Accessibility links

دانیمارک سێ کەس بە پلاندانان بۆ تیرۆر تۆمەتبار دەکات


داواکاری گشتی دانیمارک ڕۆژی دووشەممە دوو پیاو و ژنێکی تۆمەتبار کرد بە دەستخستنی دەمانچە و مادەی کیمیایی دروستکردنی تەقەمەنی کە پێدەچێت مەبەست لێی "هێرشێکی تیرۆریستی" بووبێت.

بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتی دانیمارک، سێ تۆمەتبارەکە، دوو پیاوی تەمەن 34 و 36 ساڵ و ژنێکی تەمەن 31 ساڵن و دانیشتووی ناوچەی هۆلبەک لە ڕۆژئاوای کۆپنهاگنن.

ئەو سێ کەسە بەشێکن لەو 14کەسەی کە لە مانگی دوو ساڵی2021لە دانیمارک و ئەڵمانیا و لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی پۆلیسی ئەو دوو وڵاتەدا دەستگیرکرابوون، ئۆپراسیۆنێک کە تێیدا بە گوتەی ئەوان ئەگەری هێرشێکی ئیسلامیان پووچەڵ کردبووەوە.

ڵیس ڵات نیڵێس، داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەو سێ کەسە چەندین چەک و تەقەمەنی ئۆپەراسیۆنییان دەستکەوتووە" دەشڵێت "جگە لەوەش ماددەی کیمیایی و کەرەستەیان دەستکەوتووە کە توانیویانە تەقەمەنی دروست بکەن کە پێمان وایە ئەوانە لە هێرشێکی تیرۆریستیدا بەکاردەهێنرێت".

بەپێی میدیاکانی دانیمارک، ئەو دوو پیاوە هەردووکیان بران و خەڵکی سووریان، ژنەکەش کە بە ڕەچەڵەک عێراقییە، هاوسەری یەکێک لەو پیاوانەیە.

داواکارانی گشتی ڕایانگەیاند کە دڵنیا نین ئامانجی پیلانەکەی ئەو سێ تۆمەتبارە چی بووە و تەنیا پێیانوایە ئەوان بە تەمای بەکارهێنانی تەقەمەنییەکان بوون لە جێگایەک لە دانیمارک یان دەرەوەی وڵاتدا.

ئەو سێ کەسە کە هەروەها تۆمەتبارکراون بە دابینکردنی دارایی چالاکییە تیرۆریستییەکان و یارمەتیدانی کەسێکی پەیوەندیدار بە داعشەوە، لە 6ی مانگی2ی ساڵی 2021دا دەستگیرکراون و لەو کاتەوە دەستبەسەرن.

داواکارانی گشتی داوایان کرد ئەگەر تۆمەتباران تاوانبار کران، ڕەوانەی وڵاتەکانیان بکرێنەوە و گوتیان ئەو ژنە کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەیە، دەبێت ڕەگەزنامەی دانیمارکی لێ بسەندرێتەوە.

ئۆفیسی داواکاری گشتی ڕایگەیاند لە دادگای هۆڵبەک لە 24ی مانگی هەشتەوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ کار لەسەر کەیسەکە دەکات.

XS
SM
MD
LG