Accessibility links

ئاگرکەوتنەوە لە تورکیا ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی زیاتر لە حکومەت توڕەدەکات


تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕۆژی هەینی لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا بۆ سێیەم ڕۆژ سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرێکی گەورەبوون، لە کاتێکدا بەرپرسانی شارەوانی هۆشدارییان داوە کە دەسەڵاتدارانی نیشتیمانی هیچ ئامادەکاریەکیان نەکردووە لەو بارەیەوە تەنانەت دوای کەوتنەوەی ئاگرە وێرانکەرەکانی ساڵی ڕابردوو کە فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە کەمبووبون بۆ ڕوبەڕووبونەوەیان.

دیمەنەکانی سووتانی دارستانەکان لە نزیک هاوینەهەواری مار ماریس لە کەنارەکانی ئیجە لە ڕۆژی سێشەممەوە ترسی دووبارەبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی ڕابردووی لێکەوتەوە کە نزیکەی 140 هەزار هێکتار (345 هەزار و 950 دۆنم) لە سەرانسەری ناوچەکەدا ئاگر وێرانی کردوون .

حکومەتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکە و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ڕەخنەی لێگیرا کە ئامادەکاری ئەتۆی نەکردبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرەکانی ساڵی ڕابردوو. لە وەڵامدا ئەردۆغان گوتبووی کە ئاگرکەوتنەوەکان خراپترین ئاگرەکەوتنەوە بوون لە مێژووی تورکیادا.

بەرپرسانی شاری مەرمەریس و هاوینەهەواری بۆدرومی نزیکی ئەوێ تێکڕا هەردووکیان ساڵی ڕابردوو خراپترین ئاگرکەوتنەوەیان بەخۆیانەوە بینی و ڕایانگەیاندووە کە ئەمساڵیش حکومەت ئامادەکاری تەواوەتی نەکردووە.

عەلی کیرلی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی مەرمەریس، ڕایگەیاند "دەبوو ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی ڕابردوو بووبوونایە بە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە تا باشتر ئامادەکاری بۆ ئەم هاوینە بکرێت."

به‌ر له‌ کەوتنەوەی ئاگرەکەی ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ئەو بەرپرسە به‌ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیته‌رزی ڕاگه‌یاند، وه‌رزی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام فڕۆكه‌ له‌ ئاسماندا نییه‌ و کارمەندی ئاگرکوژێنەوەش له‌سه‌ر زه‌وی نیین‌.

هەروەها گوتیشی "پێویستە فڕۆکە و هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە بکڕدرێت، هەروەها کەشتی فڕۆکە هەڵگریش لە ناوچەکە جێگیر بکرێت."

مەهمەت ئۆکتای، سەرۆکی شارەوانی مەرمەریس، گوتی تا مانگی ئایار یەک هەلیکۆپتەر بۆ هەرێمەکە تەرخان کراوە و داوای زیادکردنی کردووە. لەو کاتەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە، داوای هێلیکۆپتەرەکانی شەوانەگەری کردووە بۆئەوەی شەوانە ڕووبەڕووی بڵێسەی ئاگرەکە ببنەوە، ئەمەش داواکارییەکە ئەحمەد ئاراس سەرۆکی شارەوانی بۆدرۆمیش دووپاتی کردۆتەوە.

لە وەڵامێکی نووسراودا بۆ پرسیارەکانی ڕۆیتەرز، ئەحمەد ئاراس هەروەها ڕایگەیاندووە، پێویستە فڕۆکەکان بۆ ناوچەکە جێگیر بکرێن و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەهێزتر بکرێن.

حکومەت ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ئەمساڵ ئامادە نەبووە، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا ئۆپۆزسیۆنی بە بڵاوکردنەوەی درۆ تۆمەتبار کردووە. هاوکات کیرلی و ئۆکتای و ئاراس هەموویان لە ئۆپۆزسیۆنی جەهەپەن.

بودجەی دەستەی دارستان لە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 220% بەرزکراوەتەوە بۆ 2.4 ملیار لیرە کە دەکاتە 138.15 ملیۆن دۆلار و بەرپرسانیش دەڵێن بڕیارە لە مانگی 7 دا کۆپتەرەکان بۆ چاودێری شەوانە ئامادە بکرێن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG