Accessibility links

لە شەش مانگی ڕابردوودا یەک تۆن ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە


مەریوان عەلی بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی
مەریوان عەلی بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی

لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکەش، 240 کەس لەو ماوەیەدا بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستیگرکراون و دەست بەسەر نزیکەی یەک تۆن ماددەی جۆراوجۆریشدا گیراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 26ی 6 ی هەموو ساڵێکی لە جیهاندا وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دیارییکردووە، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش بەپێی ئامارەکانی ئاسایشی سلێمانی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر زیادیکردووە، بەڵام دەستگیرکردنی تۆمەتباران کەمی کردووە.

مەریوان عەلی بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کە ئامارەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە.

''زۆربەی ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن لای ئێمە ناسراون، ساڵی ڕابردوو 670 کەسمان دەستگیرکردووە و داومانە بە دادگا، ئەمساڵ 240 کەسمان گرتووە و ڕووبەڕووی دادگامان کردوونەتەوە، بێگومان لەوانەش هەندێکیان بازرگان و هەندێکیان بەکارهێنەرن.''

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە شەش مانگی ڕابردوودا 240 کەس تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 229یان لە ڕەگەزی نێر و 11یان لە ڕەگەزی مێ بوون، 67 کەسیان بارزگان و 173 کەسیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوون، یەکێک لە بازرگانەکانیش لە ڕەگەزی مێ بووە،

''ئەم ماددەی هۆشبەرەی ئێستا هاتووە لەگەڵ ئەوەی ڕابردوو جیاوازیی هەیە، ئەمە ئێستا لە تاقیگە داخراوەکان دروست دەکرێت، کۆمەڵێک ماددەی خامی ئەم کەرەستانە دەخرێتە ئەو تاقیگانە و دروست دەکرێن، بۆیە ئەمەی ئێستا زۆر کێشەیە، تەنها ماددەیەکی هۆشبەر نییە و خەڵک چێژی لێ ببینێت، ئەمەی ئێستا وایان لێکردووە یەک جار دوو جار بیخۆی، ناتوانی وازی لێ بهێنیت، کار لەسەر مێشک و هەستی بەکارهێنەرەکان دەکات، ئێمە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێمە 18 فەردەی 50 کیلۆیی مادەی خاممان دەستبەسەرداگرتووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە شوێنێکی تایبەتە، بەڵام تائێستا شتی وامان لێرە نەبینیوە.''

بەپێی ئامارەکانی ئاسایشی سلێمانی، لە شەش مانگی ڕابردوودا دەست بەسەر 981 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و چوار کارتۆن حەبی ترامادۆڵدا گیراوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو تا مانگی شەش تەنها 200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە.

بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەریش ئاماژە بەوە دەکات، کە ناتواندرێت بەتەواویی کۆنترۆڵی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بکرێت، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو، کە هەرێمی کوردستان وەک ترانزێت بەکاردەهێندرێت بۆ هەناردەکردنی ئەو ماددانە بۆ دەرەوەی وڵات.

ناتوانم بلێم بە تەنها لە سنورێکەوە دێت و لە سنورێکی تر نایەت ئێمە نزیکەی 600 کیلۆمتەر سنوورمان لەگەڵ ئێران هەیە، ناتوانین هەموو ئەو سنوورانە کۆنترۆڵ بکەین، لە هەمان کاتدا خەڵکمان دەستگیرکردووە لە کەرکوکەوە هێناویەتی، لە بەغداوە هێناویەتی، بۆیە ماددەی هۆشبەر سنووری نییە و ناتوانین بەتەواویی کۆنترۆڵی بکەین، هەرێمی کوردستان وەک ترانزێت بەکاردەهێندرێت، لێرەوە ماددەی هۆشبەر هەناردە دەکرێت بۆ وڵاتانی دیکە، چەندین جار دەستمان بەسەر ماددەدا گرتووە کە هەوڵدراوە بنێردرێت بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش بۆ چین.''

بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، هەرکەسێک بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بکات یاخود بەرهەمی بهێنێت، بە زیندانیی هەتاهەتایی و پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 30 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزادەدرێت، هەروەها ئەو کەسانەشی بەکاریدەهێنن بە سزای زیندانییکردنی ساڵێک تا سێ ساڵ زیندانیی دەکرێتن، لەگەڵ پێبژاردنێک کە لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

ڕاپۆرتی پەیامنێر سنوور کەریم

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:10 0:00

XS
SM
MD
LG