فعلی دەسەڵاتێکی باشمان هەبێت نەک تەنها ئێمەش دانیشین وەکو پۆستێکی فەیسبووک کە ڕەخنە دەگرێت ئێمەش ڕەخنە بگرین.

دەبوایە زیاتر چالاک بین، بۆمان هەبێت بچینە ناو بابەت و کاریگەری فعلیمان هەبێت بۆیە تا ئێستا تەنها ڕەخنەگرتنە، چەند جارێک نوسراومان کردووە بۆ ئەوەی مەرجی باش دابنرێت لەسەر ئـەو کەسانەی کە بتوانن چەک هەڵبگرن."

مونا یوحەنا لە بارەی ئـەوەی کەوا چۆن دەست بەو چەکانە دەکات گوتی " چەک بە دەستی زۆربەی کەسەکانە و دیارە ئەوەی پارەی هەبێت دەتوانێت چەک وەربگرێت".

پلانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان چییە سەبارەت بە کەمکردنەوەی دیاردەی کۆشتن لە هەرێمی کوردستاندا ؟

لەوبارەیەوە سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند پلانی ساڵەنەمان هەیە که ئیشی لەسەر بکەین زیاتر تیشک دەخەینە سەر تەوعیەکردنی کۆمەڵگە چونکە بە ڕاستی زۆربەی ئـەو کێشانەی کە ڕوودەدەن لەبەر ئەوەیە کە لە زۆر بواردا ڕۆشنبیری نییە بۆیە ڕؤڵی سەرەکی ئێمە وەکو دەستە ئەوەیە کە ئەو ڕۆشنبیریە بڵاوبکەینەوە هەروەها لەگەڵ پەرلەمانیش پەیوەندیمان هەیە بەڵام بەداخەوە پەرلەمان سەرقاڵی یاسای هەڵبژاردن و زۆر کێشەی تر بوون لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکانیش بەردەوام پەیوەندیمان دەبێت لەسەر ئەو کێشانەی کە ڕوودەدەن تا بە دواداچوون بکەین و زانیاری زیاتر وەربگرین".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا مونا یوحەنا ڕایگەیاند " دەبێت چەک تەنها لە کاتی دەوام لای ئەو کەسانە بێت، کاتێک ئـەو چەکە دەبرێتە ماڵەوە لەوانەیە بۆ کێشەیەکی توندوتیژی خێزانی بەکاربهێنن. ئەوانەشی کە دەیانەوێت لە بازاڕ چەک بکڕن دەبێت مەرجی زۆر توندیان بۆ دابنرێت."

XS
SM
MD
LG