Accessibility links

ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ لە هەولێر دەستگیرکرا


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند هێزەکانیان توانیویانە ئەو کەسە دەستگیر بکەن کە تۆمەتبارە بە کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ لە هەولێر. بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە لایەن خوێندکارێکەوە هێرشدەکرێتە سەر دوو مامۆستای زانکۆ هەردوو مامۆستاکە دەکوژێت و کەسێکی تریش بریندار دەکات.

بەپێی زانیاریەكان خوێندکارێک پێنج فیشەک لە دکتۆر كاوان ئیسماعیل ڕاگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین دەدات بەو هۆیەوە دکتۆر کاوان گیان لەدەست دەدات، هەر هەمان کەس هێرش دەکاتە سەر دکتۆر ئیدریس حەمەخان کە ئەویش مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدینە لە ماڵەکەی خۆیدا سێ فیشەكی بەردەكەوێت و گیان لەدەستدەدات.

سەبارەت بە ڕەوشی زانكۆ و خوێندكارەكان و ڕووداوەكە، سامان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە دەنگی ئەمەریکای گوت" ڕووداوەکە زۆر ناخۆشبوو سەرەتای دەوامبوو کەسی وای لێنەبووە تەنها ئەوانەی کە زوو ڕۆیشتبوونە دەوام. ئێستا دەوام ئاساییە و هیچ کێشەی نییە، مامۆستاکان دەوامی خۆیان کردووە و ڕووداوی وا لە هەموو دونیا ڕوویداوە پێش دوو ساڵیش لە وەزارەتی کارەبا ڕووداوێکی هاوشێوە ڕوویداوە و لە شوێنی دیکەش ڕوویداوە".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتیشی" بارۆدۆخەکە زۆرباشە و قوتابیەکانیش دەوامی خۆیان کردووە و تاقیکردنەوەکانیش بەڕێوەچوون، واتا تەنها ئەوەیە کە لایەنە ئەمنیەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆ خەریکی ئەو بابەتە بوونە".

سەبارەت بەم ڕووداوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە پەیامێكیدا دەڵێت زۆر خەمبارم بە شەهیدبوونی دکتۆر کاوان ئیسماعیل و دکتۆر ئیدریس حەمەخان. لە دەستدانی ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە، کارەساتێکی دڵتەزێنە. پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵە بەڕێزەکانیان و لە خۆمانیش دەکەم، هاوبەشی خەمیانم. وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان، توانیان لە ماوەیەکی کەمدا، تاوانبار دەستگیر بکەن و ڕادەستی یاسای بکەن بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم گوتیشی" دەبێ وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان، هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپکاران لە هەر پلە و ئاستێکدا بن".

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌لاحه‌دین لە هه‌ولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشكرا دەكەن كە ڕۆژی سێشەممە كاتژمێر ۸:۱٥ خولەکی به‌یانی، قوتابییه‌كی زانكۆی سۆران هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ئۆفیسی ڕاگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سه‌لاحه‌دین لە هه‌ولێر و دێی نوێی زانكۆ، كه‌ ماڵی مامۆستایانی زانكۆی سه‌لاحه‌دینی لێیه‌.ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی پێشینه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی گواستنەوەی به‌ر له‌ دووساڵ بووه‌، هه‌مان قوتابی هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ‌ ئۆفیسی پڕۆفیسۆر دکتۆر كاوان ئیسماعیل ڕاگری كۆلێژی یاسا و ماڵی پ.ی.د. ئیدریس حه‌مه‌ خان مامۆستا له‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردووكیان دەکوژێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارگوزارێكی كۆلێژی یاسا بریندار ده‌كات.

سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدین دەشڵێت" پڕۆسه‌ی خوێندن به‌ردوام ده‌بێت و گیانی مامۆستایانمان پارێزراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ده‌زگا ئه‌منییه‌كان خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردن له‌م ڕووداوه‌ كاره‌ساتباره‌ بۆ ئەوەی تاوانبار به‌ سزای یاسایی بگه‌یەندرێت".

هەر سەبارەت بەو ڕووداوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند" تاوانبارەک پێشینەیەکی یاسایی هەبووە پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە کەسێکی دیارە بۆیە پێویستە بەزووترین کات خۆیی ڕادەستی پۆلیس بکات و ناتوانێت لەبەردەم یاسا ڕزگاری بێت دڵنیایی بە خەڵکی شاری هەولێر و کەسوکاری ئـەو قوربانیانە دەدەین دڵنیایی بە خەڵکی شاری هەولێر و کەسوکاری قوربانیان دەدەین کە ناتوانێت لەبەردەم یاسا دەرباز بێت، ئەو تاوانبارەی کە هێرشی کردووەتە سەر دکتور کاوان ڕاگری کۆلێژی یاسا و دکتۆر و کەسێکی تریشی بریندارکردووە بەداخەوە هەمان تاوانبارە کە دکتۆر ئیدریس حەمە خانیشی کۆشتووە دۆکۆمێنت و ڤیدیۆ لەبەردەستە کە چووە پەلاماری ئەویشی داوە، بەداخەوە هەر ئـەو کاتەی کە دکتۆر کاوان گەیەنرایە نەخۆشخانە کە پێنج گولەی بەرکەوتبوو هەر ئەو کاتە گیانی لەدەستدابوو بەڵام دیسان دڵنیایی دەدەین فەرمانی سەرۆکی حکومەت ئـەوەیە کە ئەو تاوانبارە بە هیچ جۆرێک لەدەست یاسا دەربازی نابێت".

پارێزگاری هەولێر ئاشكراشیدەكات كە تۆمەتبارەکە قوتابی بووە لە زانکۆی سۆران کێشەیەکی هەبووە لەوێ دەرکراوە ئـەو کەیسە پێشینەیەکی هەیە هەوڵیداوە لێرە وەربگیرێت بەڵام وەرنەگیراوە لەو نێوەندەدا هەڕەشەی کردووە نەک هەڕەشەی لەو دوو مامۆستایە کردووە هەڕەشەی لە کۆمەڵێک مامۆستای دیکەش کردووە، لادەرێکە لەبەردەم یاسا و دەکەوێتە بەر یاسا.

لای خۆیەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" سەر لەبەیانى ڕۆژی سێشەمە لە ڕووداوێکى نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراودا، لە کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین هەولێر، یەکێک لە قوتابیەکانى بەشى یاسا بە چەک هێرش دەکاتە سەر حەرەمى زانکۆ و بەداخەوە لە ئەنجامدا دکتۆر کاوان ئیسماعیل ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و دکتۆر ئیدریس حەمەخان مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین گیان لە دەست دەدەن و یەکێک لە کارمەندەکانیش بریندار دەکات".

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەشڵێت" وەزارەتەکەمان لە کاتێکدا بە بە توندى سەرکۆنەی ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکات، لە پێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەموو ڕێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى بەرپرس بین و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرە بسێنێت."

XS
SM
MD
LG