Accessibility links

زێلێنسکی سەردانی شارێکی باشووری وڵاتەکەی دەکات کە جەنگ وێرانی کردووە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی گەشتێکی دەگمەنی بۆ دەرەوەی کیێڤ ئەنجامدا و سەردانی شاری میکۆلایڤی کرد کە بەهۆی شەڕەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.

دوای ئەوەی نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر ڕووسیا هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەرپاکرد، ئەوە یەکەم سەردانی سەرۆکی ئۆکرانیا بوو بۆ ئەو شارەی باشووری وڵاتەکەی.

نووسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە زێلێنسکی ڕووپێوی بینایەکی بەرزی نیشتەجێبوون دەکات کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە ئەنجام دەدات. هەروەها سەردانی سەربازانی هێڵی پێشەوەی باشووری کرد. نوسینگەی سەرۆک ئاماژەی بەوە نەداوە کە کەی سەردانەکە ئەنجامدراوە.

له‌ سه‌ره‌تای مانگی 3 ەوە دوای گه‌یشتنیان به‌ ده‌وروبه‌ری پایته‌ختی ناوچه‌كه‌ له‌ میكۆلایڤ سه‌ربازانی ڕووسیا شکان و پاشەکشێیان کرد.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئۆکرانی دەڵێت "شەڕێکی قورس" لە گوندەکانی نزیک شاری سیڤیرۆدۆنێتسکی ڕۆژهەڵات ڕوودەدات، کە چەند هەفتەیەکە سەربازانی ڕووسیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن.

سێرگی گایدای پارێزگاری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی لوهانسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال میدیای تێلێگرام دەڵێت "ئێستا، توندترین شەڕەکان لە نزیک سیڤیرۆدۆنێتسکن. ڕووسەکان شارەکەیان بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکردووە." لە گوندەکانی نزیک ئەوێ شەڕی زۆر قورس ڕوودەدات؛ لە تۆشکیڤسکا، زۆلۆتێ هەوڵدەدەن هێزەکانمان بشکێنن بەڵام شکست دەهێنن. بەرگریکارەکانمان بە هەموو ئاراستەکانەوە شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان دەکەن. لەم دواییانەدا، فڕۆکەیەکیان خستە خوارەوە و فرۆکەوانەکەیان بە دیل گرتووە."

پارێزگارەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە سەربازانی ڕووسیا بە توندی تۆپبارانی لیسیچانسک دەکەن، کە شارێکە ڕووبەڕووی ڕووبارێک لە سیڤیرۆدۆنێتسک، کە تا ئێستاش لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە.

چەند ئەمەریکاییەك لە ئۆکرانیا بێسەروشوێنن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە نازانێت دۆخی سێ ئەمەریکی کە بەپێی زانیارییەکان بێسەروشوێنن دوای ئەوەی خۆبەخشانە چوون بۆ ئۆکرانیا بۆ شەڕکردن دژی ڕووسەکان.

میدیاکانی ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڤیدۆی ئەو دوو هاوڵاتیە ئەمریکیەیان بڵاوکردەوە کە دەیانوت لەکاتی شەڕدا لە ئۆکرانیا دەستگیرکراون، ئەمەش دەکرێت یەکەم پشتڕاستکردنەوە بێت کە ئەو دوو کەسە بە دیل گیراون.

ڕۆژنامەی ئیزڤێستیا لە ڕیی ماڵپەڕەکەیانەوە گرتە ڤیدیۆییەکیان پیشانداوە و دەڵێن چاوپێکەوتنێکی کورتە لەگەڵ ئاندی هۆینی تەمەن 27 ساڵ کە خەڵکی شاری هارتسێلی ویلایەتی ئەلابامایە. کەناڵی RT وێنەیەکی پیاوێکی بڵاوکردۆتەوە کە ناوی ئەلێکساندەر درۆکی تەمەن 39 ساڵە و خەڵکی شاری توسکالۆسایە لە ویلایەتی ئەلاباما.

ئەندامانی بنەماڵەکەیان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە ئەو دوو هاوڵاتییە ماوەی هەفتەیەکە لە ئۆکرانیا بێسەروشوێنن و ڕایانگەیاند کە ترسیان هەیە بە دیل گیرابن.

XS
SM
MD
LG