تورکیا، کە زۆرجار لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە ڕۆژنامەنووسان خراپترین بارودۆخیان هەیە، دەیەوێت یاسایەکی نوێ دەربکات کە دەکرێت خەڵک بەهۆی بڵاوکردنەوەی "زانیاری نادروست" بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی بکات.
پڕۆژە یاساکە، کە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی دەسەڵاتدار ئەکەپە دەیانەوێت بەپەلە پەسەندی بکەن، تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و سایتەکانی ئینتەرنێت ناچار دەکات وردەکاری ئەو بەکارهێنەرانەیان ڕادەست بکەن کە گومانیان لێدەکرێت "زانیاری چەواشەکارانە بڵاوبکەنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە ڕێکخراوەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە سەرکوتکردنی ڕای ئازاد تۆمەتباری دەکەن ڕووبەڕووی یەکێک لە قورسترن هەڵبژاردنەکانی دەبێتەوە کە تا ئێستا ڕووبەڕووی بووبێتەوە لە دوای هاتنە سەرکاری نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر.
جگە مەترسی خرانە زیندان، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە یاسا نوێیەکەیان پێشێل دەکەن، دەکرێت کارتی ڕۆژنامەنووسیان لەدەست بدەن.
لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن هەوڵی داوە ڕێگری لە یاساکە بکات، ئاکەپە وهاوپەیمانەکانی لە پارتی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان، ناسراو بە مەهەپە، پێکەوە خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانن.
دکتۆر سەرفان ئوزۆن ئۆغڵو، لە زانکۆی بیڵگی لە ئەستەنبوڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە "حکومەت دەیەوێت پۆلیسی ڕاستی دروست بکات، لە هەمان کاتدا تەمومژاوییە لەسەر ئەوەی زانیاری ناڕاست چییە." یاساکە چۆن پێناسەی ناکات.
یاسا نوێیەکە تاکە سنوورداکردنی ئازادی ڕادەربڕین نییە لە تورکیا.
باری نائاسایی، کە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی دژ بە ئەردۆغان لە تەمموزی 2016ئەنجامدرا، بە پێی ڕاپۆرتی گرووپەکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی، یەکێک لە گەورەترین سەرکوتکردنی میدیایی لە مێژووی وڵاتەکەدا لێکەوتەوە.
هەفتەی ڕابردوو 16 ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەند بە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ەوە لە دیاربەکر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کە زۆرینەی کوردن، بەندکران.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی میدیایی سەربەخۆی P24، ئەمڕۆ زیاتر لە 67 ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی تورکیادان.
سەرچاوە: فرانس پرێس