Accessibility links

ڕووسیا کیێڤ مووشەکباران دەکات لەم دەمەی سەرکردەکانی جیهان لە ئەوروپا کۆدەبنەوە


ڕووسیا مووشەکی گرتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە، ڕۆژێک دوای ئەوەی شارێکی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کەوتە دەست هێزەکانی لایەنگری ڕووسیاوە، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان لە ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنی سزای زیاتری سەر مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.

لە کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا بەلایەنی کەمەوە چوار تەقینەوە لە ناوەڕاستی کیێڤ دەنگی دایەوە، ئەمەش یەکەم هێرشی لەو جۆرە بوو بۆ سەر شارەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا. دواتر دوو تەقینەوەی دیکە لە پەراوێزی باشووری شارەکەدا بیسترا.

ئەندری یەرماك، بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: "رووسەكان جارێكی تر كیێڤیان دایە بەر مووشەک، کە زیانیان بە باڵەخانەیەكی ئەپارتمەنت و باخچەیەكی منداڵان گەیاندوە."

ئیهور کلیمێنکۆ، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئۆکرانیا لە تەلەفزیۆنی نیشتمانیدا رایگەیاند، پێنج کەس برینداربوون.

جێی باسەلەم کاتەی گەورەترین ململانێی زەوی لە ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پێی نایە پێنجەمین مانگیەوە، هاوپەیمانی ڕۆژئاوا کە پشتگیری لە کیێڤ دەکات دەستیکردووە بە نیشاندانی فشار لەم کاتەی سەرکردەکان نیگەرانن لە زیادبوونی تێچوونی ئابووری، لەنێویاندا بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەوەی کە شەڕێکی درێژخایەن لە ئۆکرانیا کە یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە جیهاندا، هەڕەشەی دروستبوونی قەیرانی برسێتی لە جیهاندا دەکات.

لە هەوڵی زیاتر توندکردنەوەی گوشار بۆ سەر ڕووسیا، وڵاتانی جی حەوت قەدەغەکردنی هاوردەکردنی زێڕی نوێیان لە ڕووسیا ڕاگەیاند لە کاتێکدا دەستیان بە لوتکەی خۆیان لە بەرزاییەکانی ئەلبی باڤاریا لە ئەڵمانیا کردووە.

وا بڕیاریشە سەرکردەکانی ناتۆ لە 29-30ی مانگی 6دا لە مەدرید کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG