Accessibility links

مەرجی پارتی بۆ لایەنە شیعەکان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەتی داهاتووی عێراق


دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەی لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە و بایکۆتکردنی پەرلەمان و حکومەت لەلایەن ئەو ڕەوتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت دانوستان لەگەڵ هێزە شیعەکان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەست پێبکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی لە فواد حسێن وەزیری دەرەوە و پەنگین ڕێکانی بۆ گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە شیعەکان پێکهێناوە، دەشیەوێت لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی لەسەر کێشەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە ماوەی چەند مانگێکە مایەی ناکۆکی یە لە نێوانیان ڕێکبکەوێت.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر، پارتی دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە کوردیەکان وەرەقەیەکی هاوبەشمان هەبێت و پێکەوە بچینە دانوستان لەگەڵ هێز و لایەنە شیعەکان، تا ئێستاش پارتی پێداگیرە لەسەر خواستە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان."

پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە، هەوڵیاندا پێکەوە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دروست بکەن، بەڵام دوای شکستهێنانی هەوڵەکانیان، لە پڕ موقتەدا سەدر بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت و پەرلەمان دەرکرد، لە کاتێکدا پارتی و عەرەبی سونە لەگەڵ ئەو هەنگاوەی سەدر هاوڕا نەبوون.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، عەرەبی سونە نایانەوێت هاوشێوەی سەدر دەستبەرداری پۆستە حکومی و پەرلەمانیەکانیان ببن، هەروەک پارتی دیموکراتی کوردستانیش چەند مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق داوەتە لایەنە شیعەکان.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، مەرجەکانی پارتی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکراکرد، گوتی"مەرجی یەکەمی پارتی، ڕاگرتنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقە دژی نەوت و گازی هەرێم، تا ئەوکاتەی دەگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، مەرجی دووەمی پارتی ئەوەبووە، گەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەدرێتە یەکێتی، نابێت بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەکە کاندید بکرێتەوە، لەبەرامبەر ئەو پۆستەشدا، پۆستە سیادی و وەزاریەکان بۆ پارتی بن."

ئامادەبوونی پارتی بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆک کۆمار بە مەرج، لە کاتێکدایە پێشتر ئەو حیزبە داوای پۆستەکەی دەکرد، بەڵام هێشتا وەڵامی هێزە شیعەکان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوون نیە.

شوان محەمەدی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، لە بارەی مەرجەکانی پارتییەوە بۆ لایەنە شیعەکان گوتی"ڕاگرتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم، خواستی حکومەتی هەرێم و دەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە."

لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیش، شوان محەمەد گوتی"پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەگەڵ یەکێتی قسەی هەیە، پێموایە لەکۆتاییدا دەگەینە ڕێککەوتن، پۆستەکە بۆ یەکێتی بێت و پارتی چی ببات، یاخود بۆ پارتی بێت و یەکێتی چی ببات، لەگەڵ یەکێتی لەیەکتێگەیشتن هەیە و لەکۆتاییدا دەگەینە ئەنجامێک."

هەرچەندە هێشتا یەکێتی بەفەرمی پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و دەستبەداربوون لێی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام لە حاڵەتی ڕێککەوتن دا لەگەڵ پارتی، لەتیف ڕەشیدی هاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی ئەو حیزبە، نزیکترین کاندیدە تا لەسەری ڕێککەوتن بکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:42 0:00
XS
SM
MD
LG