گوتەبێژی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کۆمیسیۆنەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمەریکی شیرین ئەبوعەقلە لە ڕۆژی 11 ی مانگی 5 دا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراوە.
ڕاڤینا شەمدەسانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ژنێڤ ڕایگەیاند "هەموو ئەو زانیاریانەی کۆمانکردونەتەوە لە نێویاندا لە سوپای ئیسرائیل و داواکاری گشتی فەلەستینیشەوە، ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو تەقانەی بوونە هۆی کوشتنی ئەبو عەقلە و بریندارکردنی عەلی ئەلسامودی هاوکارەکەی لە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە سەرچاوەی گرتبوو، نەوەک تەقەی هەڕەمەکی لەلایەن فەلەستینییە چەکدارەکانەوە".
شەمدەسانی گوتیشی "هیچ زانیارییەکمان دەستنەکەوت کە ئاماژە بەوە بکات چەکدارانی فەلەستینی هیچ چالاکیەکیان لە نزیک ئەو ڕۆژنامەنووسەوە ئەنجام دابێت." ئاماژەی بەوەشکردووە کە "زۆر جێگەی نیگەرانییە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هێشتا لێکۆڵینەوەی دادوەرییان دەستپێنەکردووە".
شیرین ئەبو عەقلە چاکەتێکی گولەنەبڕی لەبەردابووە کە لەسەری نوسرابوو "پرێس" کە ئاماژەیە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و کڵاوێکی خۆپارێزیشی لەسەر بووە، بەڵام فیشەکێک بەر بەشی خوارەوەی کڵاوەکەی دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات.
سەرچاوە: فرانس پرێس