Accessibility links

ناتۆ بەرەو کۆبوونەوە لوتکەییەکەی لە سەروەختێکی هەستیاردا


کۆبوونەوەی لوتکەیی ناتۆ بڕیارە لەم هەفتەیەدا بکرێت، ئەم کۆبوونەوەیە لە هەلومەرجێکی هەستیاری جیهانیدا بەڕێوەدەچێت.
ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندام هەرودێ و دەگەنە شاری مەدرید لە وڵاتی ئیسپانیا بۆ دەستپێکردنی ئەم کۆبوونەوە لوتکەییە.

سەرۆک بایدن، دەگاتە مەدرید بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا
سەرۆک بایدن، دەگاتە مەدرید بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا

بە پلەی یەکەم کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ناتۆ بۆ دانانی ستراتیژیەتێکی نوێی 10 ساڵییە کە لەگەڵ هەلومەرجی نوێی جیهاندا بگونجێت.
بەپێی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان، ناتۆ تەنها هاوپەیمانێتییەکی لەشکرییە کە بتوانێت بەرگری لە ئەوروپا بکات هاوکاتی زیاتربوونی شەڕانگێزییەکانی ڕووسیا.

هاوپەیمانێتی ناتۆ لەبەردەم ژمارەیەک ئاڵنگاری گەورەدایە، لەوانە ناسەقامگیری لە ناوچەی باڵکان، هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، بە سەربازگەکردنی واڵایی.

بێگومان لەم زیاتر لە چوار مانگەی ڕابردوودا شەڕی سەپێندراوی ڕووسیا بەسەر ئۆکراینادا دەکرێت بگوترێت گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم ناتۆ بووە بەتایبەتیش لە ڕوانگەی چۆنییەتی درێژەدان بە یارمەتی و کۆمەکە لەشکرییەکان بۆ ئۆکراینا بەبێ ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە ببێتە بەشێک لە شەڕەکە.

بۆ یەکەمین جاریشە ئەم هاوپەیمانێتییە ڕایبگەیەنێت کە تاووتوێیەکی وردی ئەو سەختیانەش دەکات کە وڵاتی چین سەرچاوەکەین و خستویەتیە بەردەم هاوپەیمانێتی ناتۆ.

هاوپەیمانێتی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکهاتووە، سیان لەم وڵاتانە "ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا" خاوەنی چەکی ناوکین و هاوپەیمانێتییەکەش نایەوێت بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ ڕووسیادا.

لەوەتای شەڕی سەپاندووە بەسەر ئۆکراینادا، چەند جارێک ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بە عەمماری زەبەلاحی ناوکیی وڵاتەکەی کردووە و هەروەهاش ئاماژەی بە پەرەسەندنێکی گەورەی شەڕی ئۆکرایناش کردووە.


پرسی ئەندامێتی هەردوو وڵاتی سوید و فینلاند یەکێک دەبێت لەو دۆسێیانەی لەم کۆبوونەوە لوتکەییەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا دەخرێتە بەر باسکردن. تا ئێستاشی لەگەڵدابێت تورکیا سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ ڤیتۆکردنی داوای ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتەی ئەوروپا.

تورکیا پێداگرە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەندامێتی هەردوو وڵاتی سوید و فینلاند و ژمارەیەک هەوڵی زۆریشی داوە تا ئەو داوایانەی هەیەتی جێبەجێ بکرێن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە زۆر بۆنەدا جەختی لەوەکردۆتەوە کە هەڵوێستەکانی نەگۆڕن لەسەر ئەو بابەتە و تەنانەت دەڵێت "چاوەڕوانی قسەی پڕوپووچ ناکات، بەڵکو ئەنجامی دەوێت."

وەک زۆرێک لە شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن ئەردۆغان دەیەوێت ئەم دۆسێیە وەکا کارتێکی فشار بەکاربهێنێت بۆ دەستکەوتی زیاتر لەوانە کڕینی جۆری پێشکەوتووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16، کە لەوانەیە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک بایدندا باسی بکات.

ئامادەکاریش هەن هەر لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ناتۆدا، تورکیا و سوید و فینلاند پیکەوە کۆببنەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر داواکانی تورکیا.

ئەو کۆبوونەوەیە وەک باس دەکرێت لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ناتۆدا دەکرێت.
بێ لەوانەش ژمارەیەک داواشی هەیە بۆ ڕادەستکردنەوەی نەیارەکانی ئەردۆغان کە لە ئەوروپان، ئەردۆغان هەموو نەیارەکانی خۆی بە تێرۆریست و بە دژایەتیکردنی تورکیا ناودێر دەکات، هەروەهاش داوا دەکات هەرێمێکی ئاسایشی لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا دابنرێت بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر، وەک دەڵێت بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی تورکیا.

هەندێک شارەزا و شیکەرەوەش ئاماژە دەکەن بەوەی ئەردۆغان ئامانجێکی تری سەرەکیشی هەیە لەم پێداگرییەی لە بەرامبەر سوید و فینلاند دەیکات و وەک دەڵێن پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی تورکیاوە هەیە و ئەردۆغان دەیەوێت سەرکەوتنی خۆی لەو هەڵبژاردنەدا مسۆگەر بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا وەها دانراوە ساڵی داهاتوو ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ لە تورکیا ئاماژەیان بەوەکردووە لەوانەیە هەڵبژاردنەکە پێشبخرێت و لە مانگی یازدەدا بکرێت.
حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان ڕووبەڕووی کێشەی قوڵی ئابوری و دارایی بۆتەوە، وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، ئەم هەوڵانەی ئەردۆغان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ڕێژەی پشتیوانییەکانە بۆ حکومەتەکەی.

ئامارەکان وەهای نیشان دەدەن ڕێژەی پشتیوانی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و لە ئاکەپەش بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

لە پەیوەندی بە تورکیاوە وەک سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت ئەمە یەکەم جار نییە لەناو ئەندامانی ناتۆدا ئەم جۆرە کێشانە دروست بن و هەوڵی تەواوەتی دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی لە ڕێی وتووێژەوە لەسەر مێزی دانوستاندن.

بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە کە بگوترێت گەیشتنێک بە ڕێککەوتن هەیە لەسەر نیگەرانییەکانی تورکیا

لە پەیوەندی بە قەیرانی ئۆکرایناوە هەر لە ئێستاوە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاندووە پلانی هەیە بۆ زیادکردنی "هێزی ئامادە" و بڕیارە بگەیەندرێتە زیاتر لە 300 هەزار سەرباز کە ئێستا ئەو هێزە لە نزیکەی 40 هەزار سەرباز پێکهاتووە و زۆربەشیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سنوری ناتۆدان.

سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت ئەم زیادکردنە دەگەڕێتەوە بۆ هەروادێ و زیاتربوونی هەڕەشە و مەترسییە ڕاستەوخۆکانی ڕووسیا بۆسەر ئاسایشی ئەوروپا.

XS
SM
MD
LG