Accessibility links

لە بۆسەیەکی داعشدا لە سوریا دەگوترێت 15 چەکداری لایەنگری حکومەتی سوریا کوژراون


ڕێکخراوی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند بۆسەیەکی جیهادییەکان بۆ پاسێک لە ناوچەیەکی دووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی دووشەممە کوژرانی لانیکەم 15 چەکداری ڕژێمی لێکەوتۆتەوە.

گرووپەکە ئاماژەی بەوەشکردووە دەستبەجێ ڕوون نییە ئەو کەسانەی کوژراون سەربازی ئاسایی سوپای سوریان یان سەر بە میلیشیاکانی هاوپەیمانی حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریان.

ئەو هێرشەی، کە گروپی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بانگەشەی دەکات، لەسەر ئەو ڕێگایە ڕوویداوە کە شاری ڕەقە، پایتەختی پێشووی داعش کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی کورددایە، بە شاری حومس، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتدایە، دەبەستێتەوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە چەند چەکدارێکی دیکەش لە بۆسەکەدا بە سەختی برینداربوون.

داعش لە بەیاننامەیەکدا کە باڵی پڕوپاگەندەی عەماق بڵاویکردووەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکدارەکانیان هێرشەکەیان ئەنجامداوە. داعش دەڵێت چەکدارەکانیان پێش ئەوەی پاسەکە بسوتێنن، تەقەیان لە 13 کەس کردووە کە لەناو پاسەکەدا بوون.

ئاژانسی هەواڵی حکومەتی فەرمی سوریا (سانا) پشتڕاستی کردەوە کە ١٣ کوژراون و لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، بۆسەکە لە نزیکەی کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی ئەنجامدراوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گوتی ئەوە کوشندەترین هێرشی لەوجۆرەیە لە دوای هێرشێکی هاوشێوە کە لە سەرەتای مانگی سێدا ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی 15 کەس لە ناوچەی پاڵمیرا.

XS
SM
MD
LG