سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی تاوتوێی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و هەڕەشەی بڕینی تەواوەتی غازی ڕووسیا دەکەن، هاوکات مۆسکۆ تۆمەتبار دەکەن بە بەکارهێنانی وزە وەک چەک لە ڕێگەی فشاری دابینکردنەوە کە ئەڵمانیا هۆشداری داوە لەوبارەیەوە کە لەوانەیە لە وەرزی زستانەدا بەشێک لە پیشەسازییەکانی دابخات.
ڕۆژێک دوای ئاهەنگ گێڕانەکان سەبارەت بە دانانی کیێڤ لەسەر ڕێچکەی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا، بڕیاربوو کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕۆژی هەینی لە برۆکسل ڕەنگدانەوەیەکی رژد بێت لەسەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
سەرکردەکانی 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا بەپێی ڕەشنووسی بەیاننامەیەکی کۆبوونەوە لوتکەییەکە کە بۆ ڕۆیتەرز نێردراوە، تاوانی بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان و دابەزینی گەشەی جیهانی دەخەنە ئەستۆی ئەو شەڕەی کە ڕێک چوار مانگ لەمەوبەر دەستی پێکرد.
دوای سەپاندنی ئەو سزا توندانەی ڕۆژئاوا بە سەر ڕووسیادا بەهۆی لەشکرکێشییەکەیەوە بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، تا ئێستا دەیان وڵاتی ئەوروپا بەهۆی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی غاز لە ڕووسیاوە زیانیان لێکەوتووە.
یەکێک لە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا بەر لە دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "تەنیا پرسەکە پرسی کاتە؛ بۆ ئەوەی ڕووسەکان ناردنی غاز ڕابگرن."
وەزیری ئابووری ئەڵمانیا رۆبەرت هابێک هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی بەرەو کەمی غاز دەڕوات ئەگەر دابینکردنی غاز لەلایەن ڕووسیاوە وەک ئێستا کەم ببێتەوە و هەندێک پیشەسازیش لە زستاندا دەبێت دابخرێن.
ناوبراو بە گۆڤاری دێر شپیگل-ی گوتووە " بە ناچاری دەبێت کۆمپانیاکان بەرهەمهێنان بوەستێنن، کرێکارەکانیان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە، زنجیرەکانی وەگەڕخستنی دابینکردن پێداویستییەکان تێکدەشکێن، خەڵک بە ناچاری قەرزار دەبێت لە پێناو دابینکردنی پارە بۆ گەرمکەرەوەکانیان". هەروەها گوتیشی "ئەمە بەشێکە لە ستراتیژەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن بۆ دابەشکردنی وڵاتەکە."
یەکێتی ئەوروپا پێش جەنگەکە بە ڕێژەی لە 40% پشتی بە غازی ڕووسیا بەستبوو بەڵام ئەڵمانیا زیاتر پشتی بە لە 55% بەستبوو، ئەو شەڕە کەلێنێکی گەورەی دروستکرد بۆ پڕکردنەوەی بازاڕی جیهانی غاز کە لە ئێستاوە بە بارێکی سەختدا تێدەپەرێت.
بەپێی ڕەشنووسی بەیاننامەیەک کە کەوتۆتە بەردەستی ڕۆیتەرز، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن "لە بەرامبەر ئەوەی ڕووسیا غاز وەک چەکێکی فشار بەکاردەهێنێت پێویستە " کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ زامنکردنی "دابینکردن بە نرخێکی گونجاو".
شایەنی باسە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشتر ملیاران یۆرۆیان خستۆتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی باج و یارمەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە وڵاتەکانیاندا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز