Accessibility links

ڕووسیا ئۆکرانیا موشەکباران دەکات و وڵاتانی ڕۆژئاواش بەڵێنی پشتیوانی بەردەوام بۆ ئۆکرانیا دووپاتدەکەنەوە


هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە هێرشەکانیان لە ناوچەی میکۆلایڤ لە باشوری ئۆکرانیا چڕکردەوە، لە کاتێکدا ئەندامانی ناتۆ لە مەدرید کۆبوونەوە بۆ پلاندانان بۆ ڕێڕەوێکی کارکردن لە دژی شەرانگێزییەکانی مۆسکۆ لەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بە سەرکردەکانی ناتۆی ڕاگەیاند کە وڵاتەکەی پێویستی بە چەک و پارەی زیاترە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و هۆشداریدا لەوەی کە خواستەکانی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا ناوەستێت.

لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەدا سەرۆک جۆو بایدن جێگیرکردنی زیاتری لەشکری ئەمەریکای لە سەرانسەری ئەوروپادا بۆ وشکانی و ئاسمانی و دەریای ڕاگەیاند، لەنێویاندا بارەگایەکی هەمیشەیی لەشکر لە پۆڵەندا، وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی ڕووسیا.

سەرۆکی شارەوانی شاری میکۆلایڤ ڕایگەیاند بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیا بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون، لانیکەم سێ کەس کوژران، هاوکات مۆسکۆ ڕایگەیاند هێزەکانیان بنکەیەکی مەشقپێکردنی بەکرێگیراوانی بیانیان لە ناوچەکەدا بۆردومان کردووە.

لە ڕۆژهەڵات پارێزگاری شاری لوهانسک ڕایگەیاندووە کە لە زوربەی شوێنەکانی دەوروبەری بەرزاییەکانی شاری لیسیچانسک شەڕ بەردەوامە کە سەربازانی ڕووسیا هەوڵی گەمارۆدانی دەدەن.
پارێزگاری کریڤی ریه لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا گوتی تۆپبارانەکانی ڕووسیا لەوێش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیادیکردووە.

ئۆلیکساندەر ڤیلکوڵ، پارێزگاری کریڤی ریه گوتی "چەند گوندێک بە تەواوەتی خاپوربوون".

تاوسەندنی هێرشەکان دوا بە دوای هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر مۆڵێکی ناوەڕاستی ئۆکرانیا دێت کە ڕۆژی دووشەممە بە موشەک بۆردومان کرا و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 18 کەس، لە کاتێکدایە هێزەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن هێواش هێواش لە پێشڕەویدان بەڵام بێوچان بەردەوامن لە شەڕێکدا کە وا پێدەنێتە پێنجەمین مانگییەوە.

سەرەڕای ئەوەش، شرۆڤەکارانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسەکان زیانی زۆریان گەیاندووە بەو ناوچانە و بە سەرچاوە ئابوورییەکانیش، لە کاتێکدا ئەگەری گەیشتنی چەکی زیاتری ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا، وەک سیستەمی موشەکی دوور مەودا، وای لە مۆسکۆ کردووە لە هەوڵی دەسکەوتی لەشکری زیاتردا بێت لە بەرەکانی جەنگدا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG