Accessibility links

جەبار یاوەر: عێراق لە ڕووی سەبازییەوە نەگەیشتۆتە ئاستێک بتوانێت زەمین و ئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت


ئەمینداری پێشووی وەزارتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات بە گوێرەی دەستوور پاراستنی سەروەری ئاسمانی و زەمینی عێراق ئەرکی حکومەتی عێراقە، بەڵام حکومەتی فیدراڵ توانای پاراستنی ئاسمان و زەمینی وڵاتەکەی نییە. ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 200 جار ئاسمان و سنووری زەمینی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ناوخۆییەکان و تورکیا و ئێرانەوە بەزێندراون.

جەبار یاوەر، فەریق ڕوکنی خانەنشین و شارەزای بواری سەربازی و پێشمەرگە، هۆکاری بۆردوومان و هێرشە مووشەکییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان و بە تایبەت بە ئامانجکردنی کێڵگە نەوتی و غازییەکان دەگێڕێتەوە بۆ ئەو کێشە سیاسی و ئابوورییانەی لە عێراق و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەن.

دەڵێت"هۆکارەکان زۆرن یەکەم هۆکار ئەو کێشانەی نێوان هەرێم و حکومەتی عیراقن، کێشە سیاسیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، بە تایبەت کێشەی سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان، کێشەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی، کێشەی نێوان کوتلەکان و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، هەبوونی کێشەی گشتی لە عێراقدا تاکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارەکان بکات، هەبوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، و دەرەوەی دەسەڵاتی مستەفا کازمی، زۆر لە گروپەکان نەهاتوونەتە ژێر ڕکێفی فەرماندەیی، گروپەکان چەکیان هەیە و ئامانج و تەوجیهی جیاوازیان هەیە، بۆیە بەشدارن لە ململانێکان."

جەبار یاوەر پێیوایە، کە حکومەتی عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت ئاسمان و سنووری زەمینی وڵاتەکەی بپارێزێت و ڕووبەڕووی هێرشە دەرەکی و ناوخۆییەکان ببێتەوە.

"هۆکاری تر دەگەڕێتەوە بۆ خودی حکومەتی فیدڕاڵ، چونکە لە ڕووی عەسکەریەوە نەگەشتووەتە ئاستێک زەمین و ئاسمانی و سنووری وڵاتەکەی بپارێزێت، لە کاتێکدا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە زۆربەی ڕۆکێتەکان و درۆنەکان لە ئاسمانەوەیە، حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی بکات، نە هێزی ئاسمانی باشی هەیە نە سیستەمی چاودێری ئاسمانی هەیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، وە سیستەمی دژە ئاسمانیشی نییە، ئەگەر فڕۆکە یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمان بێت، کە نەناسراو بێت یان دوژمن بێت، ناتوانێت دژی بووەستێت، چونکە سیستەمی بەرگری ئاسمانی نییە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی لاواز بوونی عێراق، بۆیە بەردەوام درۆن و فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقەوەیە."

بە وتەی ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە شەش مانگی ڕابردوودا 200 جار ئاسمان و زەمینی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە بەزێندراون، کە لەو ژمارەیەش نزیکەی 94 جاریان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە.

"هێرشەکان بەس ناوخۆیی نین جگە لە ڕۆکێت و درۆنی ناوخۆیی، کە پێشتر کراونەتە سەر عێراق، واتە دەرەکیش هەیە، بەپێی ئامار کە هەرێمی کوردستان کردوویەتی لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگ 200 جار سنووری هەرێمی کوردستان پێشێلکراوە لەو ژمارەیەش 94 جاریان لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە، کە 92 جاریان درۆنی تورکیا بووە، 2 جاریش درۆنی ئێران بووە، کەواتە هێرشەکان بەس ناوخۆیی نەبوون، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکەش بوون، هۆکارەکەش ئەوەیە حکومەتی عێراق جێگیر نییە و کیانێکی بەهێز نییە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، کێشە و ململانی ناوخۆیی هەیە، هێشتا دەستی دەرەکی هەیە، بە دەیان بنکە و بارەگای تورکیا هەیە، عێراق توانای نییە پێیان بڵێ بنکەکانی بباتە دەرەوەی عێراق، هەرچەندە هەندێک جار لەلایەن پەرلەمانەوە ئەو داوایە دەکرێت، بەڵام بیانووی تورکیا ئەوەیە کە هەڕەشە هەیە لەسەر وڵاتەکەی، بۆیە ئامادە نییە عێراق چۆڵ بکات کە لە هیچ شوێنێکی دنیا نییە کە وڵاتێکی خاوەن سیادە خاکەکەی ببەزێنرێت، وە عێراق ناتوانێت بە پەکەکەش بڵێ خاکەکەم چۆڵکە و بڕۆرەوە بۆ ناو تورکیا لەوێ شەڕ بکە یان بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیش بڵێ خاکەکەی چۆڵ بکات."

جەبار یاوەر باس لە بۆردوومانە ئاسمانییەکانی تورکیا دەکات لە خاکی هەرێمی کوردستان، کە دوایین جار لە شارۆچکەی کەلار ئەنجامی دا و بەهۆیەوە فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و 3 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و لەو بۆردوومانەدا بە قوڵایی زیاتر لە 300 کیلۆمەتر تورکیا ئاسمانی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە.

"هەرێمی کوردستان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی درۆن و ڕۆکێتدایە، هەرێم خۆی ئەو توانایەی نییە کە بتوانێت ئاسمانی خۆی بپارێزێت، وە پاراستنی ئاسمان و سنور بە پێی دەستور ئەرکێکی دەستووری و سیادیە و دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق، بەردەوام درۆنی هێزەکانی تورکیا هەیە، کە هەندێک جار بە قوڵایی 250 بۆ 300 کیلۆمەتر، دێن لە ئامانجەکانی خۆیان دەدەن بە تایبەت کە شەڕیان لەگەڵ پەکەکە هەیە، بەردەوام بە درێژایی ئەو 300 کیلۆمەترە بە پێی ئامار بە دەیان جار ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەبەزێنرێت، بە فڕۆکە و ڕۆکێت و تۆپ بارانیش دەکرێت، وە سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێرانیش ناتوانێت کۆنتڕۆڵ بکات.

تورکیا جیاوازی نێوان هێزەکانی ڕۆژئاوا و پەکەکە ناکات، پێی وایە ئەوانیش تیرۆرستن، زۆر جار لە کۆبانێ لێیان دەدات، تا ئێستا بەرپرسێکی هەرێم لەلایەن تورکیاوە نەکراوەتە ئامانج بۆیە ناتوانم بڵێم هەموو کورد بەیەک چاو سەیر دەکات، بە ئاشکرا ناڵێ دژی حیزبەکانی هەرێمم، وە نوێنەرایەتی هەیە، بەڵام بە ئاشکرا دەڵێت پەکەکە دوژمنی سەرسەختی منە، هەر کەسێک هەماهەنگ بێت لەگەڵ پەکەکە وەک هێزەکان لە شەنگال یان هەندێک جار لە پژاک دەدات کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن، بەڵام چەند جارێک ئەوانیشی شەهید کردووە چونکە پیێوایە هەماهەنگی پەکەکەن."

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەش دەکات، کە بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکەکانی تورکیا و ئێرانەوە زیاتر لە 400 گوند لە هەرێمی کوردستان چۆڵبوون و دەیان هاوڵاتی مەدەنییش گیانیان لەدەستداوە.

"زەرەرمەندی یەکەم لە تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا هاووڵاتیانی مەدەنین، کە زیاتر لە 400 گوند بەهۆی ئەو هێرشانەوە چۆڵ بوون، بە دەیان کەس بەبێ تاوان شەهیدبوون، خەڵک ناتوانن بچنەوە گوندەکانیان، حکومەتی عێراق هیچ ڕێککەوتنێکی نییە کە ڕێگە بدات بە تورکیا بێتە ناو خاکی عێراق، لە سەردەمی سەدام هەبووە، بەڵام دەڵێت دەتوانێت سوپای تورکیا بێتە ناو خاکی عێراق بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر و لە ماوەی 48 کاتژمێردا هێزەکانی بکشێنێتەوە، پەکەکەش لە ڕووی یاساییەوە مافی ئەوەی نییە لە خاکی عێراقەوە شەڕی تورکیا بکات و سنووری دەوڵەتی عێراق بەکاربهێنێت، ئەمە لە ڕووە یاساییەکەوە، بۆیە پێویستە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا و ئێران بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە تۆپبارانەکانیان بهێنن."

سنوور بەزاندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ناوخۆییەکان و تورکیا و ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە، ئەگەر پێشتر ئەو بۆردوومانانە تەنها بۆ سەر بنکە و چەکدارانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بوایە، ئێستا دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکان و پێگە مەدەنییەکان، تەنانەت لەناو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی ئەو هێرشەی مانگی سێی ئەمساڵ سوپای پاسدارانی ئێران کردییە سەر ماڵی بازرگانێکی دیاری شاری هەولێر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:24 0:00
XS
SM
MD
LG