Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ماوەی 10 ساڵی شەڕی سوریادا زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی مەدەنی کوژراون


نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە؛ لە نێوان 1 ی مانگی 3 ی ساڵی 2011 کە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە تا کۆتایی مانگی 3 ی ساڵی 2021، زیاتر لە 300 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە سوریا کوژراون.

شیکارییەکی ئاماری نوێ لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەستەکان گەیشتووەتە ئەم ژمارەیە. ئەمە بەرزترین خەمڵاندنە تا ئێستا بۆ گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی پەیوەست بە شەڕ و پێکدادان لە سوریا کرابێت. هەر یەکێک لە گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ڕاپۆرتەکەدا بەڵگەسازی بۆ کراوە، کە ناوی تەواوی قوربانییەکە، کات و شوێنی مردنەکەی تێدایە.

میشێل باچێلێت، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ئامارەکانی قوربانییەکانی پەیوەست بە شەڕ لە ڕاپۆرتەکەدا تەنها کۆمەڵێک ژمارە نین بەڵکو نوێنەرایەتی تاک بە تاکی ئەو مرۆڤانە دەکەن کە گیانیان لەدەستداوە.

ڕاڤینا شەمدەسانی، گوتەبێژی کۆمسیارەکە، وتی کۆمیساری باڵا پێیوایە چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی ئەم گیانلەدەستدانانە کلیلی یارمەتیدانی خێزان و کۆمەڵگاکانە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە چارەنووسی ئازیزانیان. ڕێگەیان پێدەدات بەدوای لێپرسینەوەدا بگەڕێن و بەدوای چارەسەری کاریگەردا بگەڕێن.

شەمدەسانی گوتیشی "ئەم شیکارییە هەستێکی ڕوونتریش دەبەخشێت سەبارەت بە توندی و قەبارەی شەڕەکان. با بۆمان ڕوون ببێتەوە، ئەمانە ئەو کەسانەن کە لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنەکانی جەنگدا کوژراون. ئەمەش ئەو خەڵکە مەدەنییانەش ناگرێتەوە کە بەهۆی لەدەستدانی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، خۆراک و ئاو بۆ مافە بنەڕەتییەکانی تر گیانیان لەدەستداوە".

لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لەوە دەکات بەهۆی شەڕەکەوە 13 ملیۆن و 500 هەزار مرۆڤ بە ناچاری و زۆرەملێ ئاوارەبوون وەک پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆ پەڕاگەندە بوون. کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ژمارەی دانیشتوانی سوریایە کە نزیکەی 18 ملیۆن کەسە. نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە 11 ملیۆن کەس لەناو سوریادا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی بژین.

لە راپۆرتەكەی نووسینگەی كۆمیساریای باڵادا ئاماژە بەوە كراوە كە ڕێژەی قوربانیانی مەدەنی لە 10 ساڵی ڕابردوودا 1.5%ی دانیشتوانی سوریا بووە لە سەرەتای شەڕەکەوە واتە لە ساڵی 2011 ەوە.

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن ئەم ژمارە زۆرەی قوربانییەکان ئاماژەیە بۆ شکستێکی ڕژدی لایەنە شەڕکەرەکان لە ڕێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی. هۆشداریش دەدەن تا ئەوکاتەی شەڕ بەردەوام بێت، ژمارەی کوژراوانی خەڵکی مەدەنی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت.

XS
SM
MD
LG