Accessibility links

چەکدارێک هێرش دەکاتە سەر باڕێکی هاوڕەگەزخوازان لە ئۆسلۆ


ڕۆژی شەممە ئەو ڕۆژەی کە بڕیار بوو شاری ئۆسڵۆ ئاهەنگی ساڵانەی نمایشی پراید بگێڕێت لەو سەروەختەدا چەکدارێک هێرشی کردە سەریان و دوو کەسی کوشت و 21 کەسیشی بریندار کرد. ئاهەنگێڕەکان لە باڕێکی هاوڕەگەخوازان لە ئۆسلۆ لە ژێرزەمینێکدا خۆیان حەشاردا و بە نائومێدیەوە پەیوەندیان دەکرد بە ئازیزانیانەوە.

دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند کە تۆمەتبارەکە هاوڵاتییەکی نەرویجی بە ڕەگەز ئێرانیە و تەمەنی 42 ساڵە، پێدەچێت ئیسلامییەکی توندڕەو بێت و پێشینەی نەخۆشی دەروونی هەیە لە ساڵی 2015 ەوە لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە ناسراوە.

هێرشەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی شەممەدا ڕوویدا و قوربانییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی مەیخانەی لەندەن کە ناوەندێکی دێرینی هاوڕەگەزخوازانە لە ئۆسلۆ، هەروەها لە شەقامەکانی دەوروبەری و لە باڕێکی دیکە لە ناوەندی پایتەختی نەرویج تەقەیان لێکراوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا پۆلیس بڵاویكردەوە کە ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە دوو پیاون و تەمەنیان لە 50 و 60 ساڵ دا بووە.

جۆناس گاهر ستۆێر سەرۆک وەزیرانی نەرویج لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هەموو شتێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمە هێرشێکی توندڕەوێکی ئیسلامی بووە."

گوتیشی "ئێمە هێشتا نازانین ئایا کۆمەڵگەی هاوڕەگزخوازانی کردۆتە ئامانج یان نا، بەڵام دەزانین کۆمەڵەکە قوربانییە. "

بیلی بلوم-جانسن کە لە مەیخانەی لەندەن بووە، ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ ئەوەی لە فیشەکەکان ڕزگاری بێت، هەڵاتووە بۆ ژێرزەمینەکە و لەگەڵ 80 بۆ 100 کەسی دیکەدا لەوێ خۆیان حەشارداوە.
هەروەها گوتیشی "کەمێک ترس و دڵەڕاوکێم هەبوو و پێم وابوو ئەگەر تەقەکەرەکە یان تەقەکەرەکان بگەن، هەموومان دەکوژن. هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ دەربازبوون."

ئاڵای پەلکەزێڕینە کە هێمای کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانە لەم هەفتەیەدا لە سەرانسەری ئۆسلۆ نمایشکرا، بەڵام نمایشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ڕۆژی شەممە لەسەر ئامۆژگاری پۆلیس هەڵوەشایەوە.

ئانێت ترێتبێرگستون، وەزیری ڕۆشنبیری و یەکسانیخوازی نەرویج و کە خۆی پشتیوانێکی هەڵمەتەکەی مافەکانی هاوڕەگەزخوازانە دەڵێت "شەوی ڕابردوو ئاڵا پەلکەزێڕینەکە بە ڕەنگی ڕەش ڕەنگ کرابوو".

لە کاتێکدا نمایشە فەرمییەکە هەڵوەشایەوە، چەند هەزار کەسێک لە ناوەڕاستی ئۆسلۆ ڕێپێوانێکی هەڕەمەکییان ئەنجامدا و ئاڵای پەلکەزێڕینەیان هەڵدا و بە زمانی ئینگلیزی دروشمیان دەوتەوە "ئێمە لێرەین، ئێمە هاوڕەگەزخوازین، ئێمە لەناوناچین".

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس کە پێیانوایە تۆمەتبارەکە بە تەنیا بووە، چەند خولەکێک دوای دەستپێکردنی تەقەکردنەکە دەستبەسەر کراوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوو چەک لە شوێنی تاوانەکە دەستیانبەسەردا گیراوە کە چەکیکیان تەواو ئۆتۆماتیکیە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG